رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ستایشی ئۆڵۆمپیادی پاریس دەکات و بە "دەرفەتێکی گەورە بۆ پێشاندانی یەکگرتوویی جیهان" ناوی دەبات.
ئەمشەو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، "خۆشحاڵم کە لە رێوڕەسمی کردنەوەی ئۆڵمپیادی پاریس، چاوم بە سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن و بریجیت ماکرۆن، خانمی یەکەم[ی فەرەنسا] کەوت."
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "یارییەکان دەرفەتێکی گەورەن بۆ پێشاندانی یەکگرتوویی جیهان. پاریس جارێکی دیکە گیانی سرووشبەخشی خۆی بۆ کۆکردنەوەی جیهان پێشاندا."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ زیاتر لە 85 سەرکردەی دیکەی جیهان ئەمڕۆ لە ئیلیزێ لە لایەن سەرۆککۆمار و خانمی یەکەمی فەرەنساوە پێشوازییان لێکرا بۆ ئەوەی بەشداری لە رێوڕەسمی کردنەوەی گەورەترین رووداوی وەرزشی جیهاندا بکەن.
I’m delighted to have met President @EmmanuelMacron and First Lady Brigitte Macron, and attended the opening ceremony of the Paris Olympics. The Games are a remarkable showcase of global unity, and Paris has once again demonstrated its inspirational spirit in bringing the world… pic.twitter.com/vo6c3nobi8
— Nechirvan Barzani (@IKRPresident) July 26, 2024
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "سهرۆك نێچيرڤان بارزانى له پهراوێزى رێورهسمهكهدا چاوى به ژمارهيهك له سهرۆك، شا و سهركردهكانى جيهان كهوت، دواى ئهوهش پێكهوه بهشدارييان له دهستپێكردنى خولى يارييهكانى ئۆلۆمپيكدا كرد كه له كۆشكى شاييۆ له ناوچهى ترۆكادێرۆى پاريس به بهشداريى دهيان ههزار كهس له سهرانسهرى جيهانهوه بهڕێوهچوو."
یارییەکانی ئۆڵۆمپی گەورەترین کۆبوونەوەی وەرزشیی مرۆڤە لە سەرانسەری جیهان کە هەزاران رکابەر لە چەندین وەرزشی جیاجیادا لەخۆدەگرێت، وەک یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان، مەلەکردن، زۆرانبازی، پایسکیلسواری، تۆپی باسکە، تۆپی پێ و یارییەکانی دیکە کە ئارەزوومەندانی بینینی ریکۆردەکان بۆ خۆیان رادەکێشن.
یارییەکانی پاریس 2024 ئەمڕۆ 26ـی تەمموز بە رێورەسمێکی نایاب لە کەنارەکانی رووباری سەین کاژێر 20:30 بە کاتی باشووری کوردستان دەستیانپێکرد.
بەگوێرەی ئەوەی لیژنەی رێکخستنی یارییەکانی ئۆڵمپییەکان لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاندووە، پێشبڕکێکانی ئۆڵۆمپیاد بۆ ماوەی سێ هەفتە دەخایەنێن و لە رۆژی 11ـی ئاب کۆتاییان دێت.
لە ئۆڵۆمپیادی هاوینەی 2024ـدا لە 32 پێشبڕکێی وەرزشی ئۆڵۆمپیاددا رکابەری لەسەر 584 میدالیا زێڕ، زیو و برۆنز دەکرێت و 10 هەزار و 500 وەرزشوان لە 206 لیژنەی ئۆڵۆمپیی نیشتمانی بەشداری تێدا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ