ئەندامێکی پارتی کاری بەریتانیا بە تۆمەتی ناردنی 'نامەی سێکسی' بۆ بەرپرسان دەستگیر دەکرێت

26-06-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی پۆلیسی لەندەن پیاوێکیان دەستگیرکرد کە ئەندامی پارتی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەیە و "نامەی سێکسی'' بۆ بەرپرسان و یاسادانەرانی بەریتانیا ناردووە و داوای لێکردوون وێنەی رووتی بۆ بنێرن.
 
رۆژی چوارشەممە 26-06-2024 گوتەبێژێکی پۆلیسی لەندەن رایگەیاند "لە شارۆچکەی ئیزلینگتن، باکووری لەندەن پیاوێکمان دەستگیرکرد کە سەرەتای ساڵی 2024 بە هەژماری ژنان، نامەی سێکسی بۆ بەشێک لە بەرپرس و یاسادانەرانی بەریتانیا ناردبوو."
 
ئەو گوتەبێژە هەروەها دەڵێ "ئەو پیاوە لە بیستەکانی تەمەنیدایە و لەژێر یاسای پارێزگاریی سەرهێڵ [ئۆنڵاین] دەستگیرکراوە و ئێستا دەستبەسەرە."
 
هەرچەندە پۆلیسی لەندەن بە فەرمی نەیگوت ئەو پیاوە سەر بە چ لایەنێکە، بەڵام میدیای ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە "سەر بە پارتی کارە."
 
 پارتی کار لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ئەمساڵی بەریتانیا سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێنا و چاوەڕوان دەکرێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە 04-07-2024، ببێتە پارتی زۆرینە و جێ بە پارتی پارێزگاران لەقبکات.
 
پۆلیسی لەندەن لەسەر تۆمەتەکانی بەکارهێنانی هەژمار بەناوی ژنان، ناردنی نامەی سێکسی و فریودان لە مانگی چواری ئەمساڵ، دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد. لێکۆڵینەوەی پۆلیس دوای ئەوە هات کە ئەندام پەرلەمانێکی ئەو وڵاتە سکاڵای تۆمارکرد، دواتر پۆلیس بۆی دەرکەوت 12 کەسی دیکەی بەناوبانگ کەوتوونەتە ئەو تەڵەیەوە.
 
بەگوێرەی پۆلیس، ئەو کەسە لەژێر ناوەکانی (چارلی) و (ئابی) نامەی وروژێنەر و وێنەی سێکسی بۆ پەرلەمانتاران ناردووە و داوای لێکردوون ئەوانیش وێنە و گرتەی رووت و نەشیاوی خۆیانی بۆ بنێرن.
 
ئەو پیاوە سەرەتا نامەی بۆ ئەو کەسانە ناردووە و بەوە دەستیپێکردووە "بیرتە لەو ئاهەنگە یەکمان بینی و قسەی خۆشت بۆ دەکردم؟"
 
رۆژی 08ـی نیسانی 2024 ویلیام راگ، ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا لەسەر پارتی پارێزگاران دانی بەوەدانا ژمارەی چەند ئەندام پەرلەمانێکی دیکەی بۆ ئەو کەسە ناردووە و بەو هۆیەوە دەستی لەکارکێشایەوە. 
 
راگ لەبارەی هۆکاری ناردنی ژمارەی هاوکارەکانی گوتی "وێنەی رووتی خۆمم بۆ ناردبوو، هەڕەشەی لێمکرد. ترسام، شەرمەزارم و بەداخەوەم لاوازیی من ئازاری بە خەڵکی دیکە گەیاند."
 
بەگوێرەی وێبسایتێکی میدیای بەریتانیا، ئەوانەی کەوتوونەتە داوی ئەو پیاوە سێ پەرلەمانتار، ئەندامێکی حکومەت، دوو رۆژنامەڤانی سیاسی، پێشکێشکارێکی تەلەڤیزیۆنی و چەند ئەندامێکی پارتە سیاسییەکانن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە