جیهان
چەکێکی ئەمریکی بەدەست سەربازانی ئۆکراینییەوە لە ناوچەی دۆنێتسک. وێنە: وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا
رووداو دیجیتاڵ
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی بایی شەش ملیار دۆلار کەرەستەی سەربازی بۆ ئۆکراینا دەنێرێت. ئەوەش لە کاتێکدایە کە واشنتن دەیەوێت پەلە لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بکات کە بەهۆی وەستانی چەندین مانگی یارمەتییەکانی ئەمریکاوە لە کۆگەکانی چەکی کیێڤدا دروستبووە.
ئەمە دووەم پاکێجی یارمەتییە لە ماوەی یەک هەفتەدا رادەگەیێندرێت، دوای ئەوەی پاکێجی یەکەمی یارمەتییەکە بایی یەک ملیار دۆلار بوو. ئۆستن بە رۆژنامەڤانانی گوت، "دڵخۆشم ئەمڕۆ بەڵێنی شەش ملیار دۆلاری دیکە لە رێگەی دەستپێشخەریی یارمەتیی ئەمنیی ئۆکرایناوە رادەگەیێنم. ئەمە گەورەترین پاکێجی یارمەتییەکانە تاوەکو ئێستا رامانگەیاندبێت."
هەروەها ئۆستن باسی لەوەش کرد، یارمەتییەکە مووشەکی سیستمی بەرگری، سیستمی دژە درۆن، گولـلە تۆپ و پشتیوانیی دیکە لەخۆدەگرێت.
لە شوباتی 2022ەوە ئەمریکا یارمەتیدەری سەرەکیی ئۆکراینا بووە لە شەڕی دژی رووسیادا. تاوەکو ئێستا واشنتن بایی زیاتر لە 44 ملیار دۆلار چەک و تەقەمەنی بە ئۆکراینا داوە، ئەوە جگە لە یارمەتیی ئابووری و مرۆیی.
نزیکەی ساڵێک بوو، کۆنگرێس بەهۆی ناکۆکییەکانییەوە نەیتوانیبوو هیچ یارمەتییەکی نوێ بۆ کیێڤ پەسند بکات، بەڵام دواجار شەممەی رابردوو، دوای چەندین مانگی پڕ لە مشتومڕ، هەنگاوەکەی نا.
20ی نیسان، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژە یاسایەکی پەسندکرد بۆ ئەوەی 95 ملیار دۆلار بۆ یارمەتییە دەرەکییەکان تەرخانبکرێت، لە نێویدا 61 ملیار دۆلار بۆ ئۆکراینا. سێشەممەی ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی پیرانیش پەسندیکرد و بایدنیش رۆژی دواتر واژۆی کۆتایی لەسەر کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ