بایدن دەڵێت "بە خۆشحاڵییەوە" دیبەیت لەگەڵ ترەمپ دەکات

26-04-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئامادەیە لە دیبەیتێکدا رووبەڕووی دۆناڵد ترەمپی رکابەری بێتەوە. 
 
بایدن بەربژێری دیموکراتەکان و ترەمپیش بەربژێری کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە 5ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت.  
 
دیبەیتی نێوان بەربژێرەکان هەمیشە قۆناخێکی گرنگی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بووە کە دەکرێت لە رێگەیەوە دەنگدەران زیاتر شارەزای روانگە و بیرکردنەوەی بەربژێرەکان بن. 
 
ماوەی چەندین مانگە تیمەکەی بایدن خۆی بەدوورگرتووە لەوەی باسی نەریتەکە بکات. 
 
دیبەیتەکە لە بەردەم کۆمەڵە کەسانێک دەکرێت. 
 
رۆژی هەینی بایدن بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "بە خۆشحاڵییەوە دیبەیتی لەگەڵ دەکەم، لە شوێنێک، نازانم کەی".
 
لە وەڵامی قسەکانی بایدندا، چیس لاسیڤیتا، راوێژکاری تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی: "باشە، با رێکی بخەین!"
 
لە هەڵبژاردنی بەراییدا، لە کاتی دیاریکردنی بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکاندا ترەمپ رەتیکردەوە لە هیچ دیبەیتێکدا لەگەڵ رکابەرەکانیدا بەشدار بێت، بەڵام پەرۆشیی خۆی بۆ دیبەیتکردن لەگەڵ بایدن دەربڕی کە ساڵی 2020 هەڵبژاردنەکەی لە بەرامبەر دۆڕاند. 
 
ئەمساڵ ترەپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گوتی، "هەرکاتێک، لە هەر کوێیەک، لە هەر شوێنێک" ئامادەیە لەگەڵ بایدن دیبەیت بکات. 
 
بایدن کە ترەمپ بە هەڕەشە بۆ سەر دیموکراسی دادەنێت، مانگی رابردوو بە رۆژنامەڤانانی گوت، رێککەوتن لەسەر دیبەیت، بەندە لەسەر "هەڵسوکەوتەکانی" ترەمپ.
 
لیژنەی بێلایەنی دیبەیتە سەرۆکایەتییەکان سێ کات و شوێنی بۆ ترەمپ و بایدن دیاریکردووە بۆ ئەوەی رووبەڕووی یەکدی ببنەوە. 
 
شوێنەکان لە زانکۆکانی ناوچە جیاجیاکانی ئەمریکان و کاتەکانیش دەکەونە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەم. 
 
بەڵام ترەمپ گلەیی لە لیژنەکە هەیە و بەوە تۆمەتباری دەکات کە ساڵی 2020 لایەنگری بایدنی کردووە، کاتێک بەنیاز بوو دیبەیتی سێیەم و کۆتایی بەهۆی پەتای کۆرۆنا بە شێوەی ئۆنلاین بکرێت. 
 
ترەمپی سەرۆکی ئەو کات، تەنیا سێ رۆژ پاش تووشبوونی بە کۆرۆنا، لە دیبەیتی دووەمدا بەشدار بوو. 
 
بایدن ئەو کات گوتی، بە شێوەی رووبەڕوو لە دیبەیتێکی دیکەدا لەگەڵ ترەمپ بەشدار نابێت ئەگەر هێشتا نەخۆش بێت. 
 
دەکرێت دیبەیت ببێتە دەرفەتێکی سوودبەخش بۆ ترەمپی 77 ساڵان و بایدنی 81 ساڵان تاوەکو هێز و لێهاتوویی خۆیان پیشانبدەن. 
 
ترەمپ هێشتاش بایدن بە "جۆی خەواڵوو" ناودەبات؛ ترەمپیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گاڵتەی پێ دەکرێت بەهۆی ئەوەی لە کاتی دادگاییکردنیدا لە نیویۆرک وا دیاربوو خەوی لێدەکەوێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە