رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی تورکیا دەڵێت، سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بۆ ئەمریکا دواخراوە، کە بڕیاربوو 9ی ئایار لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبێتەوە.
ئەوە دەبووە یەکەمین کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆکەکە لە کۆشکی سپی. دوایین کۆبوونەوەشیان تەممووزی پار بوو لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە لیتوانیا.
بەرپرسێکی تورکیا کە نەیویستوە ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند: "ئەو سەردانەی کە بۆ 9ی مانگ دانرابوو، بەهۆی گۆڕانێک لە کارنامەی ئەردۆغاندا دواخرا".
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دوای گفتوگۆی تەلەفۆنیی نێوان هەردوو سەرۆک، "رۆژێکی دیکە دیاری دەکرێت".
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا هەرگیز بە فەرمی سەردانەکەی رانەگەیاندبوو، بەڵام مانگی ئادار بەرپرسێکی تورکیا بە میدیاکانی گوت، 9ی ئایار ئەردۆغان دەچێتە کۆشکی سپی.
تورکیا و ئەمریکا، وەک دوو ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ، لە هەوڵی بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکانیاندان کە بەهۆی ژمارەیەک ناکۆکی، لە نێویاندا دواکەوتنی تورکیا لە پسەندکردنی بەئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ، ئاڵۆزییان تێکەوت.
"پشتیوانیی بێمەرج"
رەخنەی تووندی ئەردۆغان دژی ئیسرائیل لە بەرامبەر هێرشە خوێناوییەکانی بۆ سەر غەززە، بوونەتە تەگەرەیەکی دیکەی بەردەم پەیوەندییەکانی واشنتنی هاوپەیمانی تەلئەڤیڤ و ئەنقەرە.
ئەردۆغان چەند جارێک بنیامین نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیرانی ئیسرایلی بە ئەدۆڵف هیتلەر چوواندووە و ئەمریکاشی بە پشتیوانیکردنی "جینۆسادی" فەلەستینییەکان تۆمەتبارکردووە.
رۆژی هەینی، ئەردۆغان لە ئیستەنبووڵ نەتەنیاهووی بە "قەسابی غەززە" ناوبرد.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "نەتەنیاهوو، وەک شەڕەنگێزەکانی پێش خۆی، وەک قەسابی غەززە، ناوی خۆی بە مەرەکەبی شەرمەزاری لە مێژوودا نووسیوە،" هەروەها لە بەرامبەر "پشتیوانیی سەربازی و دیپلۆماسیی بێمەرج" بۆ ئیسرائیل، رەخنەی لە واشنتن گرت.
ئەردۆغان هەروەها قسەی تووندی دژی کۆنگرێسی ئەمریکا کرد لە بەرامبەر تەرخانکردنی 13 ملیار دۆلاری دیکە بۆ یارمەتیدانی ئیسرائیل.
سەرەتای ئەم مانگە، حکومەتی تورکیا رایگەیاند، کۆتوبەند دەخاتە سەر هەناردەی تورکیا بۆ ئیسرائیل.
ئەم مانگە، ئەردۆغان لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس کۆبووەوە.
حەماس لە لایەن ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا و ئیسرائیلەوە بە رێکخراوێکی "تیرۆریست"ی پۆلێنکراوە.
ئەردۆغان رۆژی هەینی جەختی لە هەڵوێستی خۆی کردەوە و گوتی: "ناتوانین تەنیا لەبەر دڵی ئیسرائیل و پشتیوانکارە رۆژئاواییەکانی، یەکێک بین لەوانەی حەماس بە رێکخراوێکی تیرۆریستی دادەنێن."
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوە کرد، ئەنقەرە وەک "برا" لە ئەندامانی حەماس "دەڕوانێت کە دژی داگیرکاران بەرگری لە نیشتمانی خۆیان دەکەن".
دوایین سەردانی ئەردۆغان بۆ کۆشکی سپی، لە ساڵی 2019 بوو لە سەردەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ