رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی دوو هەفتەدا، بۆ دووەم جار سوودانی روو دەکاتە ئەوروپا. دوو هەفتە لەمەوبەر، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەڵمانیا سەرپەرشتیی واژۆکردنی رێککەوتنێکی بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی کارەبای عێراق کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26-1-2023 لە کۆشکی ئیلیزێ، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن سەرۆککۆماری فەرەنساوە پێشوازی لێدەکرێت، تەوەری گفتوگۆکانیشیان پرسەکانی وزە و ئاسایش دەبێت.
پێش بەڕێکەوتنی بۆ پاریس، سوودانی بە میدیای فەرەنسی گوت، دەیەوێت رێککەوتنەکانی نێوان عێراق و فەرەنسا چالاکبکات، یەکێکیان رێککەوتنێکی 27 ملیار دۆلاریی ساڵی 2021ی نێوان بەغدا و کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیی فەرەنسییە، کە بەهۆی ناکۆکیی وەزارەتەکانی کابینەی پێشووی عێراق، جێبەجێنەکرا.
فابریس بالانش، پسپۆڕی پەیوەندییەکانی فەرەنسا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، "بۆ فەرەنسا، ئێمە چاوەڕێی بەدەستهێنانی زۆر شت لەم سەردانە دەکەین، چونکە دەمانەوێت گرێبەستمان لەگەڵ عێراق هەبێت، بەتایبەتی بۆ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی کە کۆمپانیای فەرەنسیی سەرەکییە. ساڵی رابردوو، گرێبەستێکمان لەگەڵ عێراق واژۆکرد، بەڵام بەداخەوە هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی نەنراوە. بۆیە بەڕێز ماکرۆن چاوەڕێی ئەوە دەکات بەم سەردانە ئەو رێککەوتنە واژۆ بکرێت."
سوودانی کە سەرۆکایەتیی کابینەیەک دەکات زۆربەی پارتەکانی لایەنگری ئێرانی تێدان، دەیەوێت عێراق لە پرسی وزەدا سەربەخۆتر بێت، لە کاتێکدا کە یەک لەسەر سێی گاز و کارەباکەی لە ئێرانەوە هاوردە دەکات.
ماکرۆن، ئەو سەرۆککۆمارەی کە لە نێو وڵاتانی ناوچەکە بەدیاریکراوی سەرنجی خستووەتە سەر عێراق و لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا دوو جار سەردانی کردووە، مانگی رابردوو لە کۆنفرانسی بەغدا دوو لە ئوردن گوتی، پێویستە رێچکەی عێراق لە دەرەوە بۆی دیارینەکرێت.
د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق دەڵێت، چاوەڕوانی یەکەمی فەرەنسا لە سوودانی دروستکردنی پردی متمانەیە لەنێوان بەغدا و پاریسدا. ئەوەی سوودانیش لە پاریسی چاوەڕوان دەکات، ئەوەیە کە تاوەکو چەند دەتوانێت وەڵامی چاوەڕوانییەکانی ئەو بداتەوە بەتایبەتی لەسەر ئاستی جیۆپۆلەتیک و سیاسەتی جیهانی.
بەگوێرەی سەرۆکوەزیرانی عێراق "راهێنان و بەرەوپێشبردنی توانا ئەمنییەکانی عێراق، هەروەها کڕینی چەک،" بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دەبێت لەگەڵ ماکرۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ