جەواد زەریف گەیشتە شوێنی کۆبوونەوەکانی لووتکەی جی7

25-08-2019
حەکیم داود
نیشانەکردن چی7
A+ A-

رووداو - هەولێر

سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا گەیشتنی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانی بۆ کۆبوونەوەکانی لووتکەی جی7 لە بیاریتزی فەرەنسا پشتڕاستکردەوە.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی فەرەنسا، جەواد زەریف دەچێتە شوێنی کۆبوونەوەکانی جی7 بەڵام پلانی کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ئەمریکا دانەنراوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی شەش وڵاتی دیکەی زلهێزی جیهان لەو شارەن کە جەواد زەریف سەردانی کردووە.

سەردانەکەی زەریف هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لەبارەی پرسی ئەتۆمی.

عەباس موسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، سەردانەکەی زەریف بۆ بەردەوامیدانە بە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو سەرۆکەکانی ئێران و فەرەنسا لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی.

رۆژی هەینی محەممەد جەواد زەریف پێشوازی لە پێشنیازەکانی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران کردبوو بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەبارەی پرسی ئەتۆمی و رایگەیاندبوو، ئەوە هەنگاوێکی دروستە بەڵام پێویستە کاری زیاتر بکرێت.

هەفتەی رابردوو زەریف سەردانی پاریسی کرد و کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ماکرۆن  بە "باش" ناوبرد. راشیگەیاندبوو، ئەو رێگەچارانەی باسیان کردوون، ئیمانوێل ماکرۆن لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا تاوتوێی دەکات بۆ ئەوەی بزانن دەتوانن بگەنە کوێ.

پێشتر جەواد زەریف لە پەیامێکدا داوای لە وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت فەرەنسا و ئەڵمانیا کرد کە بەبێ بەشداری ئەمریکاش ئەوروپا و ئێران دەتوانن پرسی ئەتۆمی چارەسەربکەن. ئەوەش لەکاتێکدا ئەمریکا لایەنی سەرەکی گفتوگۆکانی رێککەوتنەکەی ساڵی 2015 بوو کە لە سەردەمی باراک ئۆباما واژۆکرا و  ساڵی رابردوو دۆناڵد ترەمپ تاکلایەنە لە رێککەوتنە کشایەوە.

جەواد زەریف گوتی "پێموانییە هەموو کارتەکان لەلای ئەمریکا بن. ئەگەر ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕیاربدەن لەسەر ئەوە، ئەوا لەڕاستیدا دەتوانن هەنگاوی پێویست بۆ هێشتنەوەی رێککەوتنەکە بگرنەبەر".

دوای کشانەوە لە رێککەوتنەکە، ئیدارەی ترەمپ سزای قورسی ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاند، یەکێک لەوانەش قەدەخەی کڕینی نەوتی ئێرانە کە دەیەوێ فرۆشی نەوتەکەی بگەیێنێتە سفر.

ئیدارەی ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەکات دەیەوێ لەڕێگەی گەمارۆکانەوە تاران ناچاربکات بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام بەرپرسانی ئێران گەمارۆ و سزاکانی واشنتن بۆ سەر وڵاتەکەیان بە "تیرۆری ئابووری" ناودەبەن و دەڵێن، ئەمریکا دەیەوێ شەڕ هەڵبگیرسێنێت نەک گفتوگۆ بکات.

سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، کەنەدا، ئیتاڵیا و ژاپۆن لە چوارچێوەی لووتکەی جی7 لە شاری بیاریتزی فەرەنسا کۆدەبنەوە. 

پێشتر لووتکەکە ناوی جی8 بوو، بەڵام دوای ناکۆکییەکانی نێوان رووسیا و رۆژئاوا، بڕیاردرا رووسیا لە لووتکەکە بکرێتەدەرەوە.

گرووپی 7 ئەو وڵاتانە لەخۆدەگرێت کە خاوەن هێزی گەورە و ئابووری بەهێزن و کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر بڕیارەکانی جیهان هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە