رووداو نێوەڕۆکی رێککەوتنی ئەڵمانیا و عێراق لەسەر گەڕاندنەوەی کۆچبەران ئاشکرا دەکات

25-05-2024
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
ژمارەیەک کۆچبەر لە ئەڵمانیا.
ژمارەیەک کۆچبەر لە ئەڵمانیا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەڵمانیا و عێراق رێککەوتنێکیان لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانە واژۆ کردووە کە مافی مانەوەیان وەرنەگرتووە و پێویستە لەسەر خواستی خۆیان بگەڕێندرێنەوە عێراق. هاونیشتمانییەک کە دوای زیاتر لە پێنج ساڵ داوای مانەوەکەی رەتکراوەتەوە دەڵێت، ''بەهیچ شێوەیەک ناگەڕێمەوە''.
 
رێککەوتنەکە لە 14 خاڵ پێکهاتووە و سەرەتای ساڵی 2023 لە نێوان محەممەد شیاع سوودانی و ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا واژۆ کراوە و هەردوو لایەن بۆ نەهێشتنی کۆچی نایاسایی و هاوئاهەنگیکردن بۆ گەڕاندنەوەی ژمارەیەک لە کۆچبەرانی عێراقی کۆکن.
 
زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیای رووداو، بۆ پرسی گەڕاندنەوە و گەڕانەوەی دڵخوازی کۆچبەران پرسیاری لە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا کردووە و بە نووسراو وەڵامیان داوەتەوە کە، ''لە 31ـی ئاداری 2024، 279 هەزار و 49 هاووڵاتیی عێراقی [و هانویشتمانیی هەرێمی کوردستان] لە ئەڵمانیا دەژین کە 22 هەزار و 757 کەسیان مافی مانەوەیان پێ نەدراوە''.
 
بەپێی وەڵامەکەی وەزارەتی ناوخۆ، تەنیا لە سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، 222 کەس گەڕێندراونەتەوە عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
رووداو زانیویەتی، بەپێی رێککەوتنی نێوان دوو وڵاتەکە، کارمەندانی باڵیۆزخانەی عێراق لە هەرێمی بایانی ئەڵمانیا، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامە و سەڵماندنی وڵاتینامەکانیان، لێپرسینەوە لە کۆچبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
بەپێی زانیارییەکانی فەرمانگەی کۆچ و گەڕاندنەوەی هەرێمی بایانیش، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 31-03-2024، 77 کەس  لە هەرێمەکەوە گەڕێندراونەتەوە عێراق و سێ هەزار و 918 کەسی دیکەش هەن کە پێویستە ''دیپۆرت'' بکرێنەوە، هەروەها 288 کەس لەو هەرێمە بە ویستی خۆیان گەڕێندراونەتەوە عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
ماردین محەممەد، خەڵکی سلێمانی، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە، نزیکەی پێنج ساڵ و شەش مانگە لەو هەرێمە دەژین، بەڵام داوای پەنابەرێتییەکەی رەتکراوەتەوە.
 
ماردین قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، لەلایەن کارمەندانی باڵیۆزخانەی عێراق لێپرسینەوەی لێ کراوە و ''شتێک وەکو شووشە لەنێوانمان بوو، بەهیچ شێوەیەک من ئەو کەسانەم نەبینی، بە قسەی خۆیان لە بەغداوە هاتوون و کۆمەڵێک پرسیاریان بە کوردی لە من کرد.''
 
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوە کرد، ''بە ئێمەیان گوت بڕیارێک دەرچووە، تەنانەت کەیسەکەمیان لەبەر دەست بوو، گوتیان دادگەی ئەڵمانیا بڕیاری داوە کە من بگەڕێندرێمەوە بۆ عێراق، پرسیاری ئەوەشیان کرد کە تۆ دەتەوێت بگەڕێیتەوە؟ لە وەڵامدا گوتم نەخێر بە هیچ شێوەیەک ئامادە نیم.''
 
ئەڵمانیا لەسەر داوای عێراق نێوەرۆکی رێککەوتنەکە ئاشکرا ناکات، بەڵام کۆپییەکی دەست رووداو کەوتووە و تێیدا هاتووە کە دوای رەتکردنەوەی دۆسیەکەیان، پەناخوازان بە ''دڵخواز''ـی خۆیان دەگەڕێندرێنەوە عێراق.
 
بەپێی رێککەوتنەکە، کار بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەر و پەناخوازان دەکرێت، دەبێ ئەو کەسانەی کە دەگەڕێندرێنەوە، ئاوێتەی کۆمەڵگە بکرێن، پەرە بە کۆچی یاسایی بدرێت، ئاسانکاری بکرێت بۆ پێدانی ڤیزە و هاتنی خوێندکاران بۆ ئەڵمانیا، هەروەها تێیدا باس لەوە کراوە، هیچ لایەنێک تاک لایەنە رێکاری گەڕانەوەی هیچ کەسێک ناگرێتەبەر.
 
هەروەها لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، هەر دوو وڵات ویستیان بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری هەیە بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەر یەک لەو دوو وڵاتە دەتوانن کۆتایی بە رێککەوتنەکە بهێنن، بەڵام دەبێ سێ مانگ پێشتر، لایەنی بەرامبەر ئاگادار بکەنەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە، 25-05-2024، عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەنیا ئەو کۆچبەرانە لە ئەڵمانیاوە دەگەڕێندرێنەوە کە داوای پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە.
 
عەلی عەباس گوتیشی، حکومەت "دەیەوێت بە سەربەرزییەوە ئەو پەنابەرانە بگەڕێنێتەوە کە داوایان رەتکراوەتەوە.. و پێداگیری لە گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەی پەنابەران دەکات''.
 

داڕشتنەوەی هەواڵ: پەیمان محەممەد

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە