رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەکانی جیهان لە 79یەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لە پێویستیی وەستاندنی جەنگی غەززە دەکەنەوە کە ماوەی زیاتر لە 11 مانگە بەردەوامە و بووەتە هۆی کوژرانی سەرووی 40 هەزار و 200 فەلەستینی، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
ئەلبێرتۆ ڤان کالڤێرن ستۆرک، وەزیری دەرەوەی چیلی لە بارەگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە ئەمریکای گوت: "ئێمە زۆر جەخت لەسەر پێویستیی هەبوونی ئاگربەست لە غەززە دەکەینەوە،" گوتیشی، "ئەو دۆخەی لەوێ هەیە، پێویستە کۆتاییبێت."
وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەی ئەمریکای باشوور هەروەها "نیگەرانی" خۆی بەرامبەر بە دۆخی لوبنان نیشان دا، کە لە چەند رۆژی رابردوودا، بەهۆی شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل، گرژیی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە.
هەروەها لیۆگانگ کواپێ، وەزیری دەرەوەی بۆتسوانا بە رووداوی گوت: "خەڵکی فەلەستین بە دیاریکراوی، شایستەی ئەوەن دەوڵەتی خۆیان لە تەنیشت ئیسرائیلەوە هەبێت. ئێمە بڕوامان وایە ئەوان مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە،" داواشیکرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی "لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت و چارەسەرێک بۆ ئەوە بدۆزێتەوە."
هاوکات ئێدواردۆ ئێنریک رەینا، وەزیری دەرەوەی هۆندوراس باسی لەوە کرد، وڵاتەکەی "زۆر نیگەرانی دۆخی خەڵکی فەلەستینە."
وەزیری دەرەوەی هۆندوراس بە رووداوی گوت: "بێگومان ئێمە لە دۆخی ئەمنیی ئیسرائیل و هەوڵی گرووپە تیرۆرستییەکان تێدەگەین کە ئێمە سەرکۆنەیان دەکەین. بەڵام زۆر گرنگە کە دۆخی خەڵک، بە دیاریکراویش منداڵ و ژنان چارەسەر بکرێت."
کۆبوونەوەی ئەم جارەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێر دروشمی: "بەجێنەهێشتنی هیچ کەس: پێکەوەکارکردن لە پێناو بەرەوپێشبردنی ئاشتی، گەشەی بەردەوام و شکۆی مرۆڤ بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو" دەکرێت.
سەرکردەکانی جیهان لە کاتێکدا کۆدەبنەوە کە جەنگی خوێناوی بەرۆکی چەندین شوێنی گرتووەتەوە، سەرەکیترینیان غەززە، لوبنان، ئۆکراینا و سوودان.
وەزیری دەرەوەی بۆتسوانا بە رووداوی گوت: "پێموایە بە سازان، وڵاتان دەتوانن باشتر ململانێکان چارەسەر بکەن."
هاوتا هۆندوراسییەکەی ئاماژەی بەوە کرد، نەتەوە یەکگرتووەکان لە چارەسەکردنی ئەو ململانێیانەدا "رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە. چونکە ئەمە تاکە رێگەیە بۆ برەودان بە دانوستاندن و نێوەندگیری لە ململانێکاندا بەڵام ئەوە زۆر پەیوەندیی بە خواستی سیاسیی وڵاتانەوە هەیە، بە دیاریکراویش ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاساییش، گوتیشی: "دەبێت سازانێک لە نێوانماندا دروستبکەین بۆ ئەوەی بتوانین مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسانەدا بکەین."
وەزیر دەرەوەی چیلیش گوتی، نەتەوە یەکگرتووەکان "رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە بەڵام پێویستی بە پشتیوانیی ئەنجوومەنی ئاساییش هەیە، کە لەوێدا کێشەمان هەیە بەهۆی دەسەڵاتی ڤیتۆکردن، کە لەلایەن زلهێزە جیاجیاکانەوە بەکاردەهێنرێت بەگوێرەی هەر ململانێیەک.
ژۆن کلۆد گاکسۆ، وەزیری دەرەوەی کۆماری کۆنگۆش لە کاتی قسەکردنی بۆ رووداو، هیوای خواست "ئاشتی بۆ ئەورووپا بگەڕێتەوە."
ئەو دیپلۆماتە ئەفریقییە گوتیشی: "ئەورووپا شوێنی دەستپێکردنی یەکەمین جەنگی جیهانی بووە کە 40 ملیۆن قوربانی لێکەوتەوە. هەروەها ئەوروپا شوێنی دووەم جەنگی جیهانی بووە، کە تێیدا بەداخەوە جینۆساید لە دژی گەلی جوو کرا. ئێستاش ئەورووپا جێگەی ئەم شەڕەی نێوان رووسیا و ئۆکراینایە، سەرەڕای لێکەوتەکانی لەسەر ئاستی جیهان. ئیدی پێویستە ئەوروپیەکانیش تێبگەن کە تەنیا ئەوان لەسەر رووی ئەم زەوییە نین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ