رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەڵمانیا بەردەوامە لە گەڕان بەدوای ئەو پیاوەی لە فێستیڤاڵێکی شاری زۆلینگن، سێ کەسی بە چەقۆ کوشت و هەشتی دیکەی بریندارکرد. پۆلیس دەڵێت، بە دووری نازانن، هێرشەکە پاڵنەری "تیرۆرستی" هەبێت.
شەوی هەینی، پیاوەکە بە چەقۆ پەلاماری خەڵکی سەر شەقامەکانی شاری زۆلینگنی لە رۆژئاوای ئەڵمانیا دا، لە کاتێکدا هەزاران کەس بۆ بەشداریکردن لە "فێستیڤاڵی فرەچەشنی" کۆببوونەوە، کە بەشێک بوو لە زنجیرەیەک ئاهەنگ بە بۆنەی ساڵیادی 650ـەمینی دامەزراندنی شارەکە.
ئەمڕۆ (شەممە، 24-8-2024) پۆلیس رایگەیاند، کەسێکیان دەستگیرکردووە. دواتر بەرپرسانی ئەڵمانی گوتیان کەسەکە تەمەنی 15 ساڵە و گومانی لێ دەکرێت پەیوەندیی بە چەقۆکێشەکەوە هەبووبێت.
مارکۆس کاسپەرس، داواکاری گشتیی دۆسلدۆرف گوتی "هێرشکارەکە هێشتا نەدۆزراوەتەوە. ئێمە تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە پاڵنەری هێرشەکەش بدۆزینەوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی هەموو هەلومەرجەکان، خەمڵاندنمان ئەوەیە؛ هەبوونی پاڵنەرێکی تیرۆرستی، بە دوور نازانرێت."
ئەوانەی کوژران دوو پیاوی تەمەن 56 و 67 ساڵان و ژنێکی 56 ساڵان بوون.
کاسپەرس گوتی "هیچ نزیکییەک لەنێوان قوربانییەکاندا نییە و یەکدیان نەناسیوە، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە، گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی؛ دەکرێت ئەمە هێرشێکی تیرۆرستی بێت."
بە گوتەی بەرپرسانی ئەڵمانی، چوار لەو کەسانەی بریندارن، لە دۆخێکی "مەترسیدار" دان.
تۆرستن فلەیس، سەرۆکی ئەو تیمەی پۆلیس کە بەدوای گومانلێکراوەکەدا دەگەڕێت، بە رۆژنامەڤانانی گوت "دوای شیکارکردنی وێنە سەرەتاییەکان، گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی؛ لەم هێرشەدا ملی خەڵک کراوەتە ئامانج."
نانسی فیزەر، وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا گوتی "دەزگا ئەمنییەکان هەر کارێکیان لەدەستبێت، دەیکەن بۆ ئەوەی تاوانبارەکە دەستگیربکەن." هاوکات ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری وڵاتەکە گوتی، "پێویستە تاوانبارەکە دەستگیربکرێت و سزابدرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ