هاریس لەسەر سیاسەتی دەرەوە پێداگری و لەسەر غەززە هاوسەنگی نیشاندەدات

24-08-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کامالا هاریس بەڵێن بە دەنگدەرانی ئەمریکا دەدات ئەگەر ببێت بە سەرۆک، لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا تووند بێت، لەکاتێکدا هەوڵ دەدات سیاسەتێکی هاوسەنگ و بێلایەن لەبارەی پرسی غەززە پێشانبدات. هاریس هەروەها دۆناڵد ترەمپی رکابەری بە مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی دادەنێت. 
 
لە گوتاری قبووڵکردنی بەربژێربووندا لە کۆنگرەی پارتی دیموکرات، هاریس بەڵێنی دا کە "مەرایی بۆ ئەو زۆردار و دیکتاتۆرانە" نەکات کە ترەمپ سەرسامە پێیان، چونکە بە گوتەی هاریس، ترەمپ "بە خۆی دەیەوێت ببێتە تاکڕەو".
 
ئەم قسانەی هاریس نزیکن لەوانەی کە پێشتر جۆ بایدنی سەرۆک لە دژی ترەمپ کردوونی. بەڵام لە رووی سیاسەتی دەرەوە، هاریس یەکێکە لەو دیموکراتە دەگمەنانەی پەیامێکی تووندتر بەراورد بەوەی ترەمپ بە جیهان دەدەن. 
 
بایدن پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک، بەڵێنی بە خەڵکی ئەمریکا دا کۆتایی بە "جەنگە تاهەتاییەکان" بێنێت و هێزەکانی وڵاتەکەی دوای 20 ساڵ مانەوە، لە ئەفغانستان کشاندنەوە. 
 
باراک ئۆباما کە شوێنی جۆرج دەبلیوو بووشی سەرکردەی جەنگی گرتەوە، لە گوتاری دەستبەکاربوونیدا نەیارانی ئەمریکای بانگهێشتکردن بۆ دانوستاندن. 
 
ترەمپیش لە کاتێکدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە دەیەوێت ئەمریکا لە گێژاوە سەربازییەکانی دەرەوە بێنێتە دەرەوە، زوو زوو بە شانازییەوە باس لە ئامادەیی خۆی بۆ بەکارهێنانی هێزی تێکشکێنەر دەکات. ترەمپ ئەوە بە بەدەستهێنانی "ئاشتی لە رێگەی هێزەوە" وەسف دەکات. 
 
هاریس لە گوتارەکەیدا وێنەیەکی تووندی نیشاندا و گوتی: شتێک دەکات کە سوپای ئەمریکا "بەهێزترین و کوشندەترین هێزی شەڕکەری جیهان" بێت و هۆشداریی دا کە هەر هێرشێکی ئێران بە هێرش وەڵام دەداتەوە. 
 
لە ئاهەنگێکدا لە شیکاگۆ کە هەر لە چوارچێوەی کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکان سازکرا و جەنگاوەرە کۆنەکان تێیدا بەشداربوون، هاریس بەڵێنیدا لەگەڵ ئۆکراینا یەک دەست و دڵ بێت و لە هەمان کاتدا ترەمپی سەرزەنشت کرد لە بەرامبەر ئەوەی هەڕەشەی کردووە بەرگریی لە هاوپەیمانەکانی ناتۆ ناکات ئەگەر پارەی پێویست نەدەن. 
 
ئەڵیسن مکمانوس، لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی گەشەی ئەمریکا (Center for American Progress)، پێیوایە، لەبەرئەوەی هاریس هەوڵدەدات ببێتە یەکەمین سەرۆکی ژن لە مێژووی ئەمریکا دا، "پێویستی بەوەیە لە بەربژێرە پیاوەکان تووندتر دەربکەوێت بۆ ئەوەی نیشانیبدات کە بەهێزە." 
 
لێکۆلینڤانەکە دەڵێت: "لەگەڵ ئەوەشدا، رای گشتی هەر تێڕوانینی وا دەبێت کە ژنێک لە بنەڕەتدا سەرکردەیەکی لاوازتر دەبێت بەراورد بە سەرکردەیەکی پیاو، بۆیە پێویستە لە رێگەی زۆر تووندبوون و راشکاوبوونەوە لەبارەی پابەندبوونی خۆی بە بەرگریی وڵاتەوە، قەرەبووی ئەوە بکاتەوە."
 
بەڵام مکمانوس پێیوایە، ئەو هێز و تووندییەی کە هاریس جەختی لێدەکاتەوە جیاوازە لە وێنەی راستەقینەی سیاسەتی دەرەوە و نابێت تێکەڵبکرێن.
 
مافی چارەی خۆنووسینی فەلەستینییەکان
 
هاریس کە لە بارەی سیاسەتی دەرەوە قسەی دەکرد، زۆرتین چەپڵەی بۆ لێدرا کاتێک باسی لە کۆتاییهێنان بە نەهامەتیی فەلەستینییەکان کرد و بەڵێنیدا کاربکات بۆ ئەوەی "بتوانن مافی شکۆمەندی، ئاسایش، ئازادی و چارەی خۆنووسین بەدەستبێنن."
 
چەپەکان رەخنەی تووندیان لە بایدن گرتووە بە هۆی پشتیوانیکردنی لە ئیسرائیل، لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل سەرسەختانە بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە کە بوونەتە هۆی کوژرانی سەرووی 40 هەزار کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن. 
 
هاریس هەروەها بەڵێنیدا "بەردەوام پشتیوانی لە مافی بەرگری لەخۆکردنی ئیسرائیل" بکات. بەشێک لە خۆپێشاندەرانی لایەنگری فەلەستین، کە لە سەر شەقامەکانی شیکاگۆ گردببوونەوە، ناڕەزاییان نیشاندا لە بەرامبەر ئەوەی رێگە بە دایک و باوکی بارمتە ئیسرائیلییەکان دراوە لەسەر سەکۆی کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکان قسە بکەن و هەمان دەرفەت بە فەلەستینییەکان نەدراوە. 
 
بایدن دەڵێت، داوای لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە هەوڵی زیاتر بدات بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل باشتر بپارێزرێن و دەستبەرداری دژایەتیکردنی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین بێت؛ ئەمە هەڵوێستێکە کە کەم کەس لە ترەمپ چاوەڕێی دەکەن. 
 
بەڵام مکمانوس دەڵێت، بەکارهێنانی دەستەواژەی "چارەی خۆنووسین" لە لایەن هاریسەوە، گۆڕانکارییەکی گرنگە و "دان بەو راستییەدا دەنێت کە فەلەستینییەکان گەلێکن، مافی خۆیان هەیە و دەبێت بە خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن." 
 
رەخنەگران دەڵێن، بایدن ئامرازی هەرە کاریگەری بۆ گوشار خستنە سەر ئیسرائیل بەکارنەهێناوە، کە ئەویش بریتییە لە کەمکردنەوەی ئەو ملیاران دۆلارەی واشنتن بۆ ئیسرائیل بە چەکی دەدات. 
 
بەشێک لە چالاکڤانن گەشبینترن بە هاریس، چونکە یەکەمین بەرپرسی باڵای ئەمریکا بوو داوای ئاگربەست بکات، هەروەها فیل گۆردن، راوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی هاریس، پەرتووکێکی پڕ لە رەخنەی لە بارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نووسیوە. 
 
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، گۆردن روونیکردووەتەوە کە هاریس پشتیوانی لە گەمارۆی چەک بۆ سەر ئیسرائیل ناکات. 
 
ئانێڵ شێلاین، کە ئاداری ئەمساڵ وەک ناڕازیبوونێک بەرامبەر سیاسەتیی ئەمریکا بەرامبەر غەززە لە پۆستێکی وەزارەتی دەرەوە دەستی لە کار کێشایەوە، دەڵێت: "من زۆر بیهوا بووم کە هاریس دەرفەتەکەی نەقۆستەوە بۆ ئەوەی پەیامێکی بەهێزتر بنێرێت تاوەکو پێشانیبدات کە ئامادەیە کارێکی جیاواز لەوەی ئیدارەی ئێستا بکات. لە هەمان کاتدا هێشتا هەندێ هیوام ماوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە