رووداو دیجیتاڵ
داعش بەرپرسیاریێتیی خۆی لە هێرشەکەی شەوی هەینیی شاری زۆلینگنی رۆژئاوای ئەڵمانیا دەربڕی کە تێیدا پیاوێک بە چەقۆ سێ کەسی کوشت و هەشتی دیکەی بریندارکرد.
هاوکات زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا رایگەیاند، پۆلیس ئۆپەراسیۆنێکی کردە سەر کەمپێکی کۆچبەران لە شاری زۆلینگن و بە گۆمانی تێوەگلان لە هێرشەکەی شەوی رابردوو، کەسێکی خەڵکی سووریای دەستگیر کرد.
داعش لە راگەیێندراوێکدا کە لە تەلەگرام بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت "ئەنجامدەری هێرشی دوێنێ بۆ سەر کۆبوونەوەی کرستییانەکان لە شاری زۆلینگنی ئەڵمانیا، سەربازێکی دەوڵەتی ئیسلامی بوو."
گرووپە پەڕگیرەکە دەشڵێت، هێرشەکە "بۆ سەندنەوەی تۆڵەی موسڵمانانی فەلەستین و هەموو شوێنەکانی دیکە" بوو.
بەڵام رێکخراوە بە تیرۆرست پۆڵێنکراوەکە، هیچ بەڵگەیەکی بۆ هەبوونی پەیوەندیی لە نێوان خۆی و هێرشکارەکە نەخستووەتەڕوو.
هێرشەکە لە کاتێکدا بوو؛ هەزاران کەس بۆ بەشداریکردن لە "فێستیڤاڵی فرەچەشنی" کۆببوونەوە، کە بەشێک بوو لە زنجیرەیەک ئاهەنگ بە بۆنەی ساڵیادی 650ـەمینی دامەزراندنی شارەکە.
ئەمڕۆ (شەممە، 24-8-2024) پۆلیس دەستگیرکردنی کەسێکی دیکەیان راگەیاندبوو کە گوایە پەیوەندیی بە هێرشەکەوە هەبووبێت. دواتر بەرپرسانی ئەڵمانی گوتیان کەسەکە تەمەنی 15 ساڵە و گومانی لێ دەکرێت پەیوەندیی بە چەقۆکێشەکەوە هەبووبێت.
ئەوانەی کوژران دوو پیاوی تەمەن 56 و 67 ساڵ و ژنێکی 56 ساڵ بوون.
بە گوتەی بەرپرسانی ئەڵمانی، چوار لەو کەسانەی بریندارن، لە دۆخێکی "مەترسیدار"ـدان.
نانسی فیزەر، وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا پێشتر رایگەیاندبوو "دەزگا ئەمنییەکان هەر کارێکیان لەدەستبێت، دەیکەن بۆ ئەوەی تاوانبارەکە دەستگیربکەن." هەروەها ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری وڵاتەکە داوایکردبوو "تاوانبارەکە دەستگیربکرێت و سزابدرێت."
ئەم هێرشە کەمتر لە سێ مانگ دوای هێرشەکەی شاری ماینهایمی باشووری رۆژئاوای ئەڵمانیا دێت، کە تێیدا پەنابەرێکی ئەفغانستانی بە چەقۆ پۆلیسێکی کوشت و چوار کەسی دیکەشی بریندارکرد.
هێرشەکان لەکاتێکدان؛ لایەنگری پارتە راستڕۆ دژەکۆچبەرەکان لە ئەڵمانیا زیادیکردووە.
پارتی ئەڵتێرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا کە راستڕۆی تووندئاژۆی دژەکۆچبەرە، لە هەڵبژاردنی نێوخۆ و هەڵبژاردنی یەکێتیی ئەورووپاشدا دەنگەکانی بە شێوەکەی بەرچاو زیادکرد.
دوی هێرشەکەی 31ـی ئایار لە مانهایم، شۆڵتز رایگەیاند، هەوڵدەدەن ئەو پەنابەرانەی سەرپێچی دەکەن، دیپۆرتی سووریا و ئەفغانستان بکەنەوە.
هێرشەکانی پێشووی ئەڵمانیا کە داعش بەرپرسیارێتی لەئەستۆگرتوون:
18ـی تەممووزی 2016، پەنابەرێکی تەمەن 17 ساڵانی ئەفغانی بە چەقۆ و تەور هێرشی کردە سەر سەرنشینەکانی شەمەندەفەرێک لە نزیک شاری ڤۆرزبۆرگی هەرێمی باڤاریا و پێنج کەسی بریندارکرد. پۆلیس هێرشکارەکەی کوشت.
24ـی تەممووزی 2016، پەنابەرێکی سووریایی تەمەن 27 ساڵ، بۆمبێکی لە نزیک فێستیڤاڵێکی شاری ئەنسباخی هەرێمی باڤاریا تەقاندەوە و 15 کەسی برینداکرد. هێرشکارەکە کە ملکەچی بۆ فەرمانەکانی داعش راگەیاندبوو، هەر لەو تەقینەوەیەدا کوژرا.
کوشندەترینیان 19ـی کانوونی یەکەمی 2016، پەناخوازێکی توونسی لە بەرلین بارهەڵگرێکی رفاند و خۆی بەنێو قەرەباڵخیی بازاڕێکی کریسمسدا کرد، 12 کەسی کوشت و 56ـی دیکەی بریندارکرد. دواتر لە شاری میلانی ئیتاڵیا، پۆلیس تەقەی لە هێرشکارەکە کرد و کوشتیان.
لە 28ـی تەممووزی 2017، پەناخوازێکی فەلەستینی بە چەقۆ هێرشی کردە سەر ژمارەیەک کەس لە سوپەرمارکێتەکی شاری هامبۆرگ، کەسێکی کوشت و ژمارەیەکی دیکەشی بریندارکرد، پاشان هێرشکارەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ