رووداو-هەولێر
شەپۆلێکی گەرمای تووند رۆژئاوای ئەوروپای هەراسانکردووە، جگە لە گیانلەدەستدانی سەتان کەس، بووەتە هۆی سووتانی سەتان هەزار هێکتار دارستانیش.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا تەنیا لە ئیسپانیا و پورتوگال سەروو هەزار و 700 کەس بەهۆی شەپۆلی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە، هۆشداریش دەدات کە لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەکە بەرزتردەبێتەوە.
پورتوگال
بە تەنیا لە پورتوگال، بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە، لەم دوو هەفتەیەدا لانیکەم هەزار و 63 کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
لە رۆژی چوارشەممەوە، پەیمانگەی پورتوگال بۆ دەریا و بەرگەهەوا، هۆشداریی رەنگ پرتەقاڵی واتە مەترسیی هەرە بەرزی راگەیاندووە.
لە نزیکی نێوەڕاستی ئەم مانگەدا پلەی گەرما لەو وڵاتە گەییشتە 45 پلەی سیلیزی.
وەکو زۆربەی ئەو وڵاتانەی دەکەونە سەر دەریای نێوەڕاست، پریشکی ئاگری دارستانەکان لە ئەنجامی گەرماوە بەر پورتوگالیش کەوتووە و تاوەکو ئێستا لانیکەم 48 هەزار و 106 هێکتار دارستان و پاوانی سووتاندووە.
ئیتاڵیا
رۆژی هەینی، 22ـی تەممووزی 2022، حکومەتی ئیتاڵیا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە 16 شار هۆشیارییەکانی بۆ بەرزترین ئاست بەرزکردەوە.
لە 15ـی حوزیرانی ئەمساڵیشەوە تاوەکو 21ـی تەممووز 32 هەزار و 921 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لەو وڵاتەدا تۆمارکراون و تاوەکو ئێستا حکومەتی ئەو وڵاتە ئاماری ئەو کەسانەی بڵاونەکردووەتەوە کە بەهۆی شەپۆلە گەرماکەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئیسپانیا
هەرچی ئیسپانیایە، بە گوێرەی میدیای ئەو وڵاتە، بە خراپترین شەپۆلی گەرما لە مێژووی خۆیدا تێدەپەڕێت.
رۆژی پێنجشەممە 21ـی ئەم مانگە، وەزارەتی تەندروستیی ئیسپانیا گیانلەدەستدانی هەزار و 47 کەسی بەهۆی گەرماوە راگەیاند.
لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا ئاگر زیاتر لە 197 هەزار هێکتار رووبەری دارستانەکانی سووتاندووە، واتە هەر لە ئێستاوە ریکۆردی ساڵی رابردووی شکاندووە کە 189 هەزار و 376 هێکتار بوو. چاوەڕواندەکرێت لە رۆژی دووشەممەوە پلەی گەرما لە ئیسپانیا دابەزێت.
فەرەنسا
ئەگەرچی پلەی گەرما هێشتا لە فەرەنسا لە خوار 30 پلەی سیلیزیدایە، ئاگر دارستانەکانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە؛ ئەو رووبەرەی کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە لە فەرەنسا سووتاوە، گەیشتووەتە 39 هەزار و 904 هێکتار.
کۆی گشتی ئەوانەی بەهۆی گەرماوە لە فەرەنسا مردوون بۆ ئەمساڵ دیار نییە، بەڵام هەر لە هەفتەی رابردوو، بەگوێرەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، کەسێک لە کاتی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگر دارێکی بەسەردا کەوتووە و گیانی لەدەستداوە.
بەریتانیا
لە بەریتانیا پلەی گەرما 40 پلەی سیلیزی تێپەڕکردووە. لە ساڵی 2019 بەرزترین پلە 38.7 بوو کە لەو وڵاتە تۆمارکرا. بەو هۆیەشەوە باری نائاسایی راگەیێندراوە و هۆشداریی رەنگ سوور، واتە بەرزترین ئاست، دەرکراوە بۆ ئەوەی خەڵک ئاگاداری تەندروستییان بن، کە بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتە، تەنانەت کەسانی تەندروست دەکرێت بەم گەرمایە بمرن.
ئەڵمانیا
لە ئەڵمانیا لە هەفتەی رابردوودا پلەی گەرما ریکۆردی ساڵی 2019ـی شکاند و پلەی گەرما 40.2 پلەی تێپەڕکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ