ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لەسەر رێپێدان بۆ پۆشینی جلی نافەرمی ناکۆکە

23-09-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن کۆنگرێسی ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، کە باڵاترین دامەزراوەی دەسەڵاتی یاسادانانی وڵاتەکەیە، ناکۆکی دروستبووە لەسەر ئەوەی ئایا رێگە بە سیناتۆرەکان بدرێت جلی نافەرمی لەبەربکەن یان نا.
 
چەک شومەر، سەرکردەی زۆرینەی دیموکرات لە ئەنجوومەنەکە پێشنیازی کردووە یاسای لەبەرکردنی جل بۆ سیناتۆرەکان ئاسان بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بە تیشێرت، کابۆ و جلی دیکەی ئاسایی لە دانیشتنەکاندا بەشداربن. 
 
ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران بەو پێشنیازە توڕە بوون. ئێستا بە گوێرەی یاسا، پێویستە پیاوان بە چاکەت و پانتۆڵ (قات) و بۆینباخ و ژنانیش هەر چاکەت و پانتۆڵ یان کراس لەبەربکەن. 
 
جۆ مانچن، سیناتۆری دیموکرات دەڵێت "ئەم گۆڕانکارییە بێڕێزیکردنە بە ئەنجوومەنی پیران". 
 
هاوکات ژمارەیەک سیناتۆری کۆماری نامەیەکیان بۆ شومەر نووسیوە و تێیدا گوتوویانە، لەبەرکردنی جلی ئاسایی "بێڕێزیکردنە بەو دامەزراوەیەی خزمەتی دەکەین و ئەو خێزانە ئەمریکیانەشی کە نوێنەرایەتییان دەکەین."
 
ئەم هەوڵەی چەک شومەر وایکردووە سیناتۆرە نەریتخوازەکان هێرش بکەنە سەر جۆن فێتەرمان، سیناتۆری دیموکراتەکان کە زوو زوو بە بلوز و تیشێرتی بە کڵاوەوە لە کۆنگرێس لە دەرەوەی دانیشتنەکان، دەردەکەوێت. 
 
رۆن دێسانتیس، حاکمی ویلایەتی فلۆریدا کە کەسێکی کۆمارییە، هێرش دەکاتە سەر ئەو سیناتۆرە و بە "بێڕێزیکەر" ناویدەبات. 
 
دیموکراتەکانیش رایگەیاند، "پێویستە کۆمارییەکان خەم لە شتی گەورەتر بخۆن، نەک شێوازی جلپۆشینی فێتەرمان".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە