رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رۆژی پێنجشەممە ئۆکراینای تۆمەتبارکرد بەوەی هەوڵدەدات هێرش بکاتە سەر وێستگەی ئەتۆمیی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کورسک.
هێزەکانی ئۆکراینا کە لەنێو خاکی رووسیادا هەوڵی پێشڕەوی دەدەن، نزیکەی 50 کیلۆمەتریان ماوە بگەنە وێستگەکە.
لە هەمان کاتدا، مۆسکۆ دەڵێت، هێزەکانی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا پێشڕەوییان کردووە. بەرپرسانی رووسیا، ئۆکراینایان تۆمەتبارکرد بەوەی هێرشیانکردووەتە سەر کەشتییەکی بارهەڵگر لە نزیک نیمچەدوورگەی کریمیا و نووقمیانکردووە.
پووتین لە کۆبوونەوەیەکی کابینەی حکومەتەکەیدا گوتی: "دوژمن هەوڵی دا بە شەو هێرش بکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکە. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاگادارکراوەتەوە."
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لەلایەن مۆسکۆوە پێیان راگەیێندراوە، چەند پارچە درۆنێک لە دووری 100 مەتر لە کۆگایەکی وێستگە ئەتۆمییەکەوە دۆزراونەتەوە.
رێکخراوەکە راشیگەیاند، هەفتەی داهاتوو بەڕێوەبەرە گشتییەکەی سەردانی شوێنەکە دەکات، لە کاتێکدا بەرپرسانی رووسیا چەندین جار هۆشداریان داوە لەوەی دەکرێت ئەو وێستگە ئەتۆمییە بکەوێتە بەر هێرشی تانک و سەربازانی ئۆکراینا کە لە 6ی ئابەوە لەشکرکێشییان کردووەتە نێو هەرێمی کورسک.
ئەلێکسی سمیرنۆڤ، پارێزگاری هەرێمی کورسک بە پووتینی راگەیاندووە، وێستگە ئەتۆمییەکە بە شێوەیەکی ئاسایی کاردەکات.
ماوەی سێ هەفتەیە هێرشەکە بەردەوامە و کیێڤ دەڵیت زیاتر لە هەشتا گوندی سەر سنووری رووسیای کۆنترۆڵکردووە.
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، ئەوە بە گەورەترین هێرشی سوپایەکی بیانی بۆ سەر خاکی رووسیا دادەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ