رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکایەتیی میسر دەڵێت، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی شەڕی غەززە و هەوڵەکانی ئاگربەست کردووە.
ئەحمەد فەهمی، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی میسر دەڵێت، سیسی "جەختیکردەوە کە راگەیاندنی دەستبەجێی ئاگربەست لەم کاتەدا گرنگییەکی زۆری بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتی مرۆیی کارەساتباری کەرتی غەززە، کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و پاراستنی ناوچەکە لە فراوانبوونی ململانێ هەیە".
ئەمریکا، میسر و قەتەر وەک نێوەندگیر هەوڵ دەدەن حەماس و ئیسرائیل بە وەستاندنی جەنگ و ئازادکردنی بارمتەکان رازی بکەن.
دوایین گەڕی گفتوگۆکان رۆژی پێنجشەممە لە قاهیرەی پایتەختی میسر دەستیپێکرد. کۆشکی سپی ئەمڕۆ رایگەیاند، "بەرەوپێشچوون" لە دانوستاندنەکاندا هەیە.
هەر رۆژی هەینی، میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە، بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی رۆژی چوارشەممەدا داوای لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە هێزەکانی ئیسرائیل لە سنووری نێوان غەززە و میسر بکشێنێتەوە بۆ ئەوەی قۆناخی یەکەمی جێبەجێکردنی پلانی ئاگربەست دەستپێبکات و دانوستاندنەکانیش بەردەوام بن.
سێ بەرپرسی ئیسرائیلی بە پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکییان گوتووە، نەتەنیاهوو تەنیا بە بەشێکی داواکەی بایدن رازی بووە و ئامادەیی خۆی نیشانداوە دەستبەرداری یەک شوێنی سەر سنووری نێوان غەززە و میسر بێت.
بەرپرسێکی نزیک لە نەتەنیاهوو بە ئەکسیۆسی گوتووە، "سەرۆکوەزیران رازی بوو شوێنی یەکێک لە سەنگەرەکانی سوپای ئیسرائیل بگۆڕێت و تەنیا چەند سەت مەترێک دووریبخاتەوە، بە جۆرێک کە زیان بە باڵادەستیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپاکە لەو ناوچەیە نەگەیێنێت".
بە گوێرەی هەمان میدیا، بایدن داوای لە نەتەنیاهوو کردبوو، بە درێژایی سنووری غەززە و میسر، ئیسرائیل سوپاکەی یەک تا دوو کیلۆمەتر بکشێنێتە دواوە.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا ئەو هەواڵانەی رەتکردنەوە کە باس لە "داڕمانی" هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەهۆی رازینەبوونی نەتەنیاهوو بە کشانەوە لەو سنوورە دەکەن.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا چەند رۆژی رابردوو سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کرد و گوتی، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەو نەخشەرێگەیە رازی بووە کە ئەمریکا بۆ وەستاندنی جەنگی غەززە پێشنیازی کردبوو.
کێربی گوتی، ئەمریکا پێیوایە نەتەنیاهوو هێشتا بە پێشنیازەکە رازییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ