رووداو دیجیتاڵ
مانۆڕی سەربازیی قەڵخانی ئاشتی لەنێوان ئەمریکا و کۆریای باشوور 10 رۆژی تێپەڕاند، ئامانج لە مانۆڕەکە بەهێزکردنی هاوئاهەنگی ئەو دوو وڵاتەیە کە تەمەنی هاوپەیمانێتییەکەیان 70 ساڵە.
کیم سونکیو، فەرماندە لە سوپای کۆریای باشوور دەڵێت، "لەرێگەی ئەم مانۆڕە هاوبەشەوە، یەکە سەربازییەکانی کۆماری کۆریا و ئەمریکا تێگەیشتنێکی باشتریان بۆ دروستدەبێت لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و پرۆسەی هاوئاهەنگیکردن."
ئەوە پێنج ساڵە مانۆڕی سەربازی بەم فراوانییە لەنێوان ئەمریکا و کۆریای باشوور نەکراوە؛ لە مانۆڕەکەدا مەشقی هاوبەش لەنێوان یەکە سەربازییە ئاسمانی، زەوینی و دەریاییەکانی هەردوو وڵاتدا دەکرێت.
هەڕەشەکانی کۆریای باکوور بۆ سەر کۆریای باشوور هاندەری سەرەکی مانۆڕە سەربازییەکەن کە تەنیا لە 2022دا 90 تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستی کردووە.
براندۆن ئاندرسن، فەرماندە لە سوپای ئەمریکا دەڵێت، "دەمەوێت ئەوەت پێ بڵێم، هیچ شتێک هێندەی خەوتن لە دووری 10 میلەوە لە دووژمن سەربازێکی ئەمریکی هان نادات. کاتێک ئەو دووژمنەش مووشەکی دوورهاوێژ ئاراستە دەکات، سەرنجێکی لەرادەبەدەر دەداتە ئەم مەشقە. ئەم سەرنجە زۆرە هەمان ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت لە کاتی جەنگدا هەمانبێت تا بتوانین دووژمن تێکبشکێنین و نەهێڵین چەکی ئەتۆمی بگاتە دەستی زیاتر."
ئەمریکا زیاتر لە 28 هەزار و 500 سەربازی لە کۆریای باشوور جێگیرکردوون، بەڵام چالاکییە سەربازییەکانی پیۆنگیانگ وایکردووە، پابەندی زیاتر بۆ پاراستنی سیئۆل نیشانبدات.
بەگوێرەی ماڵپەڕی گلۆباڵ فایەر پاوەر، سوپای کۆریای باشوور شەشەم بەهێزترینە لە جیهاندا کە 555 هەزار سەربازی چالاکی هەیە. هێزە زەوینییەکەی لە دوو هەزار و 331 تانک، 133 هەزار و 738 ئۆتۆمبێلی جەنگی و 9 هەزار و 347 تۆپهاوێژ پێکدێت.
هێزی ئاسمانی سوپاکە یەک هەزار و 602 فڕۆکەی هەیە و توانای هێزە دەریاییەکەشی 157 کەشتی جەنگییە.
پیۆنگیانگ بە تووندی سەرکۆنەی مانۆڕەکە دەکات و وەک هەڕەشەی داگیرکاری بۆ سەر وڵاتەکەی ناوی دەبات، هەربۆیە سوپاکەی خستە ئامادەباشیی جەنگەوە. لە هەفتەی رابردووشدا ژمارەیەک تاقیکردنەوەی مووشەکی وەک بەرپەرچی مانۆڕەکە کردووە.هەرچی پەکینە، هاوئاهەنگی سەربازی ئەمریکا بۆ کۆریای باشوور بە دنەدانی جەنگ لە نیمچەدوورگەی کۆریا لێکدەداتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ