رووداو دیجیتاڵ
هەڵاوسان لە ئەمریکا بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی 7٪، گرانبوونی کەلوپەلەکان کاریگەریی لەسەر چینی مامناوەند و هەژار دروست کردووە.
مەجید نیزامەدین گلی، پەیامێنری رووداو لە نیویۆرک بەدوای ئەو پرسەدا چووە و قسەی لەگەڵ خەڵک کردووە، خەڵک نیگەرانن کە کاریگەرییەکەی بە روونی دەرکەوتووە، هەڵاساون لە ئەمریکا لە رابردوودا نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە، بۆیە ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت و نرخی نەوت بەرزبێتەوە، سوودی بۆ هەناردەکارانی نەوت دەبێت لە نێویاندا هەرێمی کوردستان و عێراق، گەنجینەی ئەمریکا دەڵێ، ساڵی داهاتوو ئامانجی یەکەمیان دابەزاندنی هەڵاوسانە.
جێرۆم پاوڵ، سەرۆکی خەزانەی ئەمریکا دەڵێت، "هەڵاوسان زۆر لە سەرووی 2٪ کە ئامانجی ساڵانەمانە لەوە زیاتر نەبێت. و ئەگەری زۆرە ئەم دۆخە تاوەکو ساڵی داهاتوو بەردەوام بێت".
ماکس سیمس، دانیشتووی نیویۆرکە و دەڵێت، "کاریگەرییەکەی بەیەکسانی لەسەر هەموو خەڵک نەبووە. من وێنەگرێکی فیرلانسم. هەندێک رۆژ و هەفتە دۆخی داراییم باشە و هەندێک رۆژ دەڵێم خۆشحاڵم کە تۆزێک پارەم کۆکردووەتەوە، چونکە ئەگەر ئەوە نەبێت من دەبێتە لەسەر شەقامەکان بژیم".
بەڵام سەرەڕای مەترسییەکان و هۆشداریی ئابووریناسان لەبارەی دیاردەی هەڵاوسان، بەهۆی زۆریی بەردەستی پارە لە بازاڕەکانی ئەمریکا، بەشێکی زۆری ئەمریکییەکان هێشتا ئەوەندە نیگەران نین لە زیادبوونی نرخی شتومەک لە بازاڕەکان.
شارن پۆرپیلیا، دانیشتووی ویلایەتی کۆناتیکەتە و دەڵێت، "پەتای کۆرۆنا کەلێن و کێشەکانی سیستەمی ئابووریمانی دەرخست، لە رێڕەوی هاتنی شتومەکەوە بۆ نەخۆشخانەکان و بیمەی تەندروستیمان، بەڵام خۆشبەختانە خێزانی ئێمە باش بوو".
زیادبوونی دیاردەی هەڵاوسان لە ئەمریکا لەوانەیە سوودی هەبێت بۆ ئابووری عێراق و باشووری کوردستان. لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە، زیادبوونی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا مانای زیادبوونی نرخی نەوت بووە لەسەر ئاستی جیهان.
لەبەر ئەوە بەتایبەتی ئەمجارە حکومەتی ئەمریکا گوشاری زیاتر دەخاتە وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت بۆ ئەوەی سیاسەتی نەوتیان بەشێوەیەک دابڕێژن کە نرخی نەوت زۆر زیاد نەکات و کاریگەریی زیاتری نەبێت لەسەر زیادبوونی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا.
ماک سمس، دانیشتووی ویلایەتی یوتا دەڵێت، "من خۆم هەستی پێناکەم، تەنیا لە بەنزینخانە نەبێت. بێگومان دەبینم نرخی بەنزین زۆر زیاترە لە جاران. ئێمە بازاڕی کریسمسمان زوو کرد و ئەوەی ویستمان کڕیمان".
لە بەرامبەردا، خەزانەی فیدراڵی ئەمریکا کە داڕێژەری سەرەکیی سیاسەتی ئابووریی جیهانە، رایگەیاند کەمکردنەوەی رێژەی هەڵاوسان دەبێتە ئامانجی سەرەکیی سیاسەتەکانی ساڵی 2022دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ