رووداو - هەولێر
ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی کەتەلۆنیا راگەیێندران، پارتەکانی پشتیوان لە سەربەخۆیی، جارێکی دیکە سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و لە کۆی 135 کورسی 70 کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا.
بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکانی دوای گشتپرسیی سەربەخۆیی، کەتەلۆنیا رووبەڕووی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە کرایەوە.
هەڵبژاردنەکە کاژێر 8:00ـی بەیانی پێنجشەممە 21-12-2017، بەکاتی بارسێلۆنا دەستیپێکرد، رێژەی بەشداریکردن 68% تێپەڕاند، ئەمەش بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2015 بە رێژەی 5% زیاتربووە.
دوای نزیکەی 12 کاژێر لە دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدانەکە، سندووقەکانی دەنگدان داخران و لێکجیاکردنەوەی دەنگەکان دەستیپێکرد.
بەپێی ئەو ئەنجامە بەرایانەی ئاشکراکران، پارتەکانی پشتیوان لە سەربەخۆیی، لە سێ پارتی سەرەکی پێکهاتوون، جارێکی دیکە سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و لە کۆی 135 کورسی 70 کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا.
دوای ئەو ئەنجامەش، کارلێس پۆژیدمۆنت، سەرۆکی لەکارلادراوی هەرێمەکە داوای لە مەدرید کرد، رێز لە خواستی خەڵکەکەی بگرێت.
کارلێس پۆژیدمۆنت، سەرۆکی لەکارلادراوی کەتەلۆنیا دەڵێت"ئەوان دەبێت زیندانییەکان ئازادبکەن و هەروەها گرنگترینش ئەوەیە دەست بە رەچەتەی سیاسی بکرێت، ئەو رەچەتە سیاسییەی کە هەرگیز بەڕێز راخۆی هەوڵی بۆ نەداوە. ئەو دەبێت دەست بە چارەسەری سیاسی بکات. بەڕێز راخۆی و هەروەها حکومەتی ئیسپانیا دەبێت چارەسەرێکی سیاسی بدۆزنەوە، هاوکات ئەگەر ئەوان بە دەنگ خواستی خەڵکی کەتەلۆنیایەوە نین، ئەو کاتە ئێمە خۆمان چارەسەرێک دەدۆزینەوە".
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، پارتەکانی پشتیوان لە سەربەخۆیی کەتەلۆنیا براوەی هەڵبژاردنەکەن، بەڵام پێدەچێت ئەوان تاکە لایەن نەبن کە خۆیان بەبراوەی ئەو هەڵبژاردنە بزانن، بەڵکو پارتی ئۆپۆزیسیۆنی هەرێمەکەش، پارتی هاونیشتمانیان کە 37 کورسی بردووەتەوە خۆی بە براوەی هەڵبژاردنەکە دەزانێت و، داواش لە پارتەکانی پشتیوان لە سەربەخۆیی کەتەلۆنیا دەکات، چیدیکە بەناوی تەواوی خەڵکی هەرێمەکەیەوە قسەنەکەن و، بڵێن کەتەلۆنییەکان سەربەخۆییان دەوێت.
ئاریماداس، کە سەرۆکی پارتەکەیە چاوی لەوەیە بە پشتیوانی مەدرید هاوپەیمانییەتییەک پێکبێنێت و، خۆی سەرکردایەتی حکومەتی داهاتووی بارسێلۆنا بکات.
ئینێس ئاریماداس، سەرۆکی پارتی هاونیشتمانیان دەڵێت "ئەمڕۆ، یەک ملیۆن و 100 هەزار کەسی ئازا پەیامێکی گرنگیان بە جیهاندا، نەک تەنیا بە کەتەلۆنیا و ئیسپانیا، بەڵکو بە هەموو جیهانیشیان راگەیاند، زۆرینەی کۆمەڵانی کەتەلۆنیا هەست بە کەتەلۆنی بوون و هەروەها ئیسپانی بوون و ئەوروپی بوون دەکەن. بۆیەش ئێمە لەسەر ئەمە بەردەوامدەبین."
مەدرید تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە بەفەرمی نەگووتووە، بەڵام بڕیارە رۆژی هەینی کابینەکەی ماریانۆ راخۆی، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لەسەر ئەم پرسە کۆببێتەوەو دواتر هەڵوێستی خۆیان لەوبارەوە روون بکەنەوە.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش، نەک گرێ کوێرەکانی نێوان مەدرید و بەرسێلۆنا وا بە ئاسانی نابنەوە، بەڵکو پێشبینیدەکرێت تووندتر ببن و پێدەچێت وازوو ئەم دوو پایتەختە کە یەکێکیان خۆی بە خاوەنی ئەوەی دیکە دەزانێت نەگەنە چارەسەرێکی سیاسی و ناکۆکییەکانیان کۆتایی پێبێنن.
ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کەتەلۆنیا
ژمارەی کورسییەکان:
135 کورسی
پارتەکانی پشتیوان لە سەربەخۆیی کەتەلۆنیا:
70 کورسی
پارتی هاوڵاتی کەتەلۆنیا:
37 کورسی
پارتەکانی دیکە:
27 کورسی
پارتی چەپی کۆماری:
32 کورسی
پارتی هەموومان بۆ کەتەلۆنیا:
34 کورسی
پارتی گەلی پاڵێوراوی یەکگرتوو:
4 کورسی
پارتی سۆشیالستی کەتەلۆنیا:
17 کورسی
پارتی هاونیشتیمانیان:
37 کورسی
پارتی خەڵکی کەتەلۆنیا:
3 کورسی
پارتی کەتەلۆنیای هاوبەش:
8 کورسی
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ