رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان لە ئەفریقیا، چالاکبوونی زیاتری رێکخراوە تیرۆریستییەکان پشتڕاستدەکەنەوە، لە کاتێکدا رێکخراوی قاعیدە سەرکردەیەکی نوێی بۆ سەرپەرشتی رێکخستنەکانی لە کیشوەرەکەدا راگەیاند، هاوکات بۆسەیەکی داعش، کوژرانی 7 سەربازی نایجیری لێکەوتەوە.
رێکخراوی قاعیدە لە وڵاتانی مەغریبی ئیسلامی، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، دەستنیشانکردنی ئەبو عوبەیدە یوسف عەنابی، کە خەڵکی جەزائیرە، بەئەمیری نوێی خۆی لە باکووری ئەفریقیا راگەیاند، بۆ شوێنگرتنەوەی عەبدولمالیک دروکدال، کە لە حوزەیرانی رابردوودا لە باکووری مالی، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی فەرەنساوە کوژرا.
سەنتەری 'پڕۆژەی قەڵاچۆکردنی تووندڕەوی' ئەمریکی ئاشکرایکردووە، ئەو ئەندامەی قاعیدە کە کراوەتە بەرپرسی رێکخراوەکە لە وڵاتانی مەغریب، یەکێکە لەو سەرکردانەی قاعیدە کە لە لیستی رەشی 'تیرۆری نێودەوڵەتی'دایە لە ئەیلوولی 2015 ەوە و ئەمریکا بەشوێنیدا دەگەڕێت.
رێکخراوە ئەمریکییەکە رایگەیاندووە، میرە نوێیەکەی قاعیدە لە باکووری ئەفریقیا، پێشتر ئەندامی رێکخراوی 'کۆمەڵەی سەلەفی بۆ دەعوە و شەڕ' بووە، هەروەها بەرپرسی لقی راگەیاندنی رێکخراوی قاعیدە بووە لە وڵاتانی مەغریبی ئیسلامی.
لەو پەیامە ڤیدیۆییەکەدا کە قاعیدە دەستنیشانکردنی میرە نوێیەکەی راگەیاندووە، رێکخراوی قاعیدە ئاوڕی لە پرۆسەی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی سویسری داوەتەوە، کە لە ناوچەی کەناراوەکانی باکووری ئەفریقیا لەلایەن قاعیدەوە بەبارمتە گیرا بوو. رێکخراوەکە هۆکاری کوشتنی بارمتە سویسرییەکەی بۆ هەوڵی 'خاچپەرستە فەرەنسییەکان' گەڕاندووەتەوە کە هەوڵیانداوە، ئەو کەسە رزگار بکەن.
'ئاژانسی هەواڵی کیستۆن'ی سویسری ئاشکرایکردبوو، بارمتە کوژراوە سویسرییەکە ناوی پیاتریس ستۆکلییە، خەڵکی ناوچەی بال بووە و لە تمبکتۆ کاریکردووە، ئەوە دووەمجاربووە لەلایەن چەکدارە تووندڕەوەکانەوە بەبارمتە بگیرێت.
سوپای فەرەنسا کە لە هاوینی رابردووەوە چالاکییەکانی لە دژی چەکدارە تووندڕەوەکان لە ئەفریقیا چڕکردووەتەوە، لە حوزەیرانی رابردوودا عەبدولمەلیک دروکدالی سەرۆکی لقی قاعیدەی لە باکووری ئەفریقیا کوشت. دروکدال ماوەی 20 ساڵ بوو بەرپرسی رێکخراوەکە بوو لەو ناوچەیەدا.
لەلایەکی دیکەوە، بۆسەیەکی رێکخراوی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی نایجیریا، کوژرانی حەوت سەربازی نایجیری لێکەوتەوە.
سەرچاوەکان گوتیان، چەکدارانی 'ویلایەتی رۆژهەڵاتی ئەفریقیا'، تەقەیان لە کاروانێکی هێزە سەربازییەکانی نایجیریا کردووە لە ویلایەتی بۆرنۆ و مووشەکیان گرتووەتە ئۆتۆمبێلەکانی کاروانەکە. ئەو ناوچەیەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدراوە 60 کیلۆمەتر لە پایتەختی هەرێمی مایدۆگۆوە دوورە.
ئاژانسی 'فرانس پرێس' ئاشکرایکردووە، لە هێرشەکەدا جیا لە سەربازە نایجیرییەکان، بەڵێندەرێکی سیکیوریتیش گیانیلەدەستداوە.
بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکانی نایجیریا، کاروانی ئۆتۆمبێلە هێرشکراوە سەرەکان، بەشێکبوون لە پاسەوانەکانی حاکمی ویلایەتەکە کە پێشتر بەفڕۆکە گەشتی بۆ ناوچەکە کردووە.
حاکمی ناوچەکە، باباگانا ئۆمارا زولوم، بەنیازبووە خۆراک بەسەر ئەو دانیشتووانەی ناوچەکەدا دابەشبکات، کە لە ماوەی رابردوودا گەڕابوونەوە ناوچەکانیان، پاش ئەوەی بەر لە دە ساڵ بەهۆی هێرشێکی خوێناوی جیهادییەکانەوە، ناوچەکەیان چۆڵکرد.
رێکخراوی 'ویلایەتی رۆژهەڵاتی ئەفریقیا' کە سەر بە داعشە، پێشتر لە ساڵی 2016دا جیابوونەوەی خۆی لە گرووپی بۆکۆ حەرام راگەیاندبوو، کە چەندین ساڵە لە نایجیریادا سەرقاڵی کاری تووندوتیژییە.
چالاکییەکانی رێکخراوەکە تادێت پەرە دەسەنێت و لە ئەیلوولی ئەمساڵدا، هێرشێکی رێکخراوەکە بۆ سەر هەمان حاکمی ناوچەکە، کوژرانی 30 پاسەوانی باگای لێکەوتەوە.
تووندوتیژییە بەردەوامەکانی باکووری رۆژهەڵاتی نایجیریا لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا، کوژرانی زیاتر لە 36 هەزار کەس و دەربەدەربوونی نزیکەی 2 ملیۆن کەسی لێکەوتووەتەوە.
لە ماوەی رابردوودا، چالاکییەکانی هەمان رێکخراو لە وڵاتانی دراوسێی نایجیریا، نەیجەر، کامیرۆن و چاد سەریانهەڵداوە و ئەوەش بووە هۆی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی ئەو دەوڵەتانە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ