ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی ئەم ساڵ بە نۆکەندی ئینگلیزدا پەڕیونەتەوە گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی

22-08-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

داتا فەرمییەکان کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوکرانەوە، پێشانیدەدەن، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵ بە قاچاخ و بەنایاسایی بە نۆکەندی ئینگلیزدا خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، ئاستی پێوانەیی تۆمارکردووە، بەڵام کۆچی یاسایی لە لایەن کارمەندانی تەندروستی و خوێندکارانەوە کەمبووەتەوە.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی نێوخۆی شانشینی یەکگرتوو، لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵ، ئەو وڵاتە گەیشتنی 13 هەزار و 489 کۆچبەری بە بەلەمی بچووک تۆمارکردووە، کە ئەوە گەورەترین ژمارەیە لە نیوەی یەکەمی ساڵێکدا تۆمارکرابێت.
 
ژمارەکە بەراورد بە نیوەی یەکەمی پار، 18% زیادیکردووە؛ کانوونی دووەم تا حوزەیرانی 2023، 11 هەزار و 433 کۆچبەر ئەو گەشتە مەترسیدارەیان بە نێو رێڕەوە ئاوییەکەدا کردبوو، کە یەکێکە لەوانەی زۆرترین هاتووچۆی دەریاگەریی تێدا دەکرێت.
 
ئامارەکان وەبیرهێنەرەوەیەکن بۆ ئەو ئاستەنگەی لەبەردەم حکومەتی نوێی بەریتانیایە کە بە سەرکردایەتیی پارتی کار هەوڵی کەمکردنەوەی پەڕینەوەی کۆچبەران بە نۆکەندی ئینگلیزدا دەدات بۆ ئەوەی بێزاریی رای گشتیی وڵاتەکەی لەسەر ئەو پرسە کەمبکاتەوە.
 
راگەیاندنی ئەم ئامارانە هەفتەیەک دوای ئەو پشێویە هات کە بەهۆی خۆپێشاندانی دژی کۆچبەران لە ناوچە جیاجیاکانی ئینگلاند و باکووری ئایرلاند دروستبوو.
 
درووشمی زاڵی نێو خۆپێشاندانەکان "بەلەمەکان بوەستێنن" بوو.
 
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا کە مانگی رابردوو هەڵبژاردنی گشتیی بە کیەر ستامەری پارتی کار دۆڕاند، بەڵێنیدابوو ئەو بەلەمانە بوەستێنێت، بەڵام نەیتوانی بیباتەسەر.
 
ئەو پشێویە کە زیاتر لە 25 شار و شارۆچکەی بەریتانیای گرتەوە، دوای رووداوی کوشتنی سێ منداڵ هات کە بە هەڵە خرابووە ئەستۆی پەناخوازێکی موسڵمان.
 
کۆچکردنی کارمەندانی کەرتی تەندروستیی و کەرتەکانی دیکە و خوێندکاران و کەسوکاریان بۆ بەریتانیا کەمیکردووە.
 
ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ توندکردنی رێکارەکانی پێدانی ڤیزە کە کانوونی یەکەمی پار لە لایەن حکومەتەکەی سووناکەوە راگەیێندران و لە نیسانی ئەم ساڵ کاری پێکرا بۆ ئەوەی رێژەی کۆچکردن بۆ ئەو وڵاتە کەمبکەنەوە.
 
لە نیسان تاوەکو حوزەیران، ژمارەی ئەو ڤیزەیانەی بە کارمەندانی کەرتی تەندروستی دراون، بەراورد بە هەمان ماوەی پار، چوار لەسەر پێنج کەمبووەتەوە.
 
ژمارەی ئەو ڤیزەیانەی بە خوێندکارانیش دراوە، لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵ بەراورد بە نیوەی یەکەمی پار، 13% کەمبووەتەوە، ئەوانەشی بە کەسوکاری خوێندکاران دراون، 81% کەمبوونەتەوە.
 
ژمارەیەک کەرت و خوێندنی باڵای بەریتانیاش نیگەرانیی خۆیان لە کۆتوبەندە نوێیەکان پێشانداوە کە بوونەتە رێگر لە بەردەم گەشتکردنی کەسوکاری بەشێک لە کارمەندان بۆ بەریتانیا.
 
ئەوەی پەیوەندیی بە نۆکەندی ئینگلیزەوە هەیە، ئامارەکان دەریدەخەن، 81%ـی ئەوانەی بە بەلەمی بچووک خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، لە خاکی سەرەکیی ئەورووپاوە رۆیشتوون.
 
بەرپرسانی بەریتانیا لە ساڵی 2018ـەوە دەستیانکرد بە ژماردنی ئەو کۆچبەرە نایاساییانە، کە لە نیوەی یەکەمی ئەو ساڵەدا، تەنیا 11 کەس بەو رێگەیە گەیشتبوونە بەریتانیا.
 
لەو کاتەوە، زیاتر لە 133 هەزار کەس لە نۆکەندەکەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، کە 70%یان پیاون و پێنج لەسەر یەکیان لە تەمەنی خوار 18 ساڵیدان.
 
ئەفغانستانییەکان 18%ـی ئەوانە پێکدێنن کە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا مانگی حوزەیران گەیشتوونەتە کەناراوەکانی بەریتانیا، لە دوای ئەوانیش ئێرانییەکان بە رێژەی 13%، ڤێتنامییەکان 10%، تورکیاییەکان 10% و سووریاییەکان 9% دێن.
 
داتاکان دەریدەخەن کە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی سواری یەک بەلەم دەبن، زیادیکردووە، بە جۆرێک کە لە نیوەی یەکەمی 2019 هەر بەلەمێک تێکڕای 10 کۆچبەری تێدا بووە، لە هەمان ماوەی 2023 بەرزبووەتەوە بۆ 44 و لە هەمان ماوەی ئەم ساڵیش گەیشتووتە 51 کەس.
 
بەرپرسانی بەریتانیا چەندین جار هۆشدارییان داوە لەوەی قاچاخچییەکان رێگەی نوێ دەگرنەبەر و بەلەمی گەورەتر بۆ گواستنەوەی خەڵکی زیاتر بەکاردەهێنن.
 
وەک رێگەیەکی سەرەکی بۆ وەستاندنی کۆچی نایاسایی، ستامەر بەڵێنداوە قاچاخچییەکان "تێکبشکێنێت"، دوای ئەوەی کە پلانی مشتومڕهێنی دیپۆرتکردنی هەزاران کۆچبەری بۆ رواندا پووچەڵکردەوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەفسەرانی پۆلیسی ئیتاڵیا لە کەناراوی کارابینێری وڵاتەکەیان کاتێک بەشوێن تەرم و پاشماوەی بەلەمێکی نقومبووی کۆچبەران دەگەڕێن لە 26-2-2023. وێنە: Reuters

ئیتاڵیا بە رێگریکردن لە بەهاناوەچوونی کۆچبەران تۆمەتبار دەکرێت

سەرۆکی رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور رایگەیاند، حکومەتی ئیتاڵیا بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسایەکی تایبەت بە بەهاناوەچوونی کۆچبەرانەوە دەستی بەسەر کەشتییەکیاندا گرتووە و تۆمەتەکەش رەتدەکاتەوە. دەشڵێت، ئەم کارەی حکومەتی ئیتاڵیا رێگریکردنە لە بەهاناوەچوونی کۆچبەران.