رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، 75 درۆنی ئۆکراینییان تێکشكاندوون. بەرپرسانی ئۆکرایناش خستنەخوارەوەی 35 درۆنی رووسیایان راگەیاند.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، 47 لەو درۆنانە لە ئاسمانی رۆستۆڤ، 17یان لە دەریای رەش و دەریای ئازۆڤ و 11ی دیکەیان لە ناوچەکانی دیکە لە لایەن سیستمی بەرگریی رووسیاوە خراونەتەخوارەوە.
بەرپرسانی شارۆچکەی تواپس لە هەرێمی کراسنۆدار لە نزیک دەریای رەش ئاماژە بەوە دەکەن، پاشماوەی درۆنێکی تێکشکێنراو کەوتووەتە نێو پاڵاوگەیەکی نەوت و گڕیگرتووە.
بەرپرسانی ئەو ناوچەیە لە پەیامێکی تەلەگرامدا دەڵێن: "رژێمی کیێڤ جارێکی دیکە هەوڵیدا بە درۆن هێرش بکەنە سەر ژێرخانی سڤیل لە تواپس،" ئاماژە بەوەش دەکەن کە نزیکەی 100 کارمەندی ئاگرکوژاندنەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگری پاڵاوگەکە دەدەن.
بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، لەو ناوچەیە هیچ زیانی گیانی نەبووە.
جگە لە درۆن، رۆژی یەکشەممە، رووسیا و ئۆکراینا بە تۆپ و مووشەکیش هێرشیان کردە سەر یەکدی.
میدیای رووسیا باس لەوە دەکات، لە هەرێمی دۆنێتسک کە بەشێکی لە ژێر کۆنترۆڵی رووسەکاندایە، لانیکەم دوو کەس بەهۆی هێرشەکانی ئۆکراینا کوژران. بەرپرسانی ئۆکراینیش دەڵێن، لانیکەم 5 کەس بەهۆی هێرشی رووسیا برینداربوون.
رووسیا رایگەیاند، دوو گوندیان لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆنترۆڵکردووە، یەکێک لە هەرێمی خارکیڤ و ئەوەی دیکە لە هەرێمی لوهانسک.
میدیای فەرمیی رووسیا روونیکردەوە، ئەو دووکەسەی کوژراون لە گوندی هۆرلیڤکای هەرێمی دۆنتێسک بوون و بەر تۆپبارانی ئۆکراینا کەوتوون.
سێ کەسیش لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆکراینا لە هەرێمی خێرسۆن لە هێرشی درۆنیی رووسیادا برینداربوون، ئەمە وەک بەرپرسانی ناوچەکە باسیدەکەن.
هەروەها لە هەرێمی خارکیڤ، دوو کەسی دیکە برینداربوون دوای ئەوەی کە گوندێک لە لایەن رووسیاوە تۆپبارانکرا.
میکۆلا ئۆلێشوک، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا رایگەیاند، شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە، رووسیا 39 درۆنی بۆمبڕێژکراوی ناردبوونە سەر ئۆکراینا، بەڵام سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویەتی 35یان تێکبشكێنێت. بە گوتەی فەرماندەکە، رووسیا سێ مووشەکی بالیستی و دوو مووشەکی رێنموونیکراوی گرتووەتە وڵاتەکەی بەڵام ئامانجەکانیان نە پێکاوە.
مووشەکی بالیستی ئەوانەن کە لەسەر هێڵێکی شێوە بازنەیی بەرزدەبنەوە و دواتر دەکەونە خوارەوە، ئەم جۆرە مووشەکە پێش هاوێشتنیان ئامانجەکەیان بۆ دیاریدەکرێت. بەڵام مووشەکی رێنموونیکراو بریتین لەوانەی دوای هاویشتنیانیش دەتوانرێت ئاراستەیان بگۆڕدرێت و تا ساتی پێش بەرکەوتنیان بە ئاماجەکەش رێنموونی بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ