جیهان
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، رۆژی 04-07-2024، هەڵبژاردنی گشتیی ئەو وڵاتەیە.
رووداو دیجیتاڵ
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، رۆژی 04-07-2024، هەڵبژاردنی گشتیی ئەو وڵاتەیە.
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوای کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیرانی کابینەکەی، رۆژی هەڵبژاردنی گشتی دیارییکرد.
پەرلەمانی بەریتانیا لە 650 کورسی پێکدێت و هەر پارتێک پێویستی بە 326 کورسییە بۆ ئەوەی ببێتە زۆرینە و حکومەت پێکبهێنێت. راگەیاندن و دەستنیشانکردنی رۆژی دەنگدانی گشتی لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیراندایە.
پارتی پارێزگاران لە ساڵی 2010ـەوە پارتی فەرمانڕەوایە، بەڵام دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خۆجێیی بەریتانیا لە سەرەتای مانگی 5ـی ئەم ساڵ، پارتی کرێکاران توانی بازێکی گەورە بدات و پارێزگارانیش چووە پلەی سێیەم.
لە دوایین راپرسی کە لە 20-05-2024 لە بەریتانیا کراوە، دەردەکەوێت کە ئەگەر ئەمڕۆ هەڵبژاردن بکرێت، پارتی کار 39٪ بۆ 49٪ی دەنگەکان دەهێنێت و پارتی پارێزگارانیش 18٪ بۆ 28٪ـی دنەگەکان دەهێنێت، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ پارتە گەورەکەی بەریتانیا.
هەر بەگوێرەی راپرسییەکە، پارتی چاکسازیی بەریتانیا لە پلەی سێیەم و پارتی لیبرال دیموکراتەکانیش لە پلەی چوارەم دێت.
لە هەڵبژاردنەکەی 2ـی ئایاردا، رکابەرییەکە لەسەر نزیکەی دوو هەزار و 600 کورسیی 107 ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی ئینگلاند، 11 سەرۆکی شارەوانیی ئینگلاند، 25 ئەندامی ئەنجوومەنی لەندەن و 37 کۆمیسیاری پۆلیسی لەندەن و وەیڵز بوو.
پارتی کار بووە یەکەم و پارتی پارێزگارانیش چووە ریزی سێیەم. پارتی دیموکراتە لیبراڵەکانیش بۆ یەکەم جار لە دوای ساڵی 2009ـەوە، بووە دووەم.
پارتی کار 50 شارەوانی و هەزار و 140 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی بەدەستهێنا، واتە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو، 8 شارەوانی و 185 ئەندامی زیادکرد.
پارتی دیموکراتە لیبراڵەکان 12 شارەوانی و 521 ئەندامی بەدەستهێنان؛ دوو شارەوانی و 104 ئەندامی زیادکردووە.
پارتی پارێزگارانیش 6 شارەوانی و 513 ئەندامی بەدەستهێنا، واتە 10 شارەوانی و 473 ئەندامی شارەوانییەکانی لەدەستدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ