ئیلۆن مەسک دەڵێت، رۆژانە یەک ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە ئەو ئەمریکییانەی "بەرگری" لە دەستوور دەکەن

21-10-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئیلۆن مەسک، ملیاردێر و دامەزرێنەری کۆمپانیاکانی تێسلا و سپەیس ئێکس و خاوەنی کۆمپانیای ئێکس، دەڵێت رۆژانە یەک ملیۆن دۆلار وەک دیاری بەو کەسانە دەدات کە بۆ "پاراستنی دەستوور"ـی ئەمریکا واژۆ لەسەر دەستپێشخەرییەکی دەکەن. 
 
مەسک پشتیوانی لە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان دەکات بۆ ئەوەی ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا و لەو چوارچێوەیەدا تاوەکو ئێستا 70 ملیۆن دۆلاری بەخشیوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، لە ناوچەی مکیس لە ویلایەتی پێنسلڤانیا، مەسک کەسێکی لەنێو ئامادەبووان بانگکردە سەر سەکۆیەکە و پێی گوت، "تەنیا پێویستە واژۆ لەسەر ئەوە بکەیت کە بڕوات بە دەستوورە، واتە ئەگەر بڕوات بە دەستوور بێت، واژۆ لەسەر شتێک دەکەیت کە خۆت پێشتر بڕوات پێی هەبووە و دەتوانی یەک ملیۆن دۆلار ببەیتەوە". 
 
ئەوە دووەم چەکی یەک ملیۆن دۆلاری بوو مەسک لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەیدا بیبەخشێت. 
 
بەخشینەوەی ئەو پارەیە نیگەرانی هەندێ لایەنی لێکەوتووەتەوە. 
 
جۆش شەپیرۆ، حاکمی ویلایەتی پێنسلڤانیا کە کەسێکی دیموکرات و پێشتر داواکاری گشتیی ویلایەتەکە بووە، دەڵێت، "پرسیاری جیدی هەیە لەسەر ئەوەی چۆن [مەسک] لەم هەڵبژاردنەدا پارەکەی خەرج دەکات؟ چۆن پارەکە نەوەک تەنیا دەگاتە پێنسلڤانیا، بەڵکو دەگاتە نێو گیرفانی خەڵکی ویلایەتەکە. ئەمە مایەی نیگەرانیی گەورەیە".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە