رووداو دیجیتاڵ
کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکانی ئەمریکا بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە داوا لە دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان دەکات مانگی داهاتوو لە کەناڵی سی ئێن ئێن دیبەیت بکەن.
تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی هاریس دەڵێت، خانمە بەربژێرەکە داوەتنامەیەکی سی ئێن ئێنی قبووڵکردووە بۆ ئەوەی لە 23ی تشرینی یەکەمدا لەو کەناڵە دیبەیت بکەن.
ئۆماڵی دیڵن، سەرۆکی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی هاریس گوتی: "هاریسی جێگری سەرۆک ئامادەیە لە دەرفەتێکی دیکەدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لەسەر یەک سەکۆ دەربکەوێت. خەڵکی ئەمریکا شایستەی دەرفەتێکی دیکەن بۆ ئەوەی کامالا هاریسی جێگری سەرۆک و دۆناڵد ترەمپ دیبەیت بکەن، پێش ئەوەی دەنگ بدەن."
ئەم ساڵ، دۆناڵد ترەمپ بەشداری لە دوو دیبەیتدا کردووە، یەکێکیان بەرامبەر جۆ بایدن پێش ئەوەی لە کێبڕکێکە بکشێتەوە، ئەوەی دیکەشیان بەرامبەر هاریس.
ترەمپ پێشتر گوتوویەتی رازی نییە جارێکی دیکە رووبەڕووی هاریس ببێتەوە. زۆربەی چاودێران پێیانوایە هاریس براوەی دوایین دیبەیت بوو کە 10 ئەیلوول کرا.
ئەو ئاستە خراپەی بایدن لە مانگی حوزەیران بەرامبەر ترەمپ پێشانیدا، کە هەندێک جار نەیدەتوانی رستەی واتادار تەواو بکات، نیگەرانییەکانی لەبارەی تەمەن و لێهاتوویی سەرۆکە تەمەن 81 ساڵەکە بە جۆرێک زیادکردن کە ناچار بوو لە کێبڕکێکە بکشێتەوە.
وازهێنانی بایدن لە هەڵبژاردن ترەمپی 78 ساڵانی لە بەرامبەر هاریسی 59 ساڵاندا هێشتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ