رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، هێشتا ئەمریکا و بەریتانیا رێگەیان بە وڵاتەکەی نەداوە مووشەکی دوورمەودا بۆ هێرشکردنە سەر رووسیا بەکاربێنن، لەبەر ئەوەی ترسی ئەوەیان هەیە شەڕەکە گەورەتر بێت.
زیلینسکی هیواخوازە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بڕیارەکەی بگۆڕێت و رێگە بە کیێڤ بدات، ئەو چەکانە بۆ بەئامانجکردنی قووڵایی خاکی رووسیا بەکاربێنێت.
بڕیارە زیلینسکی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە سبەی و دووسبەی لە نیویۆرک دەکرێت، سەردانی ئەمریکا بکات. لە پەراوێزی ئەوەدا، بڕیارە لەگەڵ بایدن، هەروەها کامالا هاریس، جێگری سەرۆک و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، تاوتوێی پێشنیازەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ بکات.
ماوەی چەندین هەفتەیە کیێڤ داوا لە رۆژئاوا دەکات رێگەی پێ بدات ئەو چەکە دوورمەودا رۆژئاواییانە بەکاربێنێت کە پێی دراون، تاوەکو بتوانێت هێرشەکانی بگەیێنێتە نێوجەرگەی خاکی رووسیا، چونکە پێیوایە، بەو شێوەیە دەتوانێت رێڕەوی جەنگەکە بگۆڕێت کە ماوەی دوو ساڵ و نیوە بەردەوامە.
زیلینسکی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "نە ئەمریکا و نە شانشینی یەکگرتوو مۆڵەتیان پێنەداین ئەم چەکانە لە دژی خاکی رووسیا یان هەر ئامانجێک بە هەر مەودایەک بەکاربێنین. پێموایە ئەوان خەمی هەڵچوونی جەنگیانە."
ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هۆشداریی داوە لەوەی ئەگەر ئۆکراینا بەو چەکە دووربڕانەی رۆژئاوا لە قووڵایی خاکی رووسیا بدات، ئەوا ئەو کاتە رووندەبێتەوە کە وڵاتانی ناتۆ لەگەڵ رووسیا لە جەنگدان.
بەڵام زیلینسکی ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا بیهوانەبووە لەوەی بایدن لە هەڵوێستەکەی پاشگەزبێتەوە و "بڕیارێکی مێژوویی" بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا بدات.
سەرۆکی ئۆکراینا گوتی: "لە مێژووی پەیوەندییەکانماندا لەگەڵ بایدن، چەند بڕیارێکی مێژوویی و گفتوگۆی جێگەی سەرنج و زەحمەتمان بینیوە. بەڵام دواتر تێڕوانینی خۆی گۆڕیوە."
بایدن سێ مانگی لە دەسەڵاتدا ماون. یەکێک لە راوێژکارە نزیکەکانی، ئەم مانگە گوتی، بایدن دەیەوێت ئەم کاتەی بە دەستەوە ماوە بەکاربێنێت بۆ ئەوەی "ئۆکراینا بخاتە باشترین پێگە لە پێناو سەرکەوتن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ