رووداو دیجیتاڵ
ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا دەڵێت، سەرۆکی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی ئەورووپا فۆبیای بە هەنگاریا هەیە.
ئۆربان رەخنەی تووندی لە مانفرێد ڤێبەر، سیاسەتڤانی ئەڵمانی گرت کە سەرکردایەتیی پارتی گەلی ئەورووپا دەکات و بە "هەنگارۆفۆبیک" ناویبرد.
ئۆربان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەڵمانی لە بەرلین، کە رۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، گوتی، "مانفرێد ڤێبەر تەنیا یەک ئامانجی هەیە کە زۆر بەلایەوە گرنگ بێت، ئەویش زیانگەیاندنە بە هەنگاریا."
ئەم گوتەیە دوای ئەوە هات کە ڤێبەر داوای لە پێتەر ماگیاری رکابەری ئۆربان کرد بچێتە نێو فراکسیۆنەکەیان.
ئۆربان لە ساڵی 2021 پارتەکەی خۆی، فێدێزی لە فراکسیۆنی پارتی گەلی ئەورووپا کشاندەوە.
پارتی میانڕۆی تیسای هەنگاری کە ماگیار سەرکردایەتی دەکات، لە هەڵبژاردنی ئەم مانگەی یەکێتیی ئەورووپادا لە کۆی 21 کورسیی هەنگاریا، 7ی بەدەستهێنان.
ئۆربان لە هەڤپەیڤینەکەدا دژایەتیی خۆی بۆ رۆڵی زیاتری یەکێتیی ئەورووپا لە جەنگی ئۆکراینا پیشاندا.
سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا گوتی، "تاوەکو ئێستاش دەیانەوێت بە زۆر هەنگاریا ببەنە ریزی ئەو وڵاتە ئەورووپییانەی جەنگیان دەوێت یان بەرەو جەنگ دەڕۆن. پێویستە ئێمە لە دەرەوەی ئەو شتە بمێنێنەوە."
سەرکردە نەتەوەپەرستەکە لە سەرەتاوە دژی ئەوە بووە وڵاتانی رۆژئاوا چەک و یارمەتیی سەربازیی دیکە بە ئۆکراینا بدەن؛ هەروەها پارێزگاری لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ رووسیا کردووە.
لەبارەی سزادانی هەنگاریا بە پێبژاردنێکی ملیۆنی لە بەرامبەر رەتکردنەوەی یاسایەکی پەنابەرانی ئەورووپا، ئۆربان گوتی، دادگە لەبەر هەڵوێستەکەی بەرامبەر جەنگی ئۆکراینا، ئەو بڕیارەی دژی هەنگاریا دەرکردووە.
ئۆربان گوتیشی، "پەیوەندییەکی زۆر نزیک هەیە لەنێوان سزای پەیوەست بە کۆچبەران و پرسی جەنگ و ئاشتی."
هەفتەی رابردوو، دادگەی دادی ئەورووپا بڕیاریدا هەنگاریا بە پێبژاردنی 200 ملیۆن یۆرۆ (216 ملیۆن دۆلار) سزابدات لە بەرامبەر ئەوەی رازی نەبووە یاساکانی پەیوەست بە کۆچبەر و پەناخوازان جێبەجێ بکات، هەروەها بڕیاریدا لە بەرامبەر هەر رۆژێک پابەندنەبوونی بە یاساکانەوە 1 ملیۆن یۆرۆ پێبژاردنی دیکەی بۆ دەربکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ