رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی هەواڵیی دۆیچە ڤێللەی ئەڵمانیا (DW) رایگەیاند، چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان لەکاتی گەڕانیان بەدوای رۆژنامەڤانێكی سەر بە ئاژانسەکەیان لە کابولی پایتەخت، خزمێکی ئەو رۆژنامەڤانەیان کوشتووە.
دۆیچە ڤێللەی ئەڵمانیا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە، 19ی ئەم مانگە، چەکدارانی تاڵیبان هەڵمەتی دەرگا بە دەرگایان لە کابولی پایتەختدا کردووە، بەمەبەستی دەستگیرکردنی رۆژنامەڤانێكی سەر بە ئاژانسەکەیان، بەڵام هەڵمەتەکە بە کوژرانی خزمێکی و برینداربوونی خزمێكی دیکەی رۆژنامەڤانەکە کۆتایی هاتووە.
دۆیچە ڤێللەی ئەڵمانیا راشیگەیاند، رۆژنامەڤانەکە توانیویەتی لە ئەفغانستان هەڵبێت و ئێستا ئەو لە ئەڵمانیایە بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتری لەسەر بدات.
پیتەر لومبێرگ، بەڕێوەبەری گشتیی دۆیچە ڤێللە رووداوەکەی پشتڕاستکردەوە و سەرکۆنەی کرد و رایگەیاند، ئەو هێرشانە ئەو راستییە دەسەلمێنن، کە بارودۆخی ئەمڕۆی ئەفغانستان بۆ رۆژنامەڤانان و کەسوکاریان مەترسیدارە.
لومبێرگ راشیگەیاند: "کوشتنی کەسێكی نزیکی رۆژنامەڤانێکی ئێمە لە کابول لەلایەن تاڵیبانەوە، کارەساتێكە یەکجار قورسە و بەڵگەیە لەسەر ئاستی مەترسی نێو ئەفغانستان بۆ سەرجەم رۆژنامەڤان و کارمەندەکانمان و خێزانەکانیان. روونە تاڵیبان دەستیکردووە بە هەڵمەتێکی رێکخراو لە کابول و پارێزگاکانی دیکە دژی رۆژنامەڤانان".
رۆژی 15ی ئەم مانگە، چەکدارانی تاڵیبان کابولی پایتەختیان کۆنتڕۆڵکرد. زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی بزووتنەوەکە بەڵێنی ئازادی بە سەرجەم ئەوانەی کە کاریان لەگەڵ هێزە بیانییەکان کردووە، دا. هەروەها رایگەیاند، کارکردنی پیاوان و ژنان لە میدیا لە چوارچێوەی یاساکانی ئیسلام رێگەپێدراوە و هەڕەشە لە کەس ناکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ