بەردەوامیی پێشڕەوییەکانی تاڵیبان و کاردانەوەکانی کۆنترۆڵکردنی کابوول

16-08-2021

23:19

بایدن لەبارەی ئەفغانستان: هەڵەی رابردوو دووبارە ناکەمەوە

 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە پشووەکەی تەواوبوو و لەبارەی دۆخی تاڵیبان قسەی کرد، گوتی، دوو ترلیۆن دۆلاریان لە ئەفغانستان خەرجکردووە، پشتیوانیی حکومەتیان کردووە و هێزەکانیان بۆ پڕچەککردوون، بەڵام بەرامبەر تاڵیبان شەڕیان نەکرد و سەرکردەکانیان هەڵاتن. 
 
بایدن پێی وایە، شتێکی هەڵەیە کە ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان شەڕ بکەن لەکاتێکدا کە هێزەکەی خۆیان شەڕیان نەکرد، دەڵێت، "نابێت ئەفغانییەکان چاوەڕوانی ئەوەبن کە ئێمە 20 ساڵی دیکە شەڕیان بۆ بکەن."  

 

درێژەی هەواڵەکە

زیاتر بخوێنەوە

20:35

چین: رێز لە خواست و بژارەی گەلی ئەفغان دەگرین

 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، وڵاتەکەی رێز لە خواست و بژارەی گەلی ئەفغان دەگرێت.
 
لە تویتێکدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت "چین سەرنجی ئەوەی داوە کە تاڵیبانی ئەفغانستان دوێنێ رایگەیاندووە، جەنگ لە ئەفغانستان کۆتایی هاتووە و گفتوگۆ دەکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی ئیسلامیی گشتگیری کراوە لە ئەفغانستان و بەرپرسانە مامەڵە دەکەن بۆ پاراستنی سەلامەتیی خەڵکی ئەفغانستان و نێردە دیپلۆماسییە بیانییەکان".
 
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، وڵاتەکەی هیوا دەخوازێت تاڵیبان ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکات بۆ دەستاودەستکردنێکی هێواش لەو وڵاتە. ئەوەش خراوەتەڕوو کە دۆخی ئەفغانستان بە "گۆڕانکاریی گەورەدا" تێپەڕیوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

20:21

ئۆزبەکستان: سەدان سەربازی ئەفغانستان هاتوونەتە وڵاتەکەمان

 
ئۆزبەکستان رایدەگەیێنێت، سەدان سەربازی ئەفغانستان لە ماوەی رابردوودا بە 22 فڕۆکەی سەربازی و 24 هێلیکۆپتەر چوونەتە ولاتەکەیان، یەکێک لەوانەش فڕۆکەیەک بووە کە لەگەڵ فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئۆزبەکستان پێکیاندا داوە و بووەتە هۆی تێکشکانی هەردووکیان.
 
وەزارەتی بەرگریی ئۆزبەکستان پێشتر رایگەیاند، فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەفغانستان دوای ئەوەی سنووری وڵاتەکەی بەزاندووە خراوەتە خوارەوە.
 
نووسینگەی داواکاری گشتیی ئۆزبەکستان رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 15ی ئاب، 585 سەربازی ئەفغانی لەڕێگەی فڕۆکەوە و 158ی دیکەش لەڕێگەی سنوورەکانەوە بە پیادە گەیشتوونەتە ئۆزبەکستان.
 
زیاتر بخوێنەوە

18:31

بایدن لەبارەی دۆخی کابوول بێدەنگی دەشکێنێت

 
بڕیارە ئەمشەو کاژێر 22:45 خولەک بە کاتی هەولێر، جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی دۆخی کابوول بێدەنگی بشکێنێت، کە لەلایەن تاڵیبانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
زیاتر بخوێنەوە

18:05

بەرپرسانی ئەمریکی: 7 کەس لە ئاڵۆزییەکانی فڕۆکەخانەی کابوول گیانیان لەدەستدا

 
 
بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئەمریکا رایانگەیاند، لە ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆدا لە فڕۆکەخانەی کابوول حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا چەند کەسێکیان لە فڕۆکە سەربازییە ئەمریکییەکە کەوتوونەتە خوارەوە.
 
ئەو بەرپرسە باڵا سەربازییانەی ئەمریکا نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت. بەرپرسێکی ئەمریکیش بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، گەشتە سەربازییەکان وەکو بەشێک لە گواستنەوەی هاووڵاتییان لە ماوەیەکی کەمی داهاتوودا دەستپێدەکەنەوە، ئەمەش دوای وەستانێکی کورت.
 
زیاتر بخوێنەوە

17:54

نەتەوە یەکگرتووەکان: پێویستە جیهان دژی هەڕەشەی تیرۆریستیی جیهان یەکبگرێت

ئەنتۆنیۆ گوتەرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. وێنە: AFP
 
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە جیهان دەکات کە یەکبگرن بۆ "کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی تیرۆریستیی جیهانی لە ئەفغانستان".
 
ئەنتۆنیۆ گوتەرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە یەکبگرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەفغانستان هەرگیز جارێکی دیکە وەکو سەکۆیەک یاخود پەناگەیەک بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان بەکارنەهێندرێت".
 
غوڵام ئیسحاقزای، باڵیۆزی ئەفغانستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، خەڵکی کابوول لە "ترسێکی بێوێنەدا" دەژین، دەشڵێت، ئەوان "زۆر نیگەرانن لەوەی تاڵیبان پابەندی ئەو بەڵێنانەی نەبێت کە لە دۆحە و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکانی دیکەدا داویەتی".
 
بە گوتەی باڵیۆزی ئەفغانستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، "خەڵکی کابوول دەڵێن تاڵیبان لە هەندێک گەڕەک ماڵ بە ماڵ دەگەڕێت بەدوای ئەو کەسانەی کە ناوەکانیانی لەلای خۆی تۆمارکردووە و کردوونیەتە ئامانج".
 
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان بپارێزن.
 
زیاتر بخوێنەوە

17:48

سەلاحەدین بەهائەدین: پەیوەندیی ئەمریکا و تاڵیبان گوماناوییە

سەلاحەدین بەهائەدین: پەیوەندیی ئەمریکا و تاڵیبان گوماناوییە
 
سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی پێشڕەوییەکانی تاڵیبان و کۆنترۆڵکردنەوەی بەشێکی زۆری ئەفغانستان دەڵێت، پەیوەندیی تاڵیبان و ئەمریکا گوماناوییە، "روون نەبووەتەوە کە چۆن ساڵانێکە شەڕیەتی لەگەڵ ئەمریکا و وەختانێکی دیکە ئاشت و هاوکارە."
 
ئەمینداری یەکگرتوو بە زووی دەزانێت بۆ بڕیاردان لەسەر دۆخی ئەفغانستان دوای گەڕانەوەی تاڵیبان و دەڵێت، "دەبێت چاوەڕێ بین، ئاخری خێر بێت."

 

 

زیاتر بخوێنەوە

15:34

مێرکڵ: ئەڵمانیا دەبێت 10 هەزار کە لە ئەفغانستان بگوازێتەوە

چەند هاووڵاتییەکی ئەفغانی لەسەر دیواری فڕۆکەخانەی کابوول. وێنە: رۆیتەرز
 
ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری باڵای ئەڵمانیا بە پارتەکەی گوتووە، ئەڵمانیا دەبێت 10 هەزار هاووڵاتیی ئەفغانی بگوازێتەوە.
 
بەپێی سەرچاوەیەک کە قسەی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە، ئەنگێلا مێرکل بە هاوکارەکانی لە پارتەی خۆی گوتووە، ئەڵمانیا دەبێت لەگەڵ وڵاتە دراوسێکانی ئەفغانستان هاوئاهەنگی بکات بۆ رزگارکردنی خەڵکی وڵاتەکە.
زیاتر بخوێنەوە

14:20

ئەو بەرپرسانەی تاڵیبان کە دەکرێت ببنە سەرۆکی ئەفغانستان

ئەو بەرپرسانەی تاڵیبان کە دەکرێت ببنە سەرۆکی ئەفغانستان
 
تاڵیبان بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی جیهادییە کە لە ساڵی 2001 لە بەڕێوەبردنی بەشی زۆری ئەفغانستان دوورخرایەوە، بەڵام لە شەڕکردن دژی سوپای حکومەتی دواتر پێکهێنراو و هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەردەوام بوو. 
 
ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامە دیارەکانی ئەو بزووتنەوەیە ئەوانەن کە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا و بە پاڵپشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رووبەڕووی سوپای یەکێتیی سۆڤیەت بوونەوە. 
 
تاڵیبان لە ساڵی 1994 و وەک یەکێک لە گرووپەکانی نێو شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتە دەرکەوت و تاوەکو ساڵی 1996 بەشێکی زۆری وڵاتەکەی خستەژێر کۆنترۆڵیەوە. 
 
مەلا محەممەد عومەر، دامەزرێنەر و سەرکردەی باڵای بزووتنەوەکە بوو و دوای ساڵی 2001 دیارنەما، لە ساڵی 2013دا کوڕەکەی هەواڵی مردنی مەلا محەممەدی راگەیاند. 
 
ئەمانە ژمارەیەک لە سەرکردە دیارەکانی تاڵیبانن:
 
هەیبەتوڵڵا ئاخوونزادە
 
ئاخوونزادە زۆربەی فەتواکانی تاڵیبان دەدات و لە ماوەی 20 ساڵی رابردوویشدا هەر لە ئەفغانستان ماوەتەوە. ساڵی 2016 بووە کەسی یەکەمی گرووپەکە و نازناوی "ئەمیری موجاهید"ینیان پێ بەخشی. ئێستا کە تاڵیبان بەشی زۆری ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵکردووە، هەیبەتوڵڵا ئاخوونزادە وەک سەرۆکی دیفاکتۆری ئەفغانستان دادەنرێت، بەڵام نازانرێت دەبێتە سەرۆکی وڵات یان نا. 
 
مەلا محەممەد یەعقووب
 
کوڕی مەلا عومەری دامەزرێنەری تاڵیبانە، سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنە چەکدارییەکانی بزووتنەوەکە دەکات و لەنێو ئەفغانستانە. تەمەنی 31 ساڵە و لە ساڵی 2016دا کە ئەختەر مەنسوور کوژرا، بەربژێر بوو بۆ ئەوەی ببێتە کەسی یەکەمی بزووتنەوەکە، بەڵام خۆی رەتیکردەوە ئەو پۆستە وەربگرێت و گوتی، ئەزموونی کەمە و هەربۆیە پاڵپشتی لەوە کرد هەیبەتوڵڵا ئاخوونزادە ببێتە کەسی یەکەمی تاڵیبان. 
 
سیراجەدین حەقانی
 
کوڕی جەلالەدین حەقانییە و سەرۆکی تۆڕی حەقانییە. جەلالەدین حەقانی لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی کاریگەر لە شەڕی دژی یەکێتیی سۆڤیەت دەرکەوت. تۆڕی حەقانی بریتییە لە گرووپێک کە سەرپەرشتی کاروباری دارایی و سەربازیی تاڵیبان لە سنووری نێوان ئەفغانستان و پاکستان دەکات. سیراجەدین حەقانی لەنێو ئەفغانستاندایە، تەمەنی لە نێوان 40 تاوەکو 50 ساڵدایە. 
 
عەبدولغەنی بەرادەر
 
یەکێکە لە دامەزرێنەرانی تاڵیبان و سەرۆکی نووسینگەی سیاسیی بزووتنەوەکەیە. عەبدولغەنی بەرادەر جێگری مەلا محەممەد عومەر بوو، لە ساڵی 2010 لە لایەن تیمێكی هەواڵگریی پاکستانی و ئەمریکییەوە لە شاری کاراچی باشووری پاکستان دەستگیرکرا، بەڵام لە 2018 ئازادکرا. 
 
شێر محەممەد عەباس 
 
ساڵی 1963 لەدایکبووە، بڕوانامەی ماستەری لە زانستە سیاسییەکان هەیە، نزیکەی دەیەیەکە لە قەتەر دەژی و لە ساڵی 2015 بووە سەرۆکی نووسینگەی سیاسیی بزووتنەوەکە لەو وڵاتە. لە دانوستاندنەکانی نێوان تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان بەشداربووە و لە چەندین سەرداندا بۆ هەندێک وڵات نوێنەرایەتیی تاڵیبانی کردووە.
 
زیاتر بخوێنەوە

13:25

سەرۆککۆماری ئێران: شکستی ئەمریکا لە ئەفغانستان بکرێتە دەرفەتێک بۆ ئاشتەوایی

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی دۆخی نێوخۆی ئەفغانستان رایدەگەیێنێت، ئێران چاودێری رەوشی ئەو وڵاتە دەکات و پابەندیی پەیوەندیی دراوسێیەتی دەبن لەگەڵ ئەفغانستان.

سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی رایگەیاندووە، پێویستە "شکستی سەربازیی ئەمریکا"، کشانەوەی لە ئەفغانستان بکرێتە دەرفەتێک بۆ رەخساندنی ئاشتی و ئارامی.
زیاتر بخوێنەوە

12:58

رێکخراوێکی ئیتاڵی: 115 بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانەیەکی کابوول

چەند بریندارێکی ئەفغانی لە فڕۆکەخانەی کابوول
 
رێکخراوی ئێمرجنسیی ئیتاڵی کە لە ئەفغانستان نەخۆشخانە بەڕێوەدەبات لە تویتەر رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ 115 بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانە و سەرقاڵی ئامادەکردنی قەرەوێڵە و شوێنی نوێن بۆ بریندارانی دیکە.
 
زیاتر بخوێنەوە

12:00

چین: ئامادەین پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ تاڵیبان دروستبکەین


رووداو دیجیتاڵ

چین وەکو یەکەم وڵات رایدەگەیێنێت کە ئامادەیە پەیوەندییەکی دۆستانە لەگەڵ تاڵیبان پەرەپێبدات.
 
هوا چونینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە یەکەم کاردانەوەیدا لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان رایگەیاند، چین رێز لە بۆچوونی خەڵکی ئەفغانستان دەگرێت، هەروەها دەشڵێت، کشانەوەی ئەمریکا دوای 20 ساڵ لە ئەفغانستان "شکستێکی تەواو" بوو.
زیاتر بخوێنەوە

11:30

سعودیە، کۆریای باشوور، ئیمارات و نیوزلەندا باڵیۆزخانەکانیان لە ئەفغانستان دادەخەن

 
هەریەک لە وڵاتەکانی سعودیە، کۆریای باشوور، ئیمارات و نیوزلەندا باڵیۆزخانەکانیان لە ئەفغانستان دادەخەن و دیپلۆمات و ستافەکانیان لەو وڵاتە دەگوازنەوە.
 
کۆریای باشوور بەشێوەیەکی کاتی باڵیۆزخانەکەی لە کابوول دادەخات و سعودیەش ستافی باڵیۆزخانەکەی لە کابوول گەڕاندەوە وڵاتەکەی.
 
لەلایەکی دیکەوە، جاسیندا ئاردێرن، سەرۆکوەزیرانی نیوزلەندا دەڵێت، "ستافی باڵیۆزخانەکەمان لە کابوولەوە دەگوازینەوە."
 
هەروەها ئیماراتیش گەڕاندنەوەی دیپلۆماتەکانی بۆ وڵاتەکەی لە ئەفغانستان رادەگەیێنێت.
 
زیاتر بخوێنەوە

11:16

رووسیا: پلانمان بۆ چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکەمان لە کابوول نییە

باڵیۆزخانەی رووسیا لە کابوول
 
لە کاتێکدا وڵاتە رۆژئاواییەکان پەلە لە کشانەوەی دیپلۆمات و کارمەندانی باڵیۆزخانەکانیان لە کابوولی پایتەختی ئەفغانستان دەکەن، رووسیا دەڵێت، باڵیۆزخانەکەیان لە کابوول وەکو خۆی دەمێنێتەوە و ئەفغانستان جێناهێڵن. 
 
دیمیتری ژیرنۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە ئەفغانستان رۆژی یەکشەممە 15-8-2021 لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، ئەوان هیچ پلانێکیان بۆ چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکەیان لە کابوول نییە. 
 
ژیرنۆڤ بە میدیای فەرمیی رووسیای راگەیاند، ئەوان رێوشوێنی ئەمنیی باڵیۆزخانەکەیان لە کابوول تووند کردووە و لە "دۆخێکی ئارام و ئاساییدا" بەردەوام دەبن لە راپەڕاندنی کارەکانیان. 
 
هەروەها باسیشی لەوە کرد کە بزووتنەوەی تاڵیبان گەرەنتی پێداون هەموو باڵیۆزخانەکان، لە نێویشیاندا باڵیۆزخانەی رووسیا دەپارێزن. 
 
سوهەیل شاهین، گوتەبێژی تاڵیبانیش بە ئاژانسی هەواڵی تاسی رووسی گوتووە، ئەوان "پەیوەندیی باشیان" لەگەڵ رووسیا هەیە. 
 
دیمتری ژیرنۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە ئەفغانستان دەڵێت، "دەنگی تەقە لە شاری کابوول دەبیسترێت، چەکداری تاڵانکەر لێرە هەن. گوێمان لە دەنگۆ هەیە کە بۆنی سووتان دێت، بەڵام ناتوانین بڵێین دۆخەکە داڕوخاوە. لێرە بە نزیکەیی هەموو پێگەیشتوو و هەرزەکارەکان پێشتر چەکیان بەدەستەوە بوو، ئەو کاتیش سەلامەت نەبوو."
 
باڵیۆزی رووسیا لە ئەفغانستان ئاماژە بەوەش دەدات، "گرنگ ئەوەیە، تاڵیبان بەڵێنیان داوە؛ دەیانەوێت دەسەڵات ئاشتییانە دەستاودەست بکرێت. ئەوان گرەنتی پاراستنی هەموو باڵیۆزخانەکان دەدەن، لە نێویشیاندا باڵیۆزخانەی رووسیا."
زیاتر بخوێنەوە

11:13

لە فڕۆکەخانەی کابوول تەقە دەکرێت؛ 5 کوژراو هەن

قەرەباڵخیی لە فڕۆکەخانەی کابوول. وێنە: AFP

رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنجامی تەقەکردن لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کابوول، لانیکەم 5 کەس کوژران، بەڵام تاوەکو ئێستا زانیاریی ورد لەو بارەوە نییە. 
 
دوای ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان توانیی بەشێکی زۆری ئەفغانستان کۆنترۆڵ بکات و بەشێکی کابوولیش بخاتە ژێر کۆنترۆڵی، هەزاران ئەفغانی چوونە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کابوول بە ئومێدی ئەوەی بە فڕۆکە ئەو وڵاتە جێبهێڵن. 
 
سوپای ئەمریکا بەرپرسیارێتیی ئەمنیی فڕۆکەخانەکەی لەئەستۆ گرتووە بۆ ئەوەی پرۆسەی گواستنەوەی بیانییەکان و ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی ئەفغانی بەشێوەیەکی رێکوپێک و بێ کێشە بەڕێوەبچێت. 
 
بەرپرسێکی سەربازیی رۆژئاوایی رایگەیاند، شەوی یەکشەممە مارێنزەکانی سوپای ئەمریکا تەقەیان کردووە، ئەوەش کاتێك سەتان هاووڵاتی ئەفغانی هەوڵیانداوە بچنە نێو فڕۆکەیەکەوە. 
 
میدیای ئەمریکا دەڵێت، 5 کەس بە گوللە لە فڕۆکەخانەکە کوژراون، بەڵام تاوەکو ئێستا زانیاریی زیاتر لەو بارەوە بڵاونەکراوەتەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:45

کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دۆخی ئەفغانستان

چەند چەکدارێکی تاڵیبان لە پارێزگای لەغمان. وێنە: AFP
 
سەرکردەی وڵاتان بە پێشرەوییەکانی تاڵیبان لەنێو ئەفغانستان، بەتایبەتی چوونە نێو کابوول و هەڵاتنی سەرۆکی ئەو وڵاتە تووشی شۆک بوون.
 
سکۆت مۆریسن، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا دەڵێت، "بەتەواوی تووشی شۆک بووین بەو دۆخە، زۆر زۆر خراپە. ئەفغانستان بە دۆخێکی پڕ لە ئاڵنگارییدا تێدەپەڕێت، هەمیشە وابووە، ئەگەر سەیری مێژوو بکەی، ئەمە چیرۆکی ئەفغانستان بووە، شوێنێکی پڕ لە تراژیدییە. ئەفغانستان وڵاتێکە کە کاتێکی زۆرە بەو سەختی و کارەساتانەدا تێدەپەڕێت. بەداخەوە ئەم چیرۆکە بەردەوامە."
 
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆی بۆ دۆخی دوای تاڵیبان ئامادە دەکات، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتان کۆبوونەوە دەکەن بۆ بڕیاردان لەبارەی هەنگاوەکانیان بۆ ئەو دۆخە چاوەڕواننەکراوەی هاتووەتە بەردەمیان. ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و رۆژی هەینیش ناتۆ کۆدەبێتەوە. 
 
بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، "نامانەوێ هیچ لایەک دان بە تاڵیبان دابنێت. دەمانەوێت لەنێو خۆماندا هەڵوێستێکی هاوبەشمان هەبێت و ئەوەی لە تواناماندا بێت بیکەین بۆئەوەی رێگری بکەین لەوەی ئەفغانستان ببێتەوە زەمینەیەکی لەبار بۆ تیرۆر."
 
گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەفغانستان بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس؛ خەڵکێکی زۆر چاوەڕێی دەرفەتێک دەکەن لە رێگەی فڕۆکەوە بێت یان دەروازە سنوورییەکانەوە ئەو وڵاتە جێبهێڵێت. 
 
سەرۆککۆماری تورکیا داوا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات هاوکاربن بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ئەفغانستان. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، "چارەسەری ئەو کێشانەی کە ناوچەکەمان رووبەڕوویان دەبێتەوە، تەنیا بە پاڵپشتی پاکستان چارەسەردەبن. لەم چوارچێوەیەدا و سەبارەت بە دۆخی ئەفغانستان کە بەمدوایانە هەڵچوونی گرژی بەخۆیەوە بینیوە، ئەرکی گەورە لەسەر شانی پاکستانە."
 
زیاتر لە 60 وڵاتیش لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا داوای هێوربوونەوەی دۆخی ئەفغانستان دەکەن و دەڵێن، دەبێت رێگە بدرێت بیانییەکان و ئەو هاووڵاتییە ئەفغانییانەی کە خوازیارن، ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، بڕیارێکی دروستی داوە کە دوای 20 ساڵ لە شەڕ و پێکدادان و گیانلەدەستدانی زیاتر لە 2300 سەرباز، هێزەکانی لە ئەفغانستان دەکشێنێتەوە.
 
زیاتر بخوێنەوە

09:57

ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران: ئەوەی لە ئەفغانستان روودەدات ئەنجامی 20 ساڵ داگیرکاریی ئەمریکایە

عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران
 
عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران دەڵێت، ئەوەی لە ئەفغانستان روودەدات ئەنجامی 20 ساڵ داگیرکاریی ئەمریکا و دەسەڵاتیی ئەو وڵاتەیە لە ئەفغانستان.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 16-08-2021 عەلی شەمخانی لە تویتێکدا رەخنەی تووند لە ئەمریکا دەگرێت و پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئەفغانستان دەردەبڕێت و دەڵێت، ئێران هاوشێوەی 40 ساڵی رابردوو پشتیوانیی لە خەڵکی ئەفغانستان و خواستەکانی ئەوان دەکات.
 
زیاتر بخوێنەوە

08:51

بەردەوامیی پێشڕەوییەکانی تاڵیبان و کاردانەوەکانی کۆنترۆڵکردنی کابوول

قەرەباڵخیی لە فڕۆکەخانەی کابوول. وێنە: AFP

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ستافی باڵیۆزخانەکەیان لە ئەفغانستان بەتەواوی بۆ نێو فڕۆکەخانەی کابوول گوازراونەتەوە و لە لایەن سوپای ئەمریکاوە پارێزگارییان لێدەکرێت، گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبانیش دەڵێت، گەشتەکانی چوون و هاتن لە فڕۆکەخانەی کابوول بەردەوام دەبن و رێگەیان لێ ناگرن. 
 
دوای راگەیاندنی شکستی حکومەتی ئەفغانستان و سەرکەوتنی بزووتنەوەی تاڵیبان، هەزاران ئەفغانستانی چوونە فڕۆکەخانەی کابوول و چاوەڕێ دەکەن لە دەرفەتێکدا وڵاتەکە جێبهێڵن، هێزەکانی ئەمریکا ئەرکی پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەکەیان لە ئەستۆ گرتووە، هێزەکان بە تەقەی ئاسمانیی رێگرییان لە لێشاوی ئەفغانییەکان کرد، کە دەیانویست سەرکەونە سەر فڕۆکەیەکی سەربازی.
 
لەلایەکی دیکەشەوە زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، "ئێمە هەموو باڵیۆزخانە، نێردە دیپلۆماسییەکان، دامەزراوە و شوێنی نیشتەجێبوونی بیانییەکان لە کابوول دڵنیادەکەینەوە کە هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە."
 
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بڵاویکردەوە، ئەوان هاوکاری هەریەکە لە فەرەنسا، بەریتانیا، یەکێتیی ئەوروپا، کەنەدا، ئوسترالیا، نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا، ئەڵمانیا و میسر دەکەن بۆ ئەوەی نێردە دیپلۆماسییەکانیان لە ئەفغانستان بکشێننەوە. 
 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند، ژمارەیەک فڕۆکە رۆژی یەکشەممە 15-8-2021 لە فڕۆکەخانەی کابوولەوە دەگەنە ئیمارات و ژمارەیەکی دیکەشیان بەیانی دووشەممە دەگەنە وڵاتەکەی کەنداو. 
 
دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە بزووتنەوەی تاڵیبان دوایین دەروازەی سنووری ئەفغانستانی کۆنترۆڵکرد، فڕۆکەخانەی کابوول وەکو تاکە رێگەی دەرچوون لە وڵاتەکە مایەوە. لەگەڵ نزیکبوونەوەی چەکدارانی تاڵیبان لە کابوولی پایتەخت، کاژێر لە دوای کاژێر فڕۆکەخانەی کابوول قەرەباڵختر دەبوو.
 
 
 
زیاتر بخوێنەوە