نێردراوی رووداو لە بەرەی پێشەوەی جەنگی ئۆکراینا؛ 2 کاژێر خۆیان لە درۆنێکی رووسیا حەشاردەدەن

20-07-2023
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو لە بەرەی پێشەوەی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا
دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو لە بەرەی پێشەوەی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو لە ئۆکراینا رووماڵی شەڕ دەکات؛ دڵنیا رەحمان دەچێتە نێو ژوورێکی چاودێریی هێزەکانی ئۆکراینا کە لێیەوە درۆن هەڵدەدەن و چاودێریی بنکە سەربازییەکانی رووسیا دەکەن. تیمی تۆڕی میدیایی رووداو لە کاتی چوون بۆ بەرەی پێشەوەی شەڕ، درۆنێکی هێزەکانی رووسیا بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێتەوە و نزیکەی دوو کاژێر خۆیان حەشاردەدەن.
 
ئەفسەرێکی باڵای هێزەکانی ئۆکراینا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێرە ئەو خاڵەیە کە ئێمە کاتی هاویشتنی هاوەنەکان دیاری دەکەین، لێرەوە بە درۆن چاودێریی پێگە و جموجووڵەکان دەکەین و دوایی هێرش دەکەینە سەر پێگەی هێزەکانی رووسیا."
 
نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ نزیک دەبێتەوە و دەچێتە ئەو شوێنەی کە لێیەوە فەرمانی هێرشی پێچەوانە دەکرێت. فەرماندەیەکی هێزەکانی ئۆکراینا دەڵێت، بە هەموو جۆرە چەکێک بەتایبەتی درۆن و مووشەک شەڕ دەکەن.
 
پێترۆڤیچ، ئەفسەری باڵا لە بەشی چاودێریی هێزەکانی ئۆکراینا لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ دەڵێت، "بەشێک لە سەربازەکانمان لە خاڵی سفر شەڕ دەکەن و ئێمە لێرەوە پاڵپشتیی ئەوان دەکەین، هاوەنەکانمان لە شوێنێک جێگر کردووە کە پێگەی هێزەکانی رووسیا بکاتە ئامانج. رۆژانە ژمارەی سەربازانی دوژمن زیاد دەکات، بەڵام ئێمە هەموو بەرگرییەک دەکەین."
 
ئەفسەرێکی دیکەی هێزەکانی ئۆکراینا کە لە ساڵی 1985ـەوە لەنێو هێزەکانی یەکێتیی سۆڤییەت بووە و چوار مانگە لەم ئەرکە نوێیەی لە بەرەی پێشەوەی شەڕ جێگیر کراوە، دەڵێت، شەڕی ئێستا لەگەڵ هەموو شەڕەکانی دیکە زۆر جیاوازە و تەکنەلۆژیا و کەلوپەلی سەربازیی نوێ، ئاراستەی شەڕ دیاری دەکەن.
 
ماریۆپۆل، فەرماندە لە بەشی هاویشتنی هاوەن بە رووداوی گوت، "رووسیا بەشێک لە سەربازەکانی لە باخمووتەوە ناردووەتە ئەم زۆنە، نازانم پلانی ئەوان بۆ داهاتوو چییە، بەڵام ئەوان ئێستا هەنگاو بە هەنگاو بەشوێن زۆنە لاوازەکانی ئێمە دەگەڕێن تاوەکو بتوانن زیاتر بێنە پێشەوە."
 
نێردراوی رووداو زیاتر لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا نزیک دەبێتەوە؛ شەڕ بەردەوامە و درۆنی رووسیا بەردەوام بە ئاسمانی ئەو سنوورانەدا دەسووڕێنەوە و بۆردوومان دەکەن، هەر جموجووڵێکی سەربازانی ئۆکراینا یان تیمەکەی رووداو، دەبێتە ئامانجی درۆنی رووسیا لەو بەرەیەی شەڕ. 
 
ئەو زۆنەی بەرەی شەڕی ئۆکراینا و رووسیا نیو کاژێر لە زۆنی باخمووت و جەرگەی شەڕی هێزەکانی هەردوولاوە دوورە، بەڵام رووسیا دەیەوێت لە هەموو زۆنەکانی هەرێمی دۆنێتسک خاکی زیاتر کۆنترۆڵ بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە