رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هۆشداری بە کۆریای باشوور دەدات کە چەک بە ئۆکراینا نەدات؛ راشیگەیاند، بە دووری نابینێت مۆسکۆ چەک بە کۆریای باکووری نەیاری سیئۆل بدات.
لە سەردانێکیدا بۆ ڤیێتنام، ڤلادیمیر پووتین گوتی، مۆسکۆ دەتوانێت مووشەک بۆ کۆریای باکوور بنێرێت، ئەوەش لە بەرامبەر پێدانی چەک لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواوە بە ئۆکراینا.
پووتین گوتی: "ئەوانەی ئەم [چەکانە بۆ ئۆکراینا دەنێرن]، وادەزانن شەڕی ئێمە ناکەن، بەڵام من گوتوومە، لە پیۆنگیانگیش گوتم کە ئێمە مافی ئەوەمان هەیە چەک بە شوێنەکانی دیکەی جیهان بدەین. لەبەر ئەوەی رێککەوتنمان لەگەڵ کۆماری کۆریای گەلی دیموکرات هەیە، بە دووری نابینم [چەکی بۆ بنێرین]."
رۆژی پێنجشەممە، کۆریای باشوور پەیماننامەی نێوان رووسیا و کۆریای باکووری بە "نیگەرانییەکی گەورە" ناوبرد و بەرپرسێکی باڵای کۆریای باشووریش رایگەیاند، "چاوخشاندنەوە" بە سیاسەتی نەناردنی چەک بۆ ئۆکراینا دەکەن.
پووتین لەو بارەیەوە گوتی: "پێویست ناکات کۆریای باشوور نیگەرانی هیچ شتێک بێت"، بەڵام هۆشداریشی بە سیئۆل دا کە چەک بۆ کیێڤ نەنێرێت و گوتی: "ناردنی چەکی کوشندە بۆ گۆڕەپانەکانی جەنگ لە ئۆکراینا هەڵەیەکی زۆر گەورە دەبێت. هیوادارم ئەوە روونەدات، بەڵام ئەگەر رووبدات، بڕیارێک دەدەین کە رەنگە سەرکردایەتیی ئێستای کۆریای باشوور بەدڵی نەبێت."
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا قسەکەی پووتینی لەبارەی ئەگەری ناردنی چەک بۆ کۆریای باکوور بە "نیگەرانیی گەورە" ناوبرد.
لەم ساڵانەی دواییدا، فرۆشی سەربازیی کۆریای باشوور بە شێوەیەکی گەورە زیادیکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا سیاسەتی نەناردنی چەک بۆ ناوچەکانی جەنگ پەیڕەو دەکات و وێڕای داواکارییەکانی ئەمریکا و ئۆکراینا، دەستبەرداری نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ