تەرمی 12 کۆچبەری دیکەی بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی ئیتاڵیا دۆزرانەوە

20-06-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

تەرمی 12 کۆچبەری دیکەی ئەو بەلەمە دۆزرانەوە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر بە دەیان سەرنشینی کوردەوە لە نزیک ئیتاڵیا تێکشكا. 
 
پاسەوانی کەناروەکانی ئیتاڵیا رایگەیاند، تەرمەکانیان گواستووەتەوە بۆ بەندەرێکی هەرێمی کالابریای ئەو وڵاتە. 
 
بە گوتەی هێزە دەریاییە ئیتاڵییەکە، کۆی گشتیی ئەو تەرمانەی کە لە نزیک شوێنی تێکشکانی بەلەمەکە دۆزراونەتەوە، گەیشتە 20 تەرم. 
 
یازدە کۆچبەری بەلەمەکە رزگارکراون و هێشتا ژمارەیەکی زۆریان بێسەروشوێنن. 
 
بە گوتەی رزگاربووێک و دیپلۆماتێکی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا کە قسەیان بۆ رووداو کردووە، 76 کەس لە نێو بەلەمەکەدا بوون. 
 
پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیا رۆژی پێنجشەممە دوو کەشتیی دیکەشی خستنەگەڕ بۆ ئەوەی گەڕان بەدوایاندا فراوانتر بکات. 
 
چی روویدا؟
 
موژدە عومەر، هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان کە لە کارەساتەکە رزگاریبووە، رۆژی پێنجشەممە، لە نەخۆشخانەیەکی شاری سۆڤێراتۆی ئیتاڵیا بە زنار شینۆ، نێردراوی رووداوی گوت، بەلەمەکە رۆژی پێنجشەممە، 13ی حوزەیران لە شاری بۆردروومی ئیتاڵیا بەڕێکەوتبوو. 
 
رزگاربووێکی دیکەی رووداوەکە کە هاونیشتمانیی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بە ناوی روئیا محیەدین، بە نێردراوی رووداوی گوت: "سێ رۆژ و نیو لەنێو بەلەمەکەدا بووین و هیچ کێشەیەکمان نەبوو،" بەڵام دواتر وەک دوو رزگاربووەکە باسی دەکەن، کۆچبەرەکان برسی و تێنوو بوون. کاپتنی بەلەمەکە و چەند کۆچبەرێک هەوڵیانداوە لە پشتەوە سندووقی ئاو و خۆراک دەربێنن، لەو کاتەدا ماتۆری بەلەمەکە گڕیگرتووە و بەلەمەکە کونبووە. 
 
روئیا دەڵێت، کۆچبەران هەوڵیاندا ئاوەکە فڕێبدەنە دەرەوە، بەڵام نەیانتوانی، لە ئەنجامدا بەلەمەکە سەرەتا کەوتە سەر لا و خەڵکە شەکەت، برسی و تێنووەکە کەوتنە نێو دەریا، "نیوەیان هەر ئەو کات گیانیان لەدەستدا. 35-40 کەسیش خۆیان بە بەلەمەکەوە گرت تا راست بووەوە." واتە بەلەمەکە بە ماتۆڕی تێکشکاوەوە، سەرئەوکاتەوە. 
 
روئیا هەروەها دەڵێت: "ماوەی چوار رۆژ بێ خواردن و خواردنەوە ماینەوە،" تا ئەوکاتەی یەختێکی گەشتیاری فریای هاوارەکانیان کەوت. 
 
شوێنی تێکشکانی بەلەمەکە دەکەوێتە دووری 190 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی کالبریا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە