بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەوڵەمەندترین خێزانی بەریتانیا دادگایی دەکرێن

20-06-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەوڵەمەندترین خێزانی بەریتانیا بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، پێدانی تەنیا 8 دۆلار بە خزمەتکارەکان و دەستگرتن بەسەر پاسپۆرتەکانیان لە سویسرا دادگایی دەکرێن. داواکاری گشتیی دەڵێت، "پارەی سەگەکەیان زۆر لە پارەی خزمەتکارەکان زیاترە."
 
خێزانی هیندوجا خاوەنی نزیکەی 47 ملیار دۆلارن بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە دادگەیەکی شاری جنێڤ لە سویسرا رووبەڕووی دادگە دەکرێنەوە.
 
ئەو خێزانە زەنگینە ڤێلایەکیان لە گەڕەکی کۆلۆنی جنێڤ هەیە، بەوە تۆمەتبار کراون کە خزمەتکاریان لە هیندستانەوە هێناوە بۆ ئەوەی ئاگاداری منداڵ و ماڵەکەیان بن.
 
دەگوترێت کە پراکاش هیندوجا و کەمال هیندوجا لەگەڵ کوڕەکەیان ئەجای و بووکەکەیان نامراتا، دەستیان بەسەر پاسپۆرتی خزمەتکارەکاندا گرتووە و رۆژانە لە بەرامبەر 18 کاژێر کارکردن تەنیا 8 دۆلاریان پێداون.
 
ئەوەی کە وەک "بازرگانیکردن بە مرۆڤ" هەژمار دەکرێت ئەوەیە کە خێزانەکە تۆمەتبارن بەوەی دەستیان بەسەر پاسپۆرتی ئەو خزمەتکارانە گرتووە و بەبێ مۆڵەت بۆیان نەبووە بچنە دەرەوەی ماڵەکە.
 
یڤێس بێرتۆسا، یەکێکە لە داواکارە گشتییە زۆر بەناوبانگەکانی سویسرا، دەڵێت: "ساڵانە ئەو خێزانە 10 هەزار دۆلار لە سەگەکەیان خەرج دەکەن، ئەمەش زۆر زیاترە لەو پارەیەی بە خزمەتکارەکانیان داوە."
 
پارێزەرانی خێزانە دەوڵەمەندەکە تۆمەتی پارە کەمەکەیان رەتنەکردووەتەوە و دەڵێن: "خزمەتکارەکان شوێنیان بۆ دابینکراوە و نانیشیان پێدەدرێت."
 
یەکێکی دیکە لە تۆمەتەکان 18 کاژێر کارکردنە، بەڵام یەکێک لە پارێزەرەکان دەڵێت: "زۆربەی جار خزمەتکارەکە لەگەڵ منداڵەکانی ئەو خێزانە تەنیا سەیری فیلمیان کردووە و ئەمەش بە کار هەژمار ناکرێت."
 
دادگە هەندێک لە خزمەتکارەکانی پێشووتری ئەو خێزانەی وەک گەواهیدەر بانگکردووە و ئەوانیش گوتوویانە: "خێزانێکی دڵنەرمن و بە شکۆوە مامەڵەیان لەگەڵ کردووین."
 
خێزانی هیندوجا خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی هیندوجان Hinduja Group کە لە بوارەکانی ئۆتۆمبێل، نەوت، کیمیا، بانک، دارایی، ئاسایشی سایبەری، تەندروستی، بازرگانی، ژێرخان، پەرەپێدانی پڕۆژە، میدیا و خانووبەرە کار دەکات. خێزانەکە بە بەهای 100 ملیار دۆلار سامانیان لە هەموو جیهان هەیە و لە ساڵی 2022 خاوەنی 332 ملیار دۆلاری کاش بوون. گرووپەکە زیاتر لە 200 هەزار کارمەندی هەیە و بارەگای سەرەکیی کۆمپانیاکە لە شاری مومبایە لە هیندستان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە