رووداو دیجیتاڵ
جیهان بە گیانلەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران بەهۆی تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەیەوە تاسا. بەڵام لە نێوەڕاستی سەدەی رابردووەوە، مردنی سەرۆک، سەرۆکوەزیران و پاشاکان لە رووداوی فڕۆکەوانیدا شتێکی دەگمەن نەبووە، لە کاتێکدا زوو زوو فڕۆکە و هێلیکۆپتەر بۆ گەشتکردن بەکاردێنن، کە ئەوەش دەیانخاتە بەر مەترسیی رووداوی لەو شێوەیە.
لێرەدا باس لەو سەرکردانە دەکەین کە بە رووداوی هاوشێوە گیانیان لەدەستداوە.
سەرۆککۆماری پێشووی عێراق
عەبدولسلام عارف، دووەم سەرۆککۆماری عێراق بوو. شوباتی 1963 کە ئەوکات ئەفسەرێکی پلەباڵای سوپا بوو، کودەتای بەسەر عەبدولکەریم قاسم دا کرد و بووە سەرۆکی وڵات.
سێ ساڵ دواتر و لە رۆژی 13ـی نیسانی 1966 فڕۆکەکەی لە نزیک شەتولعەرەب کەوتە خوارەوە و لە تەمەنی 45 ساڵیدا گیانی لەدەستدا.
دوای گیانلەدەسدتدانی عەبدولسەلام عارف، عەبدولرەحمان عارفی برای، دەسەڵاتی گرتە دەست.
وەزیری بەرگریی عێراق
عەدنان خەیروڵڵا کوڕە خاڵی سەدام حوسێن و برای ساجیدە خەیروڵڵای هاوژینی سەدام بوو؛ پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سەدام هەبوو.
عەدنان خەیروڵڵا رۆڵێکی دیاری لە کودەتای 17ـی تەممووزی 1986ـی دژی حکومەتی عەبدولرەحمان عارف هەبوو کە حیزبی بەعس سەرکردایەتیی دەکرد. لە کاتی جەنگی عێراق-ئێران (1980-1988) کرایە وەزیری بەرگریی عێراق.
رۆژی 4ـی ئایاری 1989 هێلیکۆپتەرەکەی لە شاری مووسڵ کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
سەرۆکی فلیپین
رامۆن ماگسایسای، سەرۆکی فلیپین بە "پاڵەوانی گردبوونەوەکان" و "پارێزەری دیموکراسی" دادەنرا و یەکێک بوو لەوانەی کە زۆرترین جەماوەری لە فلیپین هەبوو.
بەهۆی ناوبانگی پاک و دانانی سیاسەتەکانی بە گوێرەی خواستی خەڵک، حکومەتەکەی متمانەی بەهێزی گەلەکەی بەدەستهێنابوو.
لە چەندین زانکۆی وڵاتەکەی گوتاری دەدا. لە 16ی ئاداری 1957 بڕوانامەی دکتۆرای فەخری پێدرا. رۆژی دواتر، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ مانێلا، فڕۆکەکەی لە شاخی مانوگال لە شاری سێبوی فلیپین تێکشکا. جگە لە سەرنشینێک، هەموو ئەوانەی دیکە، بە سەرۆکەوە، گیانیان لەدەستدا.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
داگ هەمەر شۆڵد، دووەم سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو. خەڵکی سوێد بوو. لەلایەن جۆن کەنەدی، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکاوە بە "گەورەترین سیاسەتڤانی سەدە" ناوبرابوو.
لە لووتکەی جەنگی سارددا، زیاتر ناسرا و بەهۆی لێهاتوویی لە ئابووری و کارگێڕیدا، بووە بەربژێرێکی سەرەکی بۆ سەرکردایەتیکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەربژێرێک کە بە لای ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەتیشەوە پەسند بوو.
هەروەها رۆڵێکی گرنگی بینی لە ناوبژیوانی لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، لە نێوان چین و ئەمریکا و هەروەها بۆ داماڵینی ئەفریقا لە داگیرکاری.
رۆڵگێڕانی لە قەیرانی کۆنگۆ، بووە هۆی گیانلەدەستدانی؛ لە 18ی ئەیلوولی 1961، بە فڕۆکە بەڕێکەوتبوو بۆ ئەوەی بەشداری لە دانوستاندنی ئاگربەستدا بکات، فڕۆکەکەی لە باکووری رۆدێسیا (زامبیای ئێستا) تێکشکا.
گومان و ناڕوونی لەسەر هۆکاری تێکشکانی فڕۆکەکەی هەیە. هەندێ لایەن دەڵێن بەهۆی هەڵەی فڕۆکەوانەکەوە بووە. بەڵام ئەمریکییەکان دەڵێن یەكێتیی سۆڤیەت ئەوی کوشت.
سەرۆکوەزیرانی لوبنان
رەشید کەرامی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان خاوەن ژمارەی پێوانەیی بوو لە هەڵبژاردنی وەک سەرۆکوەزیران؛ هەشت جار ئەو پۆستەی پێدرابوو. یەکێک بوو لە گرنگترین کەسایەتییەکانی سەدەی بیستەمی لوبنان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی.
ئەو لە کاتێکدا سەرکردایەتی لوبنانی دەکرد کە تێیدا گۆڕانێکی دیموگرافی گەورەی بەخۆیەوە بینی، کاتێک لە وڵاتێکی زۆرینە کرستیان گۆڕدرا بۆ زۆرینە موسڵمان.
کەرامی خەباتی دەکرد بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیێکی باشتر لە نێو حکومەتی لوبناندا بۆ موسڵمانان هەبێت. هەوڵی گەورەی لە پێناو عەرەبگەرایی (عروبە) و پرسی فەلەستین دەدا و رۆڵێکی دیاری لە جەنگی نێوخۆی لوبناندا گێڕا، تاوەکو لە دوای جەنگەکە لە ساڵی 1984 بە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە هەڵبژێردرا.
لە 1ی حوزەیرانی 1987، هێلیکۆپتەرەکەی بە بۆمبێکی چەسپکراو بە ئاسمانەوە تەقێنرایەوە و بووە هۆی کوژرانی. سەرکردەکەی گرووپی چەکداری مارۆنی، کە یەکێک بوو لەو گرووپە کرستیانانەی لە کاتی شەڕی نێوخۆدا لە دژی کەرامی شەڕی دەکرد، بە کوشتنی تۆمەتبار کرا.
سەرۆکی پاکستان
محەممەد زیائولحەق لە سەرکردەیەکی سەربازییەوە بووە سەرۆکی پاکستان. سەرسەختانە داکۆکیی لە پاکستانێکی ئیسلامی دەکرد.
زیائولحەق گوڕی بە هەوڵەکانی وڵاتەکەیدا بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم بۆ ئەوەی هاوسەنگیی ئەو هێزە بگۆڕێت کە هیندستان لە دوای جەنگی ساڵی 1971ی سەربەخۆیی بەنگلادش. لە 17ی ئابی 1988 لە ئەنجامی تێکشکانی فڕۆکەکەی لە پارێزگەی پونجاب گیانی لەدەستدا.
هەروەها چەند سەرکردەیەکی سەربازی و باڵیۆزی ئەمریکا بۆ پاکستان گیانیان لەدەستدا.
لە نێو پاکستان، یەکێتیی سۆڤیەت تۆمەتبارکرا بەوەی دەستی لە تێکشکانەدا هەبووە، لەبەر ئەوەی زیائولحەق پشتیوانی لە "موجاهیدەکانی" ئەفغانستان لە دژی داگیرکاری یەکێتیی سۆڤیەت بۆ سەر ئەفغانستان دەکرد.
سەرۆکی رواندا
جوڤێناڵ هابیاریمانا ناوێکی دیاری قۆناخی شەڕی نێوخۆی 1990 - 1994ی رواندا و جینۆسایدی دواترە.
هابیاریمانا لە ساڵی 1973 بووە سەرۆکی ئەو وڵاتە ئەفریقییە و زیاتر لە دوو دەیە لە دەسەڵاتدا مایەوە.
کە شەڕی نێوخۆ دەستیپێکرد، هابیاریمانا پەنای بردە بەر یارمەتیی دەرەکی بۆ ئەوەی وڵات لە ژێر چەپۆکی خۆیدا بهێڵێتەوە، بڕیارێک کە بە خراپی بەسەر خەڵکی سڤیلی رواندادا شکایەوە.
6ی نیسانی 1994، فڕۆکەکەی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کاگالی خرایە خوارەوە.
سایپریێن نتاریامیرا، سەرۆکی برووندیش لەگەڵیدا کوژرا.
پۆڵ کاگما، سەرۆکی ئێستای رواندا لە چەندین لاوە تۆمەتبارکراوە بەوەی لە پشت کوشتنییانەوە بووە، بەڵام کاگما دەڵێت، لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە کوژراوە.
سەرۆکی پۆڵەندا
10ی نیسانی 2010، لێخ کاچسینکی، سەرۆکی ئەوکاتی پۆڵەندا بە رێگەوە بوو بەرەو رووسیا بۆ ئەوەی بەشداری لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی کاتین، رووداوی کوشتنی 22 هەزار سەربازی پۆڵەندی لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە، بکات.
بەڵام هەر لەو گەشتەدا، فڕۆکەکەی لە نزیک ناوچەی سمۆلێنسک لە رووسیا تێكشکا و خۆی و 95 کەسی دیکە، واتە هەموو سەرنشینەکان، گیانیان لەدەستدا.
ڤیلادمیر پووتین، کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی رووسیا بوو، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا.
کاچسینکی لە ماوەی 5 ساڵی سەرۆکایەتییەکەیدا، رەخنەگرێکی تووند بوو دژی لەشکرکێشیی رووسیا بۆ سەر جۆرجیا.
رووسیا بە کوشتنی سەرۆکە پۆڵاندییەکە تۆمەتبارکرا. بەڵام مۆسکۆ تۆمەتەکەی رەتکردەوە.
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران
19ی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە نزیک سنووری ئازەربایجان تێکشکا. خۆی و وەزیری دەرەوە و چەند کەسێکی دیکە تێدا گیانیان لەدەستدا.
تاوەکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە دیار نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ