رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی نوێ دەریدەخات ژمارەی ئەو دەوڵەمەندانەی لە جیهاندا سامانەکەیان لە 30 ملیۆن دۆلار زیاترە بە رێژەی %3.8 کەمیکردووە، بەڵام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ژمارەکە بە رێژەی %16.9 بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، سعودیە و ئیمارات زۆرترین دەوڵەمەندیان تێدایە و تەنیا لە ئیمارات ئەو کەسانەی سامەنەکەیان زیاترە لە 30 ملیۆن دۆلار، ژمارەیان هەزار و 116 کەسە؛ ئەوە لە کاتێکدایە لە جیهاندا 579 هەزار و 625 کەس سامانەکەیان زیاترە لە 30 ملیۆن دۆلار.
راپۆرتەکە لەلایەن ئاژانسی Knight Frank ـەوە بڵاوکراوەتەوە، کە ئاژانسێکی تایبەتە بە راوێژکاریی خانووبەرە و لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە و ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵی رابردوو، وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆرترین ژمارەی ملیۆنێریان تێدا تۆمارکراوە کە سامانی هەریەکەیان بە زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، "دابەزینی بەهای پشکەکان لە جیهاندا بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەی دەوڵەمەندەکان لە جیهاندا کەم ببێتەوە."
ساڵی رابردوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، "ژمارەی ئەو کەسانەی کە سامانەکەیان لە سەرووی 30 ملیۆن دۆلارە بە رێژەی %16.9 زیادیکردووە و ئیماراتیش لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانە دێت، ژمارەی ئەو کەسانەی کە خاوەنی زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلارن لە ئیمارات هەزار و 116 کەسە."
لە سعودیەش ژمارەی ئەو کەسانەی کە خاوەنی زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلارن بە رێژەی %10.4 زیادیکردووە.
بۆچی رێژەکە لەو ناوچەیە زیادیکردووە؟
بەهۆی سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ئیمارات، شێوازی پێدانی ڤیزە و بازاڕی خانووبەرە لەو وڵاتە، ساڵی رابردوو، ژمارەیەکی زۆر لە ملیۆنێر روویان لەو وڵاتە کردووە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ملیۆنێرە رووسەکان بە مەبەستی پاراستنی سامانەکەیان؛ دەوڵەمەندەکانی دیکە کە لە رێوشوێنی توندی خۆپارێزیی دژی کۆرۆنای وڵاتانی ئاسیا رادەکەن و ملیۆنێرە هیندستانییەکان کە بۆ وەبەرهێنان بەدوای شوێنێکی دیکەدا دەگەڕین، روویان لە ئیمارات کردووە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە زۆرترین ملیۆنێر لەم وڵاتانەی خوارەوە.
ناوی وڵاتان بەرامبەر بە ژمارەی ئەو ملیۆنێرانەی تێیدا دەژین:
ئەمریکا: 203,338
چین: 88,024
ئەڵمانیا: 25,238
کەنەدا: 24,821
فەرەنسا: 23,768
ژاپۆن: 22,259
بەریتانیا: 21,342
ئوستراڵیا: 17,456
ئیتاڵیا: 16,490
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ