رووداو دیجیتاڵ
کەسایەتی و سیاسەتمەدار، باڵیۆزی وڵاتان لە عێراق و کونسوڵی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، لەرێگەی رووداوەوە پەیامی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز بۆ گەلی کورد دەنێرن.
باڵیۆزی ژاپۆن: لە ژاپۆنەوە پەیامی ئاشتیتان بۆ دەنێرم
فوتووشی ماتسوموتو، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە پەیامەکەیدا بەبۆنەی نەورۆز بە زمانی کوردی دەڵێ "ساڵی تازەی نەورۆزی کوردانتان پیرۆزبێت، هەموو ساڵێک بەخۆشی".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی دەڵێ "ئەمڕۆ دەمەوێ ئاهەنگی نەورۆز لە تۆکیۆی ژاپۆن بگێڕم. ئینجا بەیەکەوە لەگەڵ درەختی ساکولا، یاخود درەختی گێلاس لە ژاپۆن. دەمەوێ لە ژاپۆنەوە پەیامی ئاشتی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و عێراق بنێرم. زۆر سوپاس و ماڵئاوا".".
باڵیۆزی ئوسترالیا: بۆ نەورۆز دەچمە ئاکرێ
پۆلا گانلی، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق گوتی "من، زۆر دڵخۆشم و هیوام دەخواست ساڵی رابردوو لێرە بم، بەڵام نەمتوانی. ئێستا لێرەم و ئەم گوندە جوانە دەبینم بەڵام دەڕۆمە ئاکرێ و دەبمە بەشێک لەم گەشتە بۆ ئەوەی چێژ لە تەواوی ئەزموونی نەورۆزی کوردی ببینم. نەورۆزتان پیرۆز و سوپاس بۆ میواندۆستییە جوانەکەتان".
باڵیۆزی نەرویج: نەورۆزێکی خۆش بۆ هەمووتان
ئیسپین لیندبێک، باڵیۆزی نەرویج لە عێراق لە پەیامێکی کورتدا گوتی "هەستێکی زۆر خۆشم هەیە کە لێرەم. هیوای نەورۆزێکی خۆش بۆ هەمووتان دەخوازم، بۆ هەموو ئەوانەی لێرەن. سوپاس".
باڵیۆزی پاکستان لە عێراق: سوپاسگوزاری میواندۆستیتانین
ئەحمەد ئەمجەد، باڵیۆزی پاکستان لە عێراق لە پەیامەکەی بەبۆنەی نەورۆز لەرێگەی رووداوەوە دەڵێ "دەمەوێت پیرۆزبایی نەورۆز لە سەرکردایەتیی کوردستان و خەڵکی کوردستان بکەم. ئێمە زۆر سوپاسگوزارین بۆ میواندۆستیی، سەرۆک بارزانی، سەرۆکوەزیران بارزانی و سەرۆک نێچیرڤان کە میواندۆستییان نواندووە و هەموو باڵیۆزەکانیان بەم بۆنەیەوە میوانیکردووە. پیرۆزبایی پاکستان بە هەموو خوشک و برایانی کوردستان دەگەیێنین".
باڵیۆزی سوودان: هیوای بەردەوامی و پێشکەوتنتان بۆ دەخوازین
یەکێکی دیکە لە باڵیۆزەکانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز پەیامی هەیە، عەبدولرەحیم سرولخەتم عەبدولرەحمان، باڵیۆزی سوودانە لە عێراق کە دەڵێ "بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان. دڵخۆشین کە ئەمڕۆ بە سەردانێک لێرە لە هەولێرین. سوپاسی وەزارەتی دەرەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەم میواندارییە باش و میواندۆستییە. پیرۆزبایی لە هەموو گەلی کوردستان دەکەین بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز. هیوای بەردەوامبوونی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانییان بۆ دەخوازین."
کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا بە وەکالەت: نەورۆز بناخە بەهێزەکانی دیموکراسی بەبیر خەڵک دەهێنێتەوە
سڤین مۆسلەر، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا بە وەکالەت کە دووەمین نەورۆزە لە هەرێمی کوردستانە دەڵێ "21ـی ئەم مانگە کوردەکان دەست بە پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز دەکەن. من، ئەو بەختەم هەیە کە بۆ دووەمین جار ئەم جەژنە لە هەرێمی کوردستان پیرۆزبکەم و زۆر خۆشحاڵم، سەتان ساڵە کورد هاتنی بەهار پیرۆز دەکەن و بۆنەیەکی باشە بۆ خێزانەکان، دۆست و ناسیاوەکان تاوەکو لەگەڵ یەکدیدا کۆببنەوە، لەهەمان کاتیشدا ئەم پیرۆزکردنەی ساڵی نوێی کوردی بۆ پاراستنی شووناسی کورد گرنگە و هێمای ئاشتی و ئازادییە".
هەروەها گوتی "نەورۆز بناخە بەهێزەکانی دیموکراسی بەبیر خەڵک دەهێنێتەوە، کە بریتین لە مافی مرۆڤ و رێزگرتن لە یەکتر. لە وڵاتی من لە ئەڵمانیا ئاهەنگی نەورۆز نەریتێکی بەردەوامە لە نێو کورددا. ژمارەیەکی زۆر لە کورد لە هەموو جیهانەوە چوونەتە ئەڵمانیا بۆ ژیان و ئەوان بەشێکن لە کۆمەڵگەکەمان و دەوڵەمەندمان دەکەن. هیوادارم کورد لە هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا و هەموو جیهان جەژنی نەورۆزێکی خۆش بگێڕن. ساڵی نوێتان پیرۆز بێت".
کونسوڵی گشتی هۆڵەندا: ئومێدەوارم نەورۆز خۆرەتاوبێت تاوەکو خەڵک چێژی لێببینن
یاکۆ بیرێندز، کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەولێر لە پەیامەکەیدا گوتی "سڵاوتان لێبێت، هیوای ئاهەنگگێڕانێکی خۆشی نەورۆز بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەخوازم کە رۆژێکی زۆر گرنگە لە رۆژژمێردا. هیوای سەرەتایەکی نوێ و بەهارێکی نوێ بۆ خەڵکی کوردستان دەخوازم. ئەمە بەشێکی گرنگی ساڵەکەیە و بۆنەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەت بچیە دەرەوە، بچنە سەیران و چێژ لە سرووشتی جوان ببینی. دەمەوێت داوا لە خەڵکیش بکەم لەدوای خۆیان شوێنەکە پاکبکەنەوە بۆ ئەوەی ئەم سرووشتە جوانە بۆ نەوەی داهاتوو بپارێزین. لەگەڵ ئەوەشدا، هیوام وایە هەموو کەسێک چێژی لێببینێت و ئومێدەوارم رۆژەکە خۆرەتاو بێت و ئاهەنگگێڕانێکی جوانمان هەبێت. دەمەوێت لە کۆتاییدا بڵێم هەموو رۆژێکتان نەورۆز، نەورۆزتان پیرۆز سوپاس".
کونسوڵی گشتی هیندستان: کوردستانیش وەکو هیندستان کولتوورە جیاجیاکان لەخۆدەگرێت
سوبهاش چاندرا کەین، کونسوڵی گشتیی هیندستان باسی ئەوە دەکات هەرێمی کوردستان و هیندستان لە چ روویەکەوە لەیەکدەچن، هەروەها دەڵێ لە هیندستانیش، ئاهەنگی نەورۆز سازدەکرێت. ئەمە دەقی گوتەکانییەتی "هیوای نەورۆزێکی زۆر خۆش بۆ خەڵکی کوردستان دەخوازم. وەکو دەزانین، کوردستانیش وەکو هیندستان کولتوورە جیاجیاکان لەخۆدەگرێت. کولتوور، زمان و ئاینی جیاجیای تێدایە. ئەمە یەكێکە لە رووە لێکچووەکانمان. ئاهەنگی نەورۆز لە هیندستانیش سازدەکرێت. نەورۆز سەرەتایەکی نوێ لەگەڵ خۆی دێنێت و ئومێدەوارم ئەم سەرەتایە نوێیە، دەرفەتێکی زۆر و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بهێنێت. هیواداریشم پەیوەندیی نێوان هیندستان و هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاتنی نەورۆز بەشێوەیەکی بەهێزتر گەشەبکات".
کونسوڵی گشتیی یۆنان: هیوای ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی کورد دەخوازم
ستاڤرۆس کریمیس، کونسوڵی گشتیی یۆنان گوتی "دەمەوێت لەرێگەی دامەزراوەی پەخشی رووداوە بەبۆنەی ساڵی نوێی کوردی، هیوای ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی کورد بخوازم. ئێمە وەکو یۆنانییەکان باش لە مێژووی ئێوە شارەزاین. پەیامی پشت ئەمەش، بنچینەی فرە کولتووری، لێبوردەیی، فرەئایینی و فرەنەتەوەیە. شتێک کە دەمەوێت لەگەڵ ئێوەدا هاوبەشی پێبکەم ئەوەیە؛ هیوادارم کە داهاتووی هەرێمی کودستان و لە ساڵی داهاتوودا، زیاتر رەنگی ژنان هەبێت. چونکە بە بوونی ژنی زیاتر، هەرێمی کوردستان بە ئاشتییەوە بەهێزتر دەبێت. بە هیوای نەورۆزێکی خۆش. نەورۆزتان پیرۆزبێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ