ئەردۆغان: رێگەمان نەدا سەرۆکی ئیسرائیل ئاسمانیی وڵاتەکەمان بەکاربهێنێت

19-11-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لە دووەمین رۆژی کۆبوونەوەکانی لووتکەی گرووپی 20 لە بەرازیل، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد و رەخنەی تووندی لە ئیسرائیل گرت.
 
کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی ئەردۆغان رۆژی سێشەممە، 19-11-2024 بەڕێوەچوو و بەشی هەرەزۆری گوتەکانیشی تایبەت بوو بە شەڕی حەماس و سوپای ئیسرائیل. 
 
لە وەڵامی رۆژنامەڤانێکدا رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، "ئەگەرچی هەندێک لە پارتە سیاسییەکانی وڵاتەکەمان شتی نامۆ دەڵێن، بەڵام ئێمە پەیوەندیی بازرگانیمان بە تەواوی لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاندووە. ئێمە رێگەمان نەدا سەرۆکی ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئازەربایجان، کایەی ئاسمانیی تورکیا بەکاربهێنێت و پێمانگوت کە شوێنی دیکە هەیە پێیدا بڕوات".
 
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە تورکیا بە ناردنی 86 تۆن هاوکاری، یەکێکە لەو وڵاتانەیە زۆرترین هاوکاری بۆ فەلەستین ناردووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هەزار و 300 تۆن هاوکارییان بۆ لوبنانیش ناردووە.
 
ئەردۆغان باسی لە بوونی کێشە لە گەیشتنی کۆمەک و هاوکاریی مرۆیی کرد و گوتی، "حکومەتی ئیسرائیل، غەززەی کردووەتە گرتووخانەیەکی کراوە و بە رێگریکردن لە گەیشتنی کۆمەکی مرۆیی، تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات. هەر ئێمە نا، بەڵکو زۆر دامەزراوەی نێودەوڵەتیش ئەمە دەڵێن".
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی: "لە رێگەی ئەو تیرۆرەی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ناوچەکەمان بە پشتیوانیی هێزە رۆژئاواییەکان دەیکات، رۆژ دوای رۆژ خەرجیی کاولکارییەکەی زیاتر دەبێت. بە هەر هۆکارێک بێت، هەموو ئەوانەی بەرامبەر ئەو ستەمە زۆرە بێدەنگ دەبن، مێژوو لێیان خۆشنابێت".
 
سەبارەت بە دۆخی ئێستای غەززەش، ئەردۆغان رایگەیاند، زیاتر لە دوو ملیۆن غەززەیی دەستیان بە ئاو و خۆراکی تەندروست ناگات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە