سەرۆکی ئۆکراینا داوای بەهێزکردنی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ وڵاتەکەی دەکات

19-08-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئۆکراینا داوا لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان دەکات، "خێراتر چەک و پێداویستی"ی سەربازی بە سوپای ئۆکراینی بگەیێنن.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، "لە جەنگدا، هیچ پشوویەک نییە. پێویست بە بڕیاردان دەکات، چونکە کاتی ناردنی ئەو یارمەتییەیە کە پێشتر راگەیێندراوە. من بە تایبەتی ئەم داوایە لە ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا دەکەم."
 
سەرۆکی ئۆکراینا باسی لەوە کرد، ئامانج لەو هێرشەی لە 6ی ئابەوە لەنێو هەرێمی کورسکی رووسیا دەستیان پێکردووە، ئەوەیە کە ناوچەیەکی دابڕێنەر لەنێوان خۆیان و هێزەکانی رووسیا دا دروستبکەن، تاوەکو نەتوانن هێرش بکەنە سەر سنوورەکانی ئۆکراینا.
 
ئەوە یەکەمجار بوو سەرۆکی ئۆکراینا بە روونی باسی ئامانجی هێرشەکەیان بۆ نێو خاکی رووسیا بکات. پێشتر گوتبووی، دەیانەوێت بەو هێرشە ناوچەکانی هەرێمی سوومی-ی ئۆکراینا، کە دەکەوێتە سەر سنوور، لە تۆپبارانی رووسیا بپارێزین.
 
رۆژی یەکشەممە، ئۆکراینا پردێکی گرنگی لە نێو هەرێمە رووسییەکەدا تەقاندەوە بۆ ئەوەی رێگری لە گەیشتنی یارمەتیی لۆجستی و هێزی پشتیوانی بە سەربازانی رووسیا بکات.
 
لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، ئەم هێرشەی ئۆکراینا بە گەورەترین هێرشی سوپایەکی بیانی بۆ سەر خاکی رووسیا دادەنرێت.
 
رۆژی هەینی، ئۆکراینا رووخاندنی پردێکی دیکەی لە نێو هەرێمە رووسیەکەدا راگەیاندبوو. پردە رووخاوەکان دەکەونە سەر رووباری "سەیم" کە بە هەرێمەکەدا دەڕوات.
 
بەگوێرەی بلۆگەرە رووسییەکان، تێکدانی ئەو دوو پردە بژاردەکانی رووسیای بۆ پەڕینەوە لە رووبارەکە کەمکردووەتەوە.
 
مۆسکۆ پێشتر لە بارەی رووخاندنی پردی یەکەمەوە گوتبووی: بووەتە هۆی پەکخستنی گواستنەوەی خەڵکی سڤیل بۆ دەرەوەی ناوچەی شەڕ.
 
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، لەنزیک چەندین گوند، پاشەکشەی بە هێزەکانی ئۆکراینا کردووە. هەروەها رۆژی یەکشەممە، کۆنترۆڵکردنی گوندێکی لە سنووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا راگەیاند.
 
ئۆکراینا دەڵێت، زیاتر لە هەزار و 100 کیلۆمەتر دووجای لە خاکی رووسیا کۆنترۆڵ کردووە.
 
بە گوتەی بەرپرسانی رووسی، زیاتر لە 120 هەزار کەس لە شوێنەکانیان گوێزرانەوتەوە بۆ ناوچەکانی دوور لە شەڕ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە