وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و دارایی تورکیا گفتوگۆیان لەبارەی ئەوپەڕی گوشاری سەر ئێران کرد

دوێنێ کاژێر 11:40
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی گەنجینەی ئەمریکا، وەزیری دارایی تورکیا و گەنجینەی ئەمریکا کۆبوونەتەوە و باسیان لە ئابووریی تورکیا، سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار لەسەر ئێران، بەرنامەی مووشەکی بالیستی و هەڕەشەی ئەتۆمیی تاران کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە 19-03-2025 وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاویکردەوە "رۆژی دووشەممە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە و محەممەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا کۆبوونەوە."
 
بەگوێرەی گەنجینەی ئەمریکا، هەردوو وەزیر باسیان لە گۆڕانکارییەکانی ئابووریی تورکیا کرد. بێسێنت، شیمشەکی لە "پابەندبوونی ئیدارەکەی بە گەڕاندنەوەی ئەوپەڕی گوشار بۆ سەر ئێران ئاگادارکردەوە، ئەمەش بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە هەڕەشە ئەتۆمییەکەی، کەمکردنەوەی بەرنامەکانی مووشەکی بالیستی و وەستاندنی پشتگیرییەکانی بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان؛ هەروەها باسیان لە چەند پرسێکی ئابووری و ئاسایشی نەتەوەیی کرد، کە جێی بایەخی هەردوولا بوون."
 
لەوکاتەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار لەسەر ئێران جێبەجێ دەکات. لە دوو مانگی رابردوودا، ئیدارەی نوێی ئەمریکا زنجیرەیەک سزای بەسەر تاران دا سەپاند. 
 
لە بەرامبەردا حکومەتی ئێران رایگەیاند، رێگەکانی دەربازبوون لە سزاکان دەزانن و ناهێڵن هەناردەی نەوتی وڵاتەکە بگاتە سفر.
 
رۆژی دووشەممە، فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، "بە درێژایی ئەو ساڵانە ئەزموونی زیاترمان بەدەستهێناوە و لە ئەنجامدا رێگەکانی دەربازبوون لە سزاکان ئێستا زیادیکردووە." 
  
رۆژی پێنجشەممە 13-03-2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سزایان بەسەر موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران و سێ دامەزراوەدا سەپاندووە، سێ کەشتییان وەکو "موڵکی بلۆککراو" ناساندووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ "راگرتنی ئێران لە بەکارهێنانی قازانجی نەوت بۆ چالاکیی ناسەقامگیرکەر."
 
لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ـی لە دژی ئێران نوێکردەوە کە لە خولی یەکەم لە دژی بەکاریهێنابوو. 
 
لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا، ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە کە ساڵی 2015 لە نێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوادا واژۆکرابوو. بەپێی ئەو رێککەوتنە، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵوەشێنرابوونەوە و تارانیش بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار کردبوو.
 
لەم چەند مانگەی دواییدا، تاران دەستی بە هەوڵی دیپلۆماسی کردووە لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆ ئەوەی کێشە ئەتۆمییەکان چارەسەر بکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ساتی بۆردوومانەکە.

ڤیدیۆ.. لە کاتی رووماڵی رووداو، رووسیا بۆردوومانی ناوچەیەکی ئۆکراینا دەکات

لەوکاتەی دڵنیا رەحمان و کامێرامانەکەی، کە تیمی نێردراوی رووداون بۆ ئۆکراینا، لە سەنتەری شاری کراماتۆرسکی وڵاتەکە سەرقاڵی رووماڵن، سوپای رووسیا تەنیشتیان بۆردوومان دەکات.