وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی بەخشینی خەڵات خاچی شایستەی فیدراڵ بە دکتۆر ئیلهان بۆ رووداو دەدوێت

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا قسە بۆ رووداو دەکات
ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا قسە بۆ رووداو دەکات
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەک باڵاترین خەڵاتی فیدراڵیی ئەڵمانیای پێ بەخشرا و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، لە زۆر شوێنی ئەم جیهانەدا کەسانی وەک ئەو هاونیشتمانییە پێویستن بۆ چارەسەری ترۆما، تاوەکو کاریگەریی جینۆساید و تاوانەکان بۆ چەندین نەوە نەمێننەوە.
 
رۆژی هەینی 21-03-2025 ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە وەزارەتی دەرەوە لە بەرلین، باڵاترین خەڵاتی فیدراڵیی وڵاتەکەی بە هاونیشتمانییەکی خەڵکی باکووری کوردستان بەخشی.
 
دکتۆر ئیلهان کیزیڵهان، پسپۆڕی چارەسەری دەروونی، کە زیاتر لە 25 ساڵە لێکۆڵینەوە لەو بوارەدا دەکات و لە ماوەی شەڕی داعشدا یارمەتیی هەزاران کوردی ئێزیی داوە، خەڵاتەکەی پێ بەخشرا.
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شانازییەکی گەورەیە بۆ من کە دەتوانم ئەم خەڵاتە، خەڵاتی شانازیی ئەڵمانیای فیدراڵ بدەمە دکتۆر ئیلهان کیزیڵهان، چونکە ئەو بە کارەکەی نەوەک تەنیا بۆ هاوکاریی نێوان کولتوورەکان، نەوەک تەنیا بۆ ئەڵمانیا، بەڵکو بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش ئێجگار گرنگە."
 
دکتۆر ئیلهان کیزیڵهان لە ساڵی 2014 لەگەڵ تیمێک چووە هەرێمی کوردستان و یارمەتیی دەروونیی پێشکێش بەو کەسانە کردووە کە تووشی زەبری دەروونی هاتوون، بەتایبەت کوردانی ئێزدی. دواتر لە رێگەی هاوئاهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و ئەڵمانیا، هەزار و 100 کوردی ئێزدییان بردە ئەڵمانیا.
 
بێربۆک بە ئاڵا شاڵی گوت، "ئەو [دکتۆر ئیلهان] لە هەموو گەشتەکانمدا هاوگەشتمە. یەکەمجار لە گەشتێکی عێراقدا کە ئەو کات وەک ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵ چووم، یەکدیمان بینی. من لە ناوەندی ترۆمای ئەو لە دهۆک بووم و بینیم کە دەتوانرێت چی بکرێت دوای ترۆما، دوای جینۆساید، دوای ئەوەی کۆمەڵگایەک، کەسانێک بەتایبەتی ژنان رووبەڕووی دۆخێک دەبنەوە و چۆن دەتوانرێت پشتگیرییان بکرێت."
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمە نەوەک تەنیا هێز بە قوربانییەکان دەبەخشێت، بەڵکو هیوایە بۆ دیپلۆماسی؛ هیوایە بۆ ئاشتبوونەوە. لە زۆر جێگای پڕ لە قەیرانی ئەم جیهانەدا پێویستمان بە کاری دکتۆر ئیلهانە بۆ چارەسەری ترۆما بۆ ئەوەی جینۆساید و تاوانەکان بۆ چەندین نەوە نەمێننەوە. هەربۆیە شانازیەکی  گەورەیە، بەختێکی گەورەیە کە ئەو لە ئەڵمانیا چالاکە، بەڵام بێگومان لە عێراق و لە داهاتوویشدا هەروەها لە سوریا. ئەمە زۆر گرنگ دەبێت."
 
خەڵاتی شانازیی ئەڵمانیای فیدراڵ، لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کولتووری، هزری و بوارەکانی فەخری دەبەخشرێت. بۆ یەکەمجار لەلایەن تیۆدۆر هێوس، سەرۆکی ئەو کاتی ئەڵمانیا لە 1951 دامەزراوە. تاوەکو ئێستا 262 هەزار و 532 کەسی ئەڵمانی و بیانی لە ئەڵمانیا ئەو خەڵاتەیان پێبەخشراوە. 
 
دکتۆر ئیلهان دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا لە جیهاندا مرۆڤێکی زۆر دەکوژرێن؛ کەسانێکی زۆر هەن دۆخیان خراپە. ئەمە بیرخەرەوە و دەرفەتێکە کە ئێمە سەکۆیەک دروستبکەین، کاری زۆر بکەین بۆ ئەوەی ئاشتی هەبێت. ئەم خەڵاتە بۆ من هاندەرێکە کە بەردەوامی بە کاری خۆم لە بواری لێکۆڵینەوە، مرۆیی و دەروونی بدەم."
 
دەقی قسەکانی ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ رووداو:
 
شانازیەکی گەورەیە بۆ من کە دەتوانم ئەم خەڵاتە، شانازیی ئەڵمانیای فیدراڵ بدەمە دکتۆر ئیلهان کیزیلهان، چونکە ئەو بە کارەکەی نەوەک تەنیا بۆ هاوکاری نێوان کولتوورەکان، نەوەک تەنیا بۆ ئەڵمانیا، بەڵکو بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئێجگار گرنگە. ئەو لە هەموو گەشتەکانمدا هاوگەشتمە. یەکەمجار لە گەشتێکی عێراقدا کە ئەوکات وەک ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵ چووم، یەکدیمان بینی. من لە ناوەندی ترۆمای ئەو لە دهۆک بووم و بینیم کە دەتوانرێت چی بکرێت دوای ترۆما، دوای جینۆساید، دوای ئەوەی کۆمەڵگایەک، کەسانێک بەتایبەتی ژنان رووبەڕووی دۆخێک دەبنەوە و چۆن دەتوانرێت پشتگیرییان بکرێت. ئەمە نەوەک تەنیا هێز بە قوربانییەکان دەبەخشێت، بەڵکو هیوایە بۆ دیپلۆماسی؛ هیوایە بۆ ئاشتبوونەوە. لە زۆر جێگای پڕ لە قەیرانی ئەم جیهانەدا پێویستمان بە کاری دکتۆر ئیلهانە بۆ چارەسەری ترۆما بۆ ئەوەی جینۆساید و تاوانەکان بۆ چەندین نەوە نەمێننەوە. هەربۆیە شانازیەکی  گەورەیە، بەختێکی گەورەیە کە ئەو لە ئەڵمانیا چالاکە، بەڵام بێگومان لە عێراق و لە داهاتوویشدا هەروەها لە سوریا. ئەمە زۆر گرنگ دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی ئاهەنگە گەورەکەی نەورۆز لە کۆڵن

وێنە و ڤیدیۆ.. ئاهەنگی نەورۆز لە کۆڵن

ژمارەیەکی زۆر هونەرمەندی هەر چوار پارچەی کوردستان لە شاری کۆڵن دەچنە سەر ستەیج و گۆرانی بۆ بەشدارانی ئاهەنگەکە دەڵێن، لەوانە: شڤان پەروەر، هانی موجتەهیدی، ئەیوب عەلی و نازدار جزیری.