باڵاترین خەڵاتی حکومەتی ئەڵمانیا بە هاونیشتمانییەک دەدرێت

23 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
د. ئیلهان کیزیڵهان
د. ئیلهان کیزیڵهان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ دکتۆر ئیلهان کیزیڵهان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەرلین لە بەرامبەر 25 ساڵ کارکردن و خزمەت لەبوای چارەسەریی دەروونی، بە تایبەت چارەسەرکردنی دۆخی دەروونی کوردانی ئێزدی، باڵاترین خەڵاتی حکومەتی ئەڵمانیای پێبەخشرا. خەڵاتەکە ناوی (خاچی شایستەی فیدراڵ)ـە و لەلایەن ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پێشکێشرا.
 
دکتۆر ئیلهان بە رووداوی  گوت: "ئێستا لە جیهاندا مرۆڤێکی زۆر دەکوژرێن؛ کەسانێکی زۆر هەن دۆخیان خراپە. ئەمە بیرخەرەوە و دەرفەتێکە کە ئێمە سەکۆیەک دروستبکەین، کاری زۆر بکەین بۆ ئەوەی ئاشتی هەبێت. ئەم خەڵاتە بۆ من هاندەرێکە کە بەردەوامی بە کاری خۆم لە بواری لێکۆڵینەوە، مرۆیی و دەروونی بدەم."
 
دکتۆر ئیلهان گوتی، توانیویانە هەزار و 100 کوردی ئێزدی ببەنە ئەڵمانیا و لە هەرێمی کوردستانیش یارمەتی 12 بۆ 13 هەزار کەس بدەن کە تووشی زەبری دەروونی هاتبوون.
 
دوای بەخشینی خەڵاتەکەدا ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە زۆر جێگەی پڕ لە قەیرانی ئەم جیهانەدا پێویستمان بە کاری دکتۆر ئیلهانە بۆ چارەسەری زەبری دەروونی بۆ ئەوەی جینۆساید و تاوانەکان بۆ چەندین نەوە نەمێننەوە."
 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی ئاڵا شاڵی و د. ئیلهان کیزیڵهان
 
رووداو: کاتێك گوێم لە گوتارەکەت بوو، زۆر کاریگەر بووم. هەستێکی چۆن بوو؟ گوتت هەستێکی خۆشە و لە هەمان کاتیشدا بیر دەکەیتەوە لە جیهانێکی چەند خراپدا دەژین. هەستت چۆن بوو کە ئەم خەڵاتەت پێ بەخشرا؟

 

د. ئیلهان کیزیڵهان: بێگومان بۆ من هەستێکی زۆر تایبەت بوو، چونکە ئەمە گەورەترین خەڵاتە کە دەوڵەتی ئەڵمانیا بە لێکۆڵینڤانێکی کورد بیدات. لەلایەکی دیکەوە، ئەمە بیرخەرەوەیەکە کە هەروەک باش دەزانن، کێشە و شەڕی زۆر لە جیهاندا هەن. مرۆڤێکی زۆر دەکوژرێن؛ خەڵكێکی زۆر دۆخیان خراپە. ئەمە بیرخەرەوە و دەرفەتێکە کە ئێمە سەکۆیەک دروستبکەین، کاری زۆر بکەین بۆ ئەوەی ئاشتی هەبێت. ئەم خەڵاتە بۆمن هاندەرێکە کە بەردەوامی بە کاری خۆم لە بواری لێکۆڵینەوە، مرۆیی و دەروونی بدەم.
 
رووداو: ئێوە لێرە لە ئەڵمانیا لەدایکبوون؟
 
د. ئیلهان کیزیڵهان: من لە شارێکی نزیکی باتمان لە باکووری کوردستان لەدایکبووم. تەمەنم حەوت ساڵ بوو کاتێک دایک و باوکم هاتنە ئەڵمانیا. لێرە قوتابخانەم تەواوکرد، زانکۆم لە ئەڵمانیا و ئەمریکا خوێند. بە جیهاندا گەڕام و دواتر گەڕامەوە ئەڵمانیا و کوردستان.
 
رووداو: لەدوای هێرشەکانی داعش، جەنابت وەک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی، چوونەوە باشووری کوردستان و لەوێ چیتان کرد؟ بەکورتی بۆم باسبکەی، چەند ژن و کچی کوردی ئێزدیتان بۆ ئەڵمانیاوە بۆ چارەسەر هێنایە ئێرە؟
 
د. ئیلهان کیزیڵهان: دوای ئەوەی داعش چووە کوردستان، عێراق و سووریا، حکومەتی هەرێمی بادن ڤێرتمبێرگ کە هەرێمێکی ئەڵمانیایە ئەرکیان بە ئێمە سپارد و گوتیان، دەمانەوێت تیـمێک دروستبکەن، بڕۆنە کوردستان و عێراق، ئەوانە ببینن کەوتوونەتە دەست داعش و رزگاریان بووە، هەروەها تووشی زەبر و نەخۆشیی دەروونی بوون. سەیری دۆخی ئەوان بکەن و لەگەڵ تیمەکەتان بیانهێننە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی چارەسەری پزیشکیان بۆ بکەین. ساڵانی 2014 و 2015 هەموو کات لە کوردستان بووین، بۆ ماوەیەکی زۆر خەڵکێکی زۆر لە دەستی داعشدا بوون، رزگار نەببوون و ئاوارەببوون، رەوشێکی زۆر دژوار بوو، بەڵام بە هاوکاریی دەوڵەتی ئەڵمانیا و تیمێکی زۆر گەورە لە کوردستان و حکومەتی کوردستان توانیمان هەزار و 100 کەس بهێنینە ئەڵمانیا. ئێستا منداڵەکانی ئەوان لە قوتابخانە و زانکۆکان دەخوێنن و بوونەتە ئەندازیار. بۆ نموونە، کچانی وەک نادیە موراد خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە، سەرکەوتنی زۆر گەورە لەم پڕۆژەیە بەدەستهاتووە.
 
رووداو: تاوەکو ئێستا چەند کەس لەلایەن تیمەکەی ئێوەوە چارەسەری دەروونییان وەرگرتووە؟
 
د. ئیلهان کیزیڵهان: ئێستا لە ئەڵمانیا هەزار و 100 کەسن، دواتر پەنابەرێکی زۆری کورد و ئێزدی هاتوونەتە نەخۆشخانەکەمان. پزیشکمان هەن زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئەڵمانی و ئینگلیزی دەزانن و یارمەتییان دەدەن. لە زانکۆی دهۆک تیمێکمان هەیە و ناوەندێکمان بۆ چارەسەری دەروونی کردووەتەوە. هەزار و 800 خوێندکاری ئێمە ئەگەر هەڵە نەبم یارمەتیی نزیکەی 12 بۆ 13 هەزار کەسیان داوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی ئاهەنگە گەورەکەی نەورۆز لە کۆڵن

وێنە و ڤیدیۆ.. ئاهەنگی نەورۆز لە کۆڵن

ژمارەیەکی زۆر هونەرمەندی هەر چوار پارچەی کوردستان لە شاری کۆڵن دەچنە سەر ستەیج و گۆرانی بۆ بەشدارانی ئاهەنگەکە دەڵێن، لەوانە: شڤان پەروەر، هانی موجتەهیدی، ئەیوب عەلی و نازدار جزیری.