جیهان

175 سەربازی ئۆکراینی کە ئاڵای وڵاتەکەیان بەرزکردووەتەوە دوای ئەوەی لەلایەن رووسیاوە وەکو دیل ئاڵوگۆڕ کران، وێنە: AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
ئۆکراینا و رووسیا یەکدی تۆمەتبار دەکەن بەوەی رێزیان لە ئاگربەستی راگرتنی هێرش بۆ سەر کەرتی وزە نەگرتووە؛ ئەمەش دوای ئەوەی واشنتن و مۆسکۆ لەسەر راگرتنی ئەو جەنگە سێ ساڵییە قسەیانکرد.
رۆژی چوارشەممە (19-03-2025) وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا بڵاویکردەوە، شەوی پێشوو رووسیا بە درۆن و مووشەک هێرشیکردووە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا نووسیی "ئەمڕۆ، پووتین پێشنیازی ئاگربەستی تەواوەتیی رەتکردەوە."
بەگوێرەی بەرگریی ئۆکراینا، کەسێک کوژراوە و زیانی مادیش بە دوو نەخۆشخانە کەوتووە.
فەرمانگەی هێڵی ئاسنینی نیشتمانیی ئۆکراینا رایگەیاند، هێرشەکەی رووسیا ژێرخانی وزەی رێگەی شەمەندەفەر و رێگەی ئاسنینی هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسکی کردووەتە ئامانج، کە لە نێوەڕاستی ئۆکراینادایە.
فەرمانگەکە گوتی "دووژمن، ئاگربەستی لەبیرکردووە."
لەبەرامبەردا، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، ئۆکراینا "بە ئەنقەست" هێرشی کردووەتە سەر کۆگەیەکی نەوت لە باشووری وڵاتەکە، ئەوان ئامانجیان ئەوەبوو "کۆسپ" بخەنە بەردەم هەوڵەکانی ترەمپ بۆ راگرتنی جەنگ.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کریملین رایگەیاند، "ئەو هێرشانە لە دژی هەوڵە هاوبەشەکانماندایە."
رۆژی سێشممە (18-3-2025) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی 90 خولەکییان کرد، پووتین بە ئاگربەستێکی 30 رۆژە بۆ راگرتنی هێرش لەسەر کەرتی وزەی ئۆکراینا رازیبوو.
لەلایەکی دیکەوە، زیلینسکی رایگەیاند، کیێڤ بەو ئاگربەستە رازییە.
ئەمڕۆ زیلینسکی و ترەمپ بە تەلەفۆن قسەیانکرد.
هەرچەندە پێشتر زیلینسکی گوتبووی "هیچ سازشێک" بۆ رووسیا ناکەن، ئەمەش دوای ئەوەی پووتین لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لەگەڵ ترەمپ، داوایکرد لەماوەی ئاگربەستدا وڵاتانی رۆژئاوا یارمەتییەکانیان بۆ ئۆکراینا رابگرن.
پووتین بە ترەمپی گوت، بۆ ئەوەی ئاگربەست جێبەجێ بکرێت، پێویستە رێگە بە ئۆکراینا نەدرێت خۆی پڕچەک بکاتەوە و جووڵە بە سەرباز بکات.
کیێڤ گوتی، ئەم داواکارییە ئۆکراینا لاواز دەکات و ئەگەری هێرشەکانی رووسیا زیاتر دەکات.
'بۆ راگرتنی جەنگ ئامادەنییە'
هەرچەندە ئۆکراینا چاوی لە ئاگربەستێکی بەرفراوانتر بوو، بەڵام لە راگرتنی هێرش بۆ سەر کەرتی وزە کۆتایی پێهات.
ئەمڕۆ مۆسکۆ و کیێڤ 372 دیلی جەنگیان ئاڵگۆڕکرد، مۆسکۆ رایگەیاند، "ئەمە، ئاماژەی نیەتپاکییە."
پێشنیازەکانی ترەمپ بۆ پووتین، ترسی خستە دڵی هاوپەیمانەکانی ناتۆ لە ئەورووپا، دڵەڕاوکێیان بۆ دروستبوو لەوەی لەوانەیە چیدیکە واشنتن ئاسایشی ئەورووپای پێ گەرەنتی نەکرێت، ئەمەش وایکرد ئەورووپییەکان بکەونەخۆ تاوەکو پارەی زیاتر بۆ بەرگری تەرخان بکەن.
زیلینسکی تۆمەتی ئەوەی خستەپاڵ رووسیا "ئامادەنییە ئەم جەنگە رابگرێت" و ئۆکراینییەکانیش هەمان هەستیان هەیە.
ترەمپ کە دەڵێت "تێگەیشتن"ـی لەگەڵ پووتین هەیە، مانگی پێشوو هەموو جیهانی شۆكکرد، کاتێک گفتوگۆتی راستەوخۆی لەگەڵ رووسیا لەسەر پرسی جەنگ دەستپێکرد، رۆژئاوا لەوە دوودڵبوون کە لەوانەیە واشنتن داخوازییەکانی مۆسکۆ بەدیبهێنێت.
ترەمپ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بە "باش و بەرهەمدار" وەسفکرد.
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، کریملین گوتی "ئاگربەستی ژێرخانی وزە" بەڵام ترەمپ بە "ژێرخان و وزە" وەسفی کرد، لێکدانەوەی ئەمەش واتا هەموو ژێرخانە مەدەنییەکان نەوەک تەنیا چەند پێگەیەکی وزە و وێستگەی کارەبا و نەوت.
'پشتمان پێ ببەستن'
لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیووزی ئەمریکی، ترەمپ گوتی، گوشارکردن لە رووسیا بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستی یەکجارەکی قورسە، "چونکە ئێستا دۆخەکە زیاتر لە بەرژەوەندیی رووسیایە."
لەوکاتەوەی لە 2014 رووسیا نیمچە دوورگەی کریمیای بەخۆیەوە لکاندووە و لە 2022 جەنگی ئۆکراینا دەستیپێکردووە، مۆسکۆ تائێستا کۆنترۆڵی نزیکەی پێنجیەکی خاکی ئۆکراینای کردووە.
ئاماژەکانیش ئەوە دەردەخەن؛ پێدەچێت واشنتن داوا لە کیێڤ بکات سازش لەسەر خاکە کۆنترۆڵکراوەکەی بکات.
بەریتانیا و فەرەنسا ئامادەیی خۆیان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیێتییەک پیشانداوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ئاگربەستی ئۆکراینا بکەن.
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەڵێنیان دا هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ ئۆکراینا نەوەستێنن.
شۆڵتز گوتی: "ئۆکراینا دەتوانێت پشت بە ئێمە ببەستێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ