ئەردۆغان: کۆتاییهاتنی داگیرکاریی قەرەباخ هەلێکە بۆ ئاشتەوایی لە ناوچەکەدا

19-02-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ رایگەیاند، ئێستا دەرفەتێک بۆ ئاشتی لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا هەیە و ئەنقەرە شان بە شانی باکو هەنگاو دەنێت.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی دووشەممە، 19-2-2024، پێشوازیی لە ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان کرد و چەند رێککەوتنێکی لەگەڵدا واژۆکرد. دوای کۆبوونەوەی دووقۆڵیی هەردوو سەرۆککۆمار و شاندەکانیان لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئەنقەرە، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەش سازکرا.
 
ئەردۆغان خۆشحاڵیی نیشاندا بەوەی عەلیێڤ لە دوای پێنجەم جار بوونی بە سەرۆککۆماری ئازەربایجان، یەکەم سەردانی دەرەوەی وڵاتی بۆ تورکیا بووە.
 
سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە رێگریی لە شاندی ئازەربایجان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پەرلەمانتارانی ئەورووپا رایگەیاند: "تا ئەو کاتەی بڕیارەکە هەڵدەوەشێتەوە، بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی ئازەربایجان و دەستپێشخەرییەکانمان".
 
سەبارەت بە قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا-ئازەربایجان، ئەردۆغان گوتی: ''ساڵی رابردوو بۆ یەکەمجار ئاڵوگۆڕی بازرگانییمان گەیشتە 7.5 ملیار دۆلار. پێداگرین لەسەر هەوڵەکانمان بۆ گەیشتن بە ئامانج کە 15 ملیار دۆلارە".
 
رۆژی 19ـی ئەیلوولی2023، سوپای ئازەربایجان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی دژەتیرۆر" بۆسەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ راگەیاند کە بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە، "داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارە جوداخوازە ئەرمەنییەکانی" هەرێمەکە بووە.
 
لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە چەندین شەڕوپێکدادان لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر ئەو هەرێمە روویانداوە و هەزاران کوژراو و بریندار و ئاوارەی لە هەردوولا لێکەوتووەتەوە. دوایینیان لە ئەیلوولی 2020 بوو کە شەش هەفتەی خایاند و بە رێککەوتنێكی ئاگربەست بە نێوەندگیری رووسیا کۆتاییهات و هێزی ئاشتیخوازی رووسی بە ناوچەکەدا بڵاوکرایەوە.
 
هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ دەکەوێتە نێو سنووری ئازەربایجان و بە سوپای ئەو وڵاتە دەوردراوە و تەنیا رێگەیەکی بەرتەسکی شاخاوی هەیە بەناوی "رێڕەوی لاچین" کە هەرێمە  زۆرینە ئەرمەنییەکە بە وڵاتی ئەرمینیا دەبەستێتەوە.
 
ئازەربایجان بانگەشەی خاوەندارێتی دەکات و ئەرمینیاش کە هەرێمەکە بە "ئارتساخ" ناودەبات بە بەشێكی دانەبڕاوی خۆی دادەنێت.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە