رووداو دیجیتاڵ
ئەو کاتژمێرە سویسرییەی کە ئارنۆڵد شوارزێنگەری ئەستێرەی هۆڵیوودی لەگەڵ ئەڵمانیا خستە کێشەوە، بە 290 هەزار دۆلار فرۆشرا.
ئارنۆڵد شوارزێنگەر رۆژی چوارشەممە بۆ ماوەی سێ کاژێر لە فڕۆکەخانەی میونشن لە ئەڵمانیا راگیرا بەهۆی ئەوەی کە گومرکی ئەڵمانیای لە کاتژمێرە گرانبەهاکەی ئاگادارنەکردبووەوە.
دوای مشتومڕ و لێکۆڵینەوە و لێسەندنی هەزاران یۆرۆ وەک باج، دواجار رێگەیان بە شورازێنگەر دا بڕوات و کاتژمێرە دەستییەکەی لەگەڵ خۆی ببات.
ئەکتەرە بەناوبانگە ئەمریکییەکە کە ئێستا بووەتە چالاکڤانی بواری ژینگە، رۆژی پێنجشەممە، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا کاتژمێرەکەی فرۆشت بۆ ئەوەی پارەکەی بدات بە رێکخراوە خێرخوازییەکەی خۆی و لە خزمەتکردنی کەشوهەوا و ژینگەدا بەکاری بێنێت.
کاتژمێرەکە لە جۆری ئۆدیمارسە.
لەو ئێوارەخوانەی کە کاتژمێرەکەی تێدا فرۆشرا، شوارزێنگەر رووبەڕووبوونەوەی خۆی و پۆلیسی گومرکی فڕۆکەخانەی میونشنی بە "شێتانەترین ئەزموون" ناوبرد و بە تەنزەوە باسی لە ژنە پۆلیسێک کرد و گوتی، "هێندەی نەمابوو کەلەپچەم بکات".
رێکخراوەکەی بە ناوی "دەستپێشخەریی کەشوهەوای ئارنۆڵد شوارزێنگەرە".
شوارزێنگەری تەمەن 76 ساڵ، کە پێشتر حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا ئەمریکا بوو، ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی گەڕان بەنێوان وڵاتاندا، لە بەرامبەر دەربازکردنی کاتژمێرێکی لەو جۆرە، تەنیا 500 دۆلار دەدات.
ئێوارەخوانەکە لە هاوینەهەواری کیتزبوێل لە زنجیرە چیاکانی ئەڵپ لە نەمسا بە بەشداریی جۆن کێربی، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بەڕێوەچوو.
رێکخراوەکە رۆژی هەینی بڵاویکردەوە، "بەناوبانگترین کاتژمێری دەستیی جیهان بە 270 هەزار یۆرۆ فرۆشرا" کە دەکاتە 290 هەزار دۆلار.
رێکخراوەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "سەرکێشییەکەی ئارنۆڵد شوارزێنگەر لەگەڵ گومرک، کۆتاییەکی خۆشی هەبوو".
تۆماس مەیستەر، گوتەبێژی گومرکی ئەڵمانیا گوتی، پێویست بوو شوارزێنگەر پارەی گومرکی کاتژمێرەکە بدات لەبەرئەوەی ویستوویەتی لە سنووری یەکێتیی ئەوروپا بیفرۆشێت.
بەگوێرەی چاپەمەنیی ئەڵمانیا، ئەستێرەکە "چەندین هەزار یۆرۆ" باجی داوە تاوەکو رێگەی پێ بدرێت کاتژمێرەکە لەگەڵ خۆی ببات. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، کاتژمێرەکە تایبەت بە ئارنۆڵد دروستکرابوو.
لەو ئێوارەخوانەدا، بە گوتەی رێکخراوە خێرخوازییەکە، کۆی گشتیی 1.3 ملیۆن یۆرۆ کۆکرایەوە دوای ئەوەی کە ژمارەیەک تابلۆ، کاری هونەری و کەلوپەلی دیکەی تایبەتی شوارزێنگەر خرانە زیادکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ