میدیای ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی باڵاوە: بایدن کۆتایی هەفتە لە هەڵبژاردن دەکشێتەوە

18-07-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
میدیای ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی باڵای پارتی دیموکراتی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، لەژێر گوشاری ئەندامانی پارتەکەی و هاوڕێکانی، رازی دەبێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بکشێتەوە. 
 
جۆ بایدنی تەمەن 81 ساڵ، کە ئێستا بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا خۆی کەرەنتینکردووە، لە میدیاکان و بەرچاوی رای گشتی پێداگری لەسەر مانەوەی لە کێبڕکێی هەڵبژاردندا دەکات. بەڵام پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی دەڵێت، بەرپرسانی دیموکرات پێیان راگەیاندووە، بایدن بە نهێنی رازیبووە بکشێتەوە. 
 
پێگە ئەمریکییەکە باس لەوە دەکات، بەرپرسانی باڵای پارتەکەی بایدن، هەروەها هاوڕێ و ئەو لایەنانەشی یارمەتیی دارایی پێ دەبەخشن، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە بایدن ناتوانێت هەڵبژاردنەکە لە دۆناڵد ترەمپی کۆماری بباتەوە و ناشتوانێت تێڕوانینی رای گشتی بۆ توانا جەستەیی و هزرییەکانی بگۆڕێت. 
 
لە هەموو راپرسییەکاندا بایدن لە دوای ترەمپەوەیە
 
میدیا ئەمریکییەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەرپرسانی دیموکرات و کەسە نزیکەکانی بە بایدنیان راگەیاندووە، ئەگەر لە کێبڕکێکەدا بمێنێتەوە، ئەوا ترەمپ بە جیاوازیێکی گەورەوە هەڵبژاردنەکەی 5ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەباتەوە، بەوەش ئەو پێشینە سیاسییە "دەوڵەمەندەی" بایدن کە کۆیکردووەتەوە، بچووکدەبێتەوە. 
 
گوشاری سەر بایدن، بە تایبەتی لە چەند رۆژی رابردوودا، لەسەر بایدن زیادیکردووە و گەیشتووەتە ئاستێکی "لەتوانابەدەر"، ئەمە وەک میدیاکە دەڵێت. 
 
هاوڕێیەکی نزیکی بایدن بە ئەکسیۆسی گوتووە، "بڕیاری بایدن یەکێک دەبێت لە بڕیارەکانی قارەمانە مێژووییەکان. نزادەکەم کە کارە راستەکە بکات".
 
راپرسییەکی رۆژی چوارشەممەی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی پێشانیدا کە نزیکەی دوو لەسەر سێی دیموکراتەکان پێیان باشە بایدن لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی بکشێتەوە. 
 
بەگوێرەی ژمارەیەک سەرچاوەی میدیای ئەمریکی، ئەندامانی دیموکرات لە کۆنگرێس بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ گوشاریان خستووەتە سەر بایدن بۆ ئەوەی دەستبەرداری رکابەرییەکە بێت، چونکە پێیانوایە مانەوەی بایدن و دۆڕانی لە هەڵبژاردنەکە، وا دەکات پارتەکەیان لە کۆنگرێسیش ژمارەیەک کورسی لەدەستبدات. 
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، چەک شومەر، سەرکردەی زۆرینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران، رۆژی شەممە، واتە ئەو رۆژەی هەوڵی کوشتنی ترەمپ درا، بە بایدنی گوتبوو، باشترین رێگە ئەوەیە کە بکشێتەوە.
 
نانسی پێلۆسی، سەرۆکی پێشووتری ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە دەستێکی باڵای لە هەوڵەکانی دوورخستنەوەی بایدن لە رکابەرییەکەدا هەیە، بە سەرۆکی ئەمریکای گوتووە، مانەوەی لە هەڵبژاردندا وادەکات دیموکراتەکان نەتوانن زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستبێننەوە. ئەکسیۆس دەڵێت، پێلۆسی نیگەرانی کەمبوونەوەی یارمەتییە داراییەکانیشە. 
 
بەپێی هەمان میدیا، حەکیم جێفریز، سەرکردەی کەمینەی دیموکرات لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، هەمان پەیامی بە بایدن گەیاندووە.
 
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و هاوڕێی نزیکی بایدن، بێدەنگی پێشانداوە و پشتیوانی بۆ مانەوەی بایدن دەرنەبڕیوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە