رووداو لە بەرەکانی پێشەوەی هەرێمی دۆنێتسک رووماڵی جەنگ دەکات؛ چۆن بریندارەکان چارەسەر دەکرێن؟

18-07-2023
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
بنکەیەکی تەندروستی لە بەرەکانی شەڕ تایبەت بە چارەسەرکردنی سەربازە بریندارەکانی ئۆکراینا
بنکەیەکی تەندروستی لە بەرەکانی شەڕ تایبەت بە چارەسەرکردنی سەربازە بریندارەکانی ئۆکراینا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە ئۆکراینا تیمێکی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا رووماڵی شەڕەکە دەکات. لە کاتی رووماڵەکەدا کامێرای رووداو وێنەی چوار برینداری شەڕەکە دەگرێت کە مووشەک بەر شوێنە جیاوازەکانی جەستەیان کەوتووە و دۆخی تەندروستیی دووانیان ناجێگیرە.
 
دوای چارەسەری سەرەتایی، بریندارەکان رەوانەی نەخۆشانە کران. لە یەکێک لە بنکە تایبەتەکانی بەرەکانی پێشەوەی شەڕ، کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی سەرەتایی، 25 پزیشکی سەربازی کاردەکەن.
 
نەقیب ئۆلێکسی، بەرپرسی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی لیواکان باسی یەکێک لە بریندارەکان دەکات و دەڵێت، "بەهۆی تەقینەوە بریندار بووە و لە ئەنجامی ئەوەدا ساچمە بەر قاچی کەوتووە، هەروەها برینێکی قووڵ لەدەستی دروست بووە و یەک لە ئەنگوستەکانی پەڕیوە، ئێستا دۆخی جێگیرە، بەڵام خوێنی زۆری لەدەست داوە و ئێمە لێرە خوێنمان پێدا و دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە. ئەوەی کە لە ژووری سێیەمە ساچمەکە چووەتە ناو جەستەی و دۆخی باش نییە، دەبێت یەکسەر بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە".
 
لە یەکێک لە بەرەکانی دیکەی شەڕ، رووداو وێنەی دوو برینداری دیکە دەگرێت کە یەکێکیان ساچمە بەر قاچ و ئەوی دیکە بەردەستی کەوتووە. ڤۆڵۆدیمیری تەمەن 43 ساڵ، یەکێک لە بریندارەکانە و پێشتر لە کارگەیەکی دروستکردنی پرد کاری دەکرد، بەڵام دوو مانگە چووەتە ریزی هێزەکانی ئۆکراینا.
 
ڤۆلۆدیمیر لینسکۆ، سەربازی ئۆکراینی بە رووداوی گوت، "بۆردوومانێکی بەهێز بوو و، ساچمەیەک سەرەتا لە دارەکانی دا و دوایی بەشێکی بەردەستی من کەوت و بریندار بووم. من یەکسەر چوومەوە نێو ئەو چاڵەی کە بۆ پاراستنی خۆمان دروست مان کردووە و لەوێوە سەیرم دەکرد بزانم هێزەکانی رووسیا دێن یان نا!"
 
یەکێک لە بنکە تەندروستییەکان لە بەرەکانی پێشەوەی هەرێمی دۆنێتسک کە لەدوای کشانەوەی هێزەکانی رووسیا لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو دروستکراوە، دەرمان و پێداویستییەکانیان لە لایەن حکومەت و رێکخراوەکانەوە دابین دەکرێت و لە زۆربەی زۆنەکانی شەڕ بۆ چارەسەری خێرا، بنکەی لەو شێوەیە دانراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە