زانیاری لەبارەی ئەو پارچە شوێنەوارە عێراقییەی لە ئەمریکا درایەوە سوودانی

18-04-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
دیمەنی پەیکەرە شوێنەوارییەکە
دیمەنی پەیکەرە شوێنەوارییەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارچەیەکی شوێنەواریی عێراقی لە واشنتن بە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرای عێراق درایەوە. پارچە شوێنەوارییەکە پەیکەری پیاوێکی رووتی سۆمەرییە لە مس درووستکراوە، سندووقێکی لەسەر سەری هەڵگرتووە و مێژووەکەی بۆ 2900 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
 
پەیکەرەکە نزیکەی 70 ساڵە لە مۆزەخانەی 'مێترۆپۆلیتان' لە نیویۆرک هەڵگیراوە.
 
ئاندریا بەیەر، جێگری بەڕێوەبەری کۆکردنەوەی پارچە شوێنەوارییەکان لە مۆزەخانەکە دەڵێت، "مێترۆپۆلیتان دەستپێخەری کرد بۆ گەڕاندنەوەی پەیکەرەکە، دوای ئەوەی بەدواداچوونێکی لەسەر مێژووی خۆی کرد و دەرکەوت پەیکەرەکە مافی کۆماری عێراقە."
 
نازانرێت ئەم پەیکەرە چۆن لە عێراق چووەتە دەرەوە، بەڵام لە ساڵی 1955ـەوە مۆزەخانەی مێت کڕیوییەتی و سەرنجی گەشتیارانی پێ رادەکێشا.
 
بەم دواییانە گوشاری یاسایی، ئەکادیمی و میدیایی مۆزەخانەکەی ناچارکرد ژمارەیەک لە پارچە شوێنەواری وڵاتان بگەڕێنێتەوە، لەنێویاندا بۆ عێراق، میسر، تورکیا و ئیتاڵیا.
 
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای وەرگرتنەوەی پارچە شوێنەوارییەکە گوتی، "دەمەوێت بە ناوی گەل و حکومەتی عێراقەوە سوپاس و پێزانین بۆ مۆزەخانەی نیویۆرک دەربڕم کە کاری لەسەر گەڕاندنەوەی ئەم شوێنەوارە کردووە."
 
عێراق مێژوویێکی دێرین و دەوڵەمەندی هەیە، لەنێوان 2000 بۆ 5000 ساڵ لەمەوبەر شارستانییەتی سۆمەری، ئەکەدی، بابلی و ئاشوورییەکان بووە، بەڵام لەکاتی جەنگەکاندا بەردەوام پارچە شوێنەوارەکانی کراونەتە ئامانجی دزین و تاڵانکردن و وێرانکردن.
 
لە 2003 تاوەکو 2017 نزیکەی 120 هەزار پارچە شوێنەواری دزران، لە 2019ەوە عێراق توانیوییەتی نزیکەی 35 هەزار پارچەی شوێنەواری بگەڕێنێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو.

بەڕێوەبەری گشتیی رووداو: کەرکووک بە گێڕانەوەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەبێتە شاری پێکەوەژیانی راستەقینە

بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو داوا لە مەرجەعییەتی نەجەف دەکات کە بە بڕیارێکی ''هەقپەرستی'' کەرکووک بگەڕێننەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''کورد گەورەترین نەتەوەی جیهانە کە تاوەکو ئێستاش لەسەر خاکی هەزاران ساڵەی دەچەوسێندرێتەوە''.