رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ هەینی بە سەردانێكی یەک رۆژە دەگاتە ئەڵمانیا و لە شاری بەرلین لەگەڵ فرانک وۆڵتەر شتاینمایەر، سەرۆککۆمار و ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە.
سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا لە کاتێکدایە کە بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە گرژی لە نێوان تورکیا و وڵاتانی رۆژئاوادا هەیە و ئەم بابەتە یەکێک دەبێت لە تەوەری کۆبوونەکان.
تورکیا، ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا تۆمەتبار دەکات گوایە بێدەنگن بەرامبەر بە ئامانجکردنی خەڵکی سیڤلی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە. لەبەرامبەردا وڵاتانی رۆژئاوا رەخنە لە تورکیا دەگرن بەوەی بزووتنەوەی حەماس وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" ناناسێت.
بڕگەیەکی دیکەی کارنامەی کۆبوونەوەکانی ئەردۆغان لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەڵمانیا داهاتووی پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا دەبێت.
ئەم سەردانەی ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا لە دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ باسکرا، دواتر لە کاتی دیداری ئەردۆغان و شۆڵتز لە لوتکەی جی 20 لە مانگی ئەیلولدا یەکلایی بووەوە.
لە ماوەی پلاندانانی سەردانەکەدا پێشبینی کرابوو، کارنامەکە بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی تورکیا - ئەڵمانیا، کۆچ و هاوکاری ئابووری و ئایندەی پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا بێت.
پێش سەردانەکە ئەردۆغان و شۆڵتز لە لێدوانەکانیاندا بۆ رۆژنامەڤانان رایانگەیاندووە، هەڵوێستی جیاوازیان سەبارەت بە کێشەکان هەیە.
ئەردۆغان لە لێدوانەکەیدا بۆ رۆژنامەڤانان لە 11ـی ئەم مانگەدا رەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا گرت سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و گوتی، "ئاخۆ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیا چ جۆرە هەڵوێستێکیان هەیە؟ لە سەردانەکەمدا بۆ ئەڵمانیا ئەمە بەشێوەیەکی روونی دەبینین. بەڵام تائێستا هیچ روونییەک لە ئەواندا نییە".
ئەردۆغان هەروەها گوتی، "بۆ ئەوروپا زۆر گرنگە کە کێ یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات. ئێست ئەو رێبازەی لە یەکێتیی ئەوروپادا هەیە بەداخەوە لەگەڵ رێبازەکەماندا ناگونجێت، بەڵام پێموایە سەردانەکەی ئەڵمانیا زۆر شت ئاشکرا دەکات".
ئەردۆغان بە پێچەوانەی ئەوروپا، ئاماژە بەوە دەدات کە تورکیا حەماس وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" پێناسە ناکات، بەڵکو وەک رێکخراوێکی سیاسی دەبینێت کە "خەبات دەکات بۆ رزگاری گەل و خاکەکەی".
شۆڵتز لە سەرەتای هەفتەی رابردوودا، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاندا لە بارەی گوتەکانی ئەردۆغان دژ بە ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەدا، ئەو جۆرە رەخنانە بەرامبەر بە ئیسرائیل "ناماقوڵن" و جەختی کردەوە کە ئیسرائیل وەک وڵاتێکی دیموکراسی بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئاسایشی خۆی مسۆگەر دەکات.
ئەردۆغان بەنیاز بوو سەردانەکەی بۆ ئەڵمانیا تاوەکو 18ـی ئەم مانگه درێژ بکاتەوە و تەماشای یاریی دۆستانەی نێوان تورکیا و ئەڵمانیا بکات، بەڵام بەهۆی پێشهاتەکانی ئەمدواییە بڕیاردرا سەردانەکە کورت بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ