ستیفان دووجاریک بۆ رووداو: پێشوازیی لە رێککەوتنی حکومەتی سووریا و هەسەدە دەکەین

13-03-2025
تەنیا ئەحمەد
ستیفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ستیفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی گوت، ئەوان پێشوازیی لە رێککەوتنەکەی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع دەکەن، هیوای خواست رێککەوتنەکە رێگەخۆشکەر بێت بۆ دەستووری نوێ و هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە.
 
رۆژی چوارشەممە 12-03-2025 ستیفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. بە سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداوی لە نیویۆرک گوت: "پێشوازی لەو رێککەوتنە دەکەین کە لەلایەن سەرکردایەتیی دەسەڵاتیی کاتیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رۆژی دووشەممە 10ـی ئادار واژۆکرا."
 
دووجاریک هەروەها گوتی: "گیەر پێدەرسن، نێردەی تایبەتمان بۆ سووریا هیوادارە ئەو رێککەوتنە پاڵپشتی لە قۆناخێکی راگوزەری گشتگیر و متمانەپێکراو بکات، کە هاوشانی بنەما سەرەکییەکانی پەیماننامەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایش بێت، کە رێگەخۆشکەر بێت بۆ دەستوورێکی نوێ و هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە."
 
رۆژی دووشەممە 10-03-2025 مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا رێککەوتنێکیان واژۆ کرد. رێککەوتنەکە لە 8 خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.
 
دووجاریک گوتی: "بەڕێز پێدەرسن چالاکانە هانی رۆڵگێڕە نێودەوڵەتییە گرنگەکان دەدات، لەوانەش ئەمریکا و تورکیا و هاوبەشە ناوچەییەکان، پشتگیریی لە سووریا بکەن؛ لەوانەش پشتگیریی لە ئاگربەستێکی نیشتمانی لە سەرانسەری سووریا کە لە رێککەوتنی ئاشتی و سەقامگیری دڵنیابێتەوە، بۆ ئەوەی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەرقەرار بێت."
 
لە رێککەوتنەکە دا هاتووە، "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات."
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەموو دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە دەروازە سنوورییەکان و گێڵگە نەوتی و گازییەکان تێکەڵی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن.
 
هاوکات، رێککەوتنەکە هەموو جۆرە بانگەشەیەک بۆ دابەشکردنی سووریا و پێدانی ماف لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە رەتدەکاتەوە.
 
گوتەبێژی سکرتێری گشتی رایگەیاند، "لە سووریا، هاوشێوەی شوێنەکانی دیکەی جیهان کە ململانێی تێدایە، چەندین وڵاتی رۆڵگێڕی دەرەکی هەن. زۆر گرنگە کە هەموو ئەو وڵاتانە کاریگەرییان بەسەر لایەنەکانەوە هەبێت. ئەو کاریگەرییە لە سوودی خەڵکی ئەو وڵاتە بەکاربهێنن. هیوادارین کە ئەوە رووبدات."
 
دەقی قسەکانی ستیفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان:
 
ئێمە پێشوازی لەو رێککەوتنە دەکەین کە لەلایەن سەرکردایەتیی دەسەڵاتیی کاتیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رۆژی دووشەممە 10ـی ئادار واژۆکرا. گییەر پێدەرسن، نێردەی تایبەتمان بۆ سووریا هیوادارە ئەو رێککەوتنە پاڵپشتی لە قۆناخێکی راگوزەری گشتگیر و متمانەپێکراو بکات، کە هاوشانی بنەما سەرەکییەکانی پەیماننامەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایش بێت، کە رێگەخۆشکەر بێت بۆ دەستوورێکی نوێ و هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە. بەڕێز پێدەرسن چالاکانە هانی رۆڵگێڕە نێودەوڵەتییە گرنگەکان دەدات، لەوانەش ئەمریکا و تورکیا و هاوبەشە ناوچەییەکان، پشتگیریی لە سووریا بکەن؛ لەوانەش پشتگیریی لە ئاگربەستێکی نیشتمانی لە سەرانسەری سووریا کە لە رێککەوتنی ئاشتی و سەقامگیری دڵنیابێتەوە، بۆ ئەوەی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەرقەرار بێت.
 
 بەڕێز پێدەرسن و نوێنەرەکانی لەگەڵ هەموو لایەنە گرنگەکان کۆبوونەتەوە و کۆدەبنەوە. ئەوەی کە گرنگە، لە سووریا، هاوشێوەی شوێنەکانی دیکەی جیهان کە ململانێی تێدایە، چەندین وڵاتی رۆڵگێڕی دەرەکی هەن. زۆر گرنگە کە هەموو ئەو وڵاتانە کاریگەرییان بەسەر لایەنەکانەوە هەبێت. ئەو کاریگەرییە لە سوودی خەڵکی ئەو وڵاتە بەکاربهێنن. هیوادارین کە ئەوە رووبدات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا. وێنە: Reuters

ترەمپ و پووتین بە تەلەفۆن لەسەر ئاگربەستی ئۆکراینا قسەیان کرد

کۆشکی سپی دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین بە تەلەفۆن لەسەر ئاگربەستی ئۆکراینا قسەیان کرد و "پەیوەندییەکە ئەرێنی" بووە.