prev
next
رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دەسەڵاتی کاتیی دیمەشق دەکات و بە 'هەنگاوێکی گرنگ' بۆ سووریایەکی یەکگرتوو وەسفی دەکات.
رۆژی سێشەممە 11ی ئاداری 2025 ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "چوونی کوردەکانی سووریا و هێزەکانیان بۆ نێو دامەزراوەکانی دەوڵەت هەنگاوێکی گرنگە بەرەو سووریایەکی یەکگرتوو و، بەشداری سیاسیی هەموو گرووپەکانی دانیشتووان."
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، "ئێمە لە هەفتەکانی رابردوودا لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەسەر ئەمە [رێککەوتنەکە] کارمان کردووە."
لەبارەی گرژییەکانی ئەم دواییانەی ناوچە کەناراوییەکانی سووریا، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، "هەموو رۆژێک دەبینین لە سووریا چی لە مەترسیدایە. کوشتنی ئامانجداری سەتان هاووڵاتی سیڤیل تاوانێکە دەبێت بەتەواوەتی لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت."
هەروەها دەشڵێت، "تەنیا ئەو کاتە ئاشتی لە سووریا بەرقەرار دەبێت کە هەموو سووریاییەکان بە یەکسانی و لە ئاسایشدا بژین."
رۆژی 10ی ئەم مانگە، مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا رێککەوتنێکیان واژۆ کرد. رێککەوتنەکە لە 8 خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.
لە رێککەوتنەکە دا هاتووە، "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات."
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەموو دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە دەروازە سنوورییەکان و گێڵگە نەوتی و گازییەکان تێکەڵی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن.
هاوکات، رێککەوتنەکە هەموو جۆرە بانگەشەیەک بۆ دابەشکردنی سووریا و پێدانی ماف لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە رەتدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ